
بۆیە کاتێک ئازادیی پێویستی بە قووربانی دەبێت، ژینا ئەمینی وەک مرۆڤێک دواتر وەک کوردێک بەگیانی خۆی ئامادەیی هەیە. مەرگی ژینا یەکێکە لەو مەرگانەی کە شۆڕشێکی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت شۆڕشێک کەتەواوی میللەتانی ئێران و دواتر کوردانی پارچەکانیتر دەخاتەوە بەردەم ئاستانەی ئازادی و دیسانەوە بۆ ڕزگاربوون لەکۆت و بەندی داسەپاوی کەلتووری لەهەموو ناوچەکاندا ڕادەپەڕن و درووشمی (ژن ژیان ئازادی )دەڵێنەوە.
مەرگی ژینا دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە تێڕوانین بەرامبەر بە چەمکەکانی ئازادی کەسی و شکاندنی یاساکانی بەها تایبەتیەکان. بۆیە خوێنی ژینا دەبێتە هەوێنی گۆڕانکاری لە هەندێک یاسای تایبەتی کەسێتی لە ئێران دا. دواتر ژینا ئەمینی وەک نوێنەری ئازادی بیرکردنەوە سنوورەکان دەبڕێت و لەلایەن سەرۆکی پەڕلەمانی ئەوروپاوە خەڵاتی (ساخارۆڤ)ی پێدەبەخشرێت .
“ژن، ژیان، ئازادی” – مانیفێستی شۆڕشێک. هەر وشەیەکیان و وەک شەپۆلێک کە لە دەریای خرۆشاوی کوردی سەربەرزی ڕۆژهەڵاتەوە هەمیشە هەڵدەستێ، ڕۆژهەڵاتی کوردان ئەوانێک وەک کێوی بەرزی زاگرۆس، بەرامبەر زریانی ستەم ڕاوەستان. ژنانی کورد، وەک شێرەژنی مێژوو، لە پێشەوەی ڕیزەکاندا بوون. پیاوان، شان بە شانی ژنان، وەک دار بەڕووی کوردستان، لە بەرامبەر ڕەشەبای زۆرداریدا نەلەرزین.
خەڵکی ڕۆژهەڵات، بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیانەوە، وەک ڕەنگەکانی کەوانەی ڕەنگاڵە، یەکیان گرت. لە سەقزەوە بۆ سنە، لە مەهابادەوە بۆ کرماشان، هاواری ئازادی بەرز بووەوە. ئەوان شەقامەکانیان کردە گۆڕەپانی خەبات، قوتابخانەکانیان کردە قەڵای بەرخۆدان.
خوێنی گەنجانی ڕۆژهەڵات بوو بە ڕەنگی سوور لەسەر ئاڵای شۆڕش. فرمێسکی دایکان بوو بە ئاوی ژیان بۆ نەمامی ئازادی. هەناسەی پیرەکان بوو بە بای بەهاری گۆڕان.
ئەوان، بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە دڵی پڕ لە هیوا، بەرەنگاری چەکی ستەم بوونەوە. هاواری ژینا تۆفانێک بوو هەموو بەربەستەکانی بەردەم ئازادی ڕاماڵی مەرگی ئەو وایکرد تەواوی ئازادیخوازان هەستبکەن هەنگاوێک نێزیکتر بوونەتەوە لەبەدەست هێنانی مافەکانیان با بڵێین: ژینا گیان، تۆ نەمردوویت. ڕێگەیەک تۆ بەخوێن نەخشیت کێشا هەرگیز ناسڕێتەوە ئێستەش کە باسی ئازادی دێتەگۆڕێ ناوی تۆ وەک سونبولی قووربانیدان بەشکۆوە دەهێنین تێدەگەین مەرگی تۆ چۆن ئێمەی بەرابمبەر مافەکانمان زیندوو کردەوە، بۆیە تۆ لە هەر دڵۆپە بارانێکدا، لە هەر گوڵێکی بەهاردا، لە هەر هەنگاوێکی ئازادیدا زیندوویت. ناوت وەک سروودێک، بەردەوام لە گوێی مێژوودا دەزرنگێتەوە.، تا ئەو کاتەی کە ڕۆژی ئازادی و دادپەروەری هەڵدێت. مەرگی تۆ هەزاران هێندەی ئەوانەی بۆژیانی خۆیان ناهێڵن بژین ژیانی فێرکردین.
– ئیمان یادەوەر