كێ موشتەری ووتاری هەژارییە لەلایەن كاندیدەكانەوە؟
بەشێوەیەكی فەرمی حزبەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان كرد بە ئەنجامدانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و بڵاو كردنەوەی فلێكس و هەڵواسینی پۆستەراتی هەڵبژاردن، كاندیدەكان و لایەنگرانی حیزبەكانی لە كاتژمێرەكانی سەرەتای بانگەشەوە لە نیوەشەودا، رژانە ناو شەقامەكان و لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان نمایشی خۆیان كرد،
ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەدا سەرنج رادەكێشێت پەیامی هەندێك لە كاندیدەكانە كە باس لە هەژاری خۆیان دەكەن و كار لەسەر جوڵاندنی سۆزی خەڵك دەكەن لەڕێگەی بەهەژار نیشاندانی خۆیانەوە.
ئارام جەمال وەك بەرێوەبەری پەیمانگی كوردی بۆ هەڵبژاردنەكان ووتی”بەرزكردنەوەی ووتاری هەژاری و خۆ بەهەژار لەقەڵەم دان لەلایەن كاندیدەكانەوە بۆ جوڵاندنی لایەنی سۆزداری هاوڵاتیان و درووستكردنی كۆنتاكتە لەنێوان كاندید و هاوڵاتیاندا، چونكە رێگەیەكی ئاسانە بۆ درووستكردنی پردی پەیوەندی لەنێوان هاوڵاتی و كاندیدەكان. كە ووتاری هەژاری دەجوڵێنرێ سوودی زۆری بۆ كاندیدەكان دەبێ چونكە لەو رێگەیەوە زۆرتر دەنگ بەدەست دەهێنن و كاندیدەكان بەم ووتارە دەتوانن كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دابنێن”.
هەروەها ئارام جەمال كەلەهەمان كاتدا شارەزایەكی بواری هەڵبژاردنەكانە، باس لەوە دەكات كە ووتاری هەژاری لەكۆمەڵگەی كوردیدا تارادەیەك موشتەری خۆی هەیە بەتایبەت لەدوای ساڵی 2014 كە خەڵك رووبەرووی قەیران و برسێتی كرایەوە”.
كاندیدەكان دەزانن لەئێستادا هاوڵاتیان لە بێ مووچەیی و قەیرانێكی دارایی درووستكراو قوڵدا دەژین، بۆیە دەیانەوێ خاڵی لاوازی هاوڵاتیان بوروژێنن تاكو چەند دەنگێكی پێ بەدەست بهێنن.
ئارام جەمال دەڵێت” ووتاری هەژاری تەنها بۆ نمایش و خۆدەرخستنە چونكە كاندیدەكان ناتوانن ئەمە جی بەجێ بكەن كە هەژاری ناهێڵن لەبەر ئەوەی هەژاری و نەهێشتنی هەژاری لەبری درووشم، كردارە و دەبێـت كاندید بەكردار لەگەڵ هەژاراندا بێـت نەك بە گوفتار و دواتر كە دەچێتە پەرلەمان بەكردار بۆ هەژاران تێكۆشێت”ئارام جەمال ئاماژە بەوە دەكات لەماوەی رابردوودا ئەوانەی كە ئەم درووشمەیان بەرز كردووەتەوە نەیانتوانیوە لەگەڵ درووشمەكەیان راستگۆ بن چونكە قوورس بووە بەلایانەوە وەك هەژاران بژین، بۆیە لەبری بەرزكردنەوەی درووشمی هەژاری و وروژاندنی گووتاری هەژاری لەلایەن كاندیدەكانەوە با ووتاری دیكەی عەقڵانی وەك چارەسەكردنی كێشەی بودجە لەنێوان هەرێم و بەغدا و ئاشكراكردنی داهاتەكانی نەوت و خاڵە سنوورییەكان و چەند وتارێكی دیكە كە راستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی هاوڵاتیانەوە بێت و جێ بەجێكردنیشیان مەحاڵ نەبێت.
هەروەها هونەر جەمال وەك رۆژنامەنووس و شارەزا لە بواری ریكلامی هەڵبژاردن، بەهەمان شێوەی ئارام جەمال پێی وایە كاركردن لەسەر درووشمی هەژاری بۆ جوڵاندنی هەستی سۆزداری هەژاری هاوڵاتیانە و بۆ كۆكردنەوەی دەنگە، كاندیدەكان دەیانەوێ بەخەڵك بڵێن ئێمە بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن ناچین بۆ بەغدا و ئەو قسەیە رتبكەنەوە كە رۆشتن بۆ پەرلەمان بۆ خۆ دەوڵەمەندكردنە.
جەمال پێشی وایە ” كاندیدەكان كاتێك دەڵێن ئێمەش لەرابردوودا هەژار بووین و بە فەقیری هێناومانە بۆ ئەوەیە ئەستۆپاكی خۆیان دەرببرن و مەلەفی خۆیان تێكەڵاو نەكەن بە مەلەفی دەوڵەمەند و گەندەڵەكان كە لە 27 ساڵی رابردووی حكومەتداری كوردیدا چۆن هەژاریان بەرهەم هێناوە.
بەڵام ئەو رۆژنامەنووسە پێی وایە ئەگەر زۆر ورد بینەوە لەرابردوودا ئەوانەش كە ئێستە وتاری هەژاری دەجوڵێن خۆشیان بەشێك بوون لە هۆكارەكانی درووستكردنی كۆمەڵگەیەكی هەژار و درووستكردنی چینایەتی لەنێو هاوڵاتیاندا. چونكە چەندێك بۆ خۆیان كۆشاون نیو هێندە بۆ خەڵك ماندوو نەبوون و زۆرتر بیریان لای خۆیان بووە نەك هاوڵاتیانی فەقیرو هەژار، بۆیە لەگەڵ دروشمەكەیاندا راستگۆ نەبوون.
ئەو شارەزاییەی بواری ریكلامكردنی هەڵبژاردنەكان ئاماژە بەوە دەكات لەرابردوودا هێندە درووشمی بێ كردار بەرز كرانەوە ئێستە خەڵكی بروای بە هیچ بەڵێنێك نەماوە، ناچار هەندێك درووشمی ئەوە بەرز بكەنەوە كە گوایا ئەوانیش تاقی بكرێنەوە لەكاتێكدا ئەمە ئەوپەری عەیبەیە بەهاوڵاتی بڵێیت ئێمەش تاقی بكەنەوە ئەگەر سەركەوتوو بووین زۆر باشە، سەركەوتوو نەبووین ئیدی دەنگمان پێ مەدەن. هونەر دەڵێت: هاوڵاتی پێی وایە ئەوانیش تاقی بكاتەوە بەشێك دەبن لەدرووستكردنی هەژاری و نادادگەری لە كۆمەڵگەی كوردیدا.
موحسین ئەدیب وەك نوسەر و ڕۆشنبیر، دەڵێت” كاندیدەكان باش توانیویانە سایكۆلۆجیای خەڵك بخوێننەوە و زانیویانە چۆن لەوەتەری خەڵك بدەن. كاندیدەكان دەزانن كۆمەڵگەی كوردی كۆڵمەڵگەیەكی عاتفییە بۆیە قسەو بەڵێن و درووشمی عاتیفی دەكەن”.
ئەو رۆشنبیرە پێی باشە كاندیدەكان بەشانازییەوە باس لە مێژوو رابردووی خۆیان بكەن كە هەژار بوون یاخود نا، بەڵام نەكروزێنەوە بۆ دەنگ. چونكە هەر كاندیدێك بكروزێتەوە و سازش بكات بۆ دەنگ كۆكردنەوە كەلەسەری بكەوێت، سبەینێ كە دەچێتە پەرلەمانیش ئامادەیە هەموو سازشێك بكات و بۆ پۆست و پلەو پایە.
رەزوان زەڵمی
ئهندامی كارای سهندیكای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
ماستهر له زانسته رامیارییهكان
سەرچاوە:دیبلۆمات مەگەزین