151
پوختەیەک بۆ مناڵان و گەنجان لەسەر مارکس و هەندێک لە بیرۆکەکانی
کارڵ مارکس، بیرمەندێکی زانا و ئازای مەیدانی گۆڕانکارییە. بە چەند وشەیەکی دی کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕە کە بە بیرکردنەوە و کارکردنی ویستوویەتی کلیلێک بۆ دەروازەی گۆڕینی ئەم ژیانە بۆ باشتر بدۆزێتەوە. مارکس لە ساڵی ١٨١٨ لە وڵاتی ئەڵمانیا و لە شارێک لە دایک بووە بە ناوی ترایەر. لە خوێندندا بە توانا و زیرەک بووە و سەرئەنجام زانکۆی تەواو کردووە و دکتۆرای هێناوە لە فەلسەفەدا. دواتر ئاوڕی لە زۆر مەسەلەی تر داوەتەوە لەوانە: مێژوو، گۆڕانکاری، دۆخی نالەباری ژیانی کرێکاران، شۆڕش… زۆر شتی تر. هەرچەندە فەلسەفەی تەواو کرد، خۆی جیاکردەوە لەوانەی پێش خۆی و گەیشت بەوەی کە ئێمە نابێ تەنها بیربکەینەوە و دنیا لێکبدەینەوە، کە زانیمان دنیا چۆنە و دەوروبەرمان چۆن کار ئەکات، ئیتر ئەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بیگۆڕین. ئەمە شتێکی گرنگ بوو چونکە تۆ بۆ نمونە ناتوانی هەر بڵێی بۆچی ڕێڕەوی لافاوێک بەرەو کۆمەڵێک ماڵ ئەڕوات و ڕەنگە وێرانی بکات. ئەبێ بیربکەیتەوە کە چۆن ڕێڕەوەکەی بگۆڕیت و بەو شوێنەدا کە ئەڕوات ئاوەدانی بکاتەوە. ئیتر هەر لەمەوە کەوتە بیرکردنەوە و خوێندنەوە و نووسینی زیاتر لەسەر ئەوەی ئەم گۆڕانکاریانە ئەبێ چی بن و چۆن بکرێن. لە ژیانیدا نزیکترین و گرنگترین هاوڕێی خۆی ناسی کە تاکو مردن لەگەڵیدا بوو، ئەویش فرێدریک ئەنگڵسە (ئەبێ کاتێکی تر بێینە سەر ئەمیش و بۆتان باس بکەم). مارکس زۆر بە هەژاری ژیا و خۆی و خێزانەکەی لە ئاوارەبوونی ئەم وڵات و ئەو وڵات و نەبوونیدا بەسەر برد. ئەو لە ساڵی ١٨٨٣ دا لە شاری لەندەن دوا هەناسی دا و ژیانی بەجێهێشت، بەڵام ناوی تا دنیا ماوە بە زیندووی ئەمێنێتەوە.
زیرەکی و داهێنانی مارکس لەوەدا بوو کە باشتر وایە ئەو سیستم و شێوازەی کە کۆمەڵگەی پێوە بەڕێوەئەبرێ بە شێوەیەکی زانستی لێکبدرێتەوە تاکو دوایی تێگەیشتنی ئەوەمان بداتێ کە باشە ئنجا چۆن بیگۆڕین. ئنجا کەوتە پرسیار لەسەر ئەوەی کە باشە کەواتە سیستم چۆن کار ئەکات؟ کار چییە؟ پارە چییە؟ چۆن ئەوانە بگۆڕین واتە سیستمەکە؟ وە زۆری تر لە پرسیار کە ئێمە هەموو ڕۆژ و شەوێک بە مێشکماندا دێت لەم ژیانەماندا. سەرتان نەیەشێنم و تۆزێک بە کورتی باسی هەندێ داهێنانی گرنگی ئەوتان بۆ بکەم. ئەو شتە چییە کە لای مارکس پێی ئەووترێت زێدەبایی (یانی ئەو پارە زیادەیەی خاوەنکار لە ڕەنج و ماندوبوونی کرێکار ئەیبات)؟ ئەی ئەوەی کە ئەو ناوی ئەبات بە نامۆبوون چییە؟ ئەوەی کە ئەو پێی ئەوت گۆڕانکاری لە ڕیشەوە، یان شۆڕش، ئەبێ چی بێ؟ ئەزانی، زۆربەتان حەز ئەکەن یەکسەر باز بدەن بۆ ئەمەی سێیەمیان، بەڵام با جارێ بەمەیانەوە سەرقاڵ و ماندووتان نەکەم و لە تێگەیشتنەکە هەندێک ورد بینەوە.
دەستم بدەرێ و تۆ خەیاڵ بکە هاوڕێکەت کارگەیەکی بچووکی دروستکردنی پیتزای ئامادەی هەیە. تۆ ئەچیت لای ئەو کار ئەکەیت. مارکس ئەڵێت بۆ ئەوەی بزانیت چۆن خاوەن کارەکان دەوڵەمەند ئەبن، ئەبێت سەیری ئەم چەند خاڵە بکەیت: ١. تۆ چی ئەفرۆشیت؟ مارکس ئەڵێ تۆ (هێزی کارەکەت) ئەفرۆشیت. تۆ کاتێک ئەچیتە سەر کار، خۆ پیتزاکان نافرۆشیت، چونکە پیتزاکان هی تۆ نین. تۆ تەنها ئەو هێزی کارەت کە بەکاری ئەهێنیت، یانی تواناکەت و کاتەکەت بە خاوەن کارەکە ئەفرۆشیت با بڵێین بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر. زۆر چاکە، ئەویش بڕێک پارەت ئەداتێ کە پێی ئەوترێت کرێ یان موچە. ٢. دووەم شت لێی وردبینەوە کاتی کاری پێویستە. ئێستا با بڵێین موچەی ڕۆژانەی تۆ، بۆ نمونە ٢٠ هەزار دینارە. تۆ دەست ئەکەیت بە کار؛ لە ماوەی تەنها ٤ کاتژمێردا، ئەوەندە پیتزا دروست ئەکەیت کە قازانجەکەی ئەبێتە ٢٠ هەزار دینارەکە.
لێرەدا، تۆ تێچووی مووچەکەی خۆت بۆ خاوەن کارەکە گەڕاندۆتەوە. مارکس بەمە دەڵێت: کاتی کاری پێویست.
٣. کاتی کاری خۆڕایی (یان بەلاش)، تۆ بۆ ٨ کاتژمێر لەگەڵ خاوەن کارەکەدا ڕێککەوتوویت، کەواتە ٤ کاتژمێری ترت ماوە، چونکە بەو ٤ کاتژمێرەی یەکەم بەشی کرێکەت دەرهێناوە بۆ ئەو. لەم ٤ کاتژمێرەی دووەمدا، تۆ هەر بەردەوامیت لە پیتزا دروستکردن. بەڵام ئەم پیتزا نوێیانەی دروستی ئەکەیت، پارەکەی ناچێتە سەر کرێکەت/ یان مووچەکەت، بەڵکو هەمووی ئەچێتە گیرفانی خاوەن کارەکەوە. مارکس لێرەدا پێت ئەڵێت کە تۆ ئەم ٤ کاتژمێرە بەبێ بەرامبەر، واتە بەخۆڕایی، کار ئەکەیت.
٤. زێدەبایی چییە؟ کەواتە بۆستە، با کەمێک لێرەدا وردبینەوە. ئەی باشە من بە ٤ کاتژمێر پارەکەی ئەوم دەرکرد کە وەک کرێ پێم ئەدات، هەی لەوە، ئەی بەشی ئەو ٤ کاتژمێرە زیادەیەی تر چی لێهات؟ بەپێی مارکس، ئەو پارە زیادەیەی کە لەو کاتە بەلاشەدا دروستت کردووە، پێی ئەوترێت زێدەبایی. کەچی خاوەن کار پێت ئەڵێت: “ئەمە قازانجی منە”. مارکس پێت ئەڵێت: نا، ئەمە ماندووبوونی تۆی کرێکارەکەیە کە پێت نەدراوە. ئەی باشە ئەمە چی لێ دێت؟ یان وردەوردە هەمووی کۆئەبێتەوە لای خاوەنکارەکە و ئەیکات بە پارەی کۆکراوە. یان بیر ئەکاتەوە لەوەی شتێکی تری لێ بکات. سەیرکە، ئەو بیر لە کێبڕکێ لەگەڵ خاوەنکار و سەرمایەداری تری وەک خۆی ئەکاتەوە. خاوەن کارەکە ناچارە ئەم پارە زیادەیە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ئامێری نوێتر بکڕێت، ئەگەر وا نەکات، ئەوا کارگەکانی تر لێی ئەبەنەوە. یانی لە کۆکردنەوەی پارە و سەرمایەی زیاتردا پێشی ئەدەنەوە. کەواتە تۆ ئەبێ لێرەدا هوشیار بیت و بیر لە شتێک بکەیتەوە کە ئەویش چەوسانەوەیە. لێرەدا مارکس ئەڵێت کێشەکە تەنها ئەوە نییە خاوەن کارەکە ” کەسێکی خراپ” بێت، بەڵکو سیستەمەکە وایە کە ئەبێت هەمیشە بەشێک لە کاری کرێکارەکە بۆ خۆی ببات تا بمێنێتەوە.
خۆشەویستە زیرەک و ئاقڵەکانم، لێرەدا هاوکێشە سادەکەی مارکس بۆتان ئەمەیە: ئەگەر بمانەوێت بە بیرکاری سادە بینووسین: ئەو “پارە زیادەیە” تەنها لە یەک شوێنەوە دێت: لەو کاتە زیادەیەی کە تۆ کارت کردووە و پارەت بۆ وەرنەگرتووە. زۆر ناخۆشە، ئەمە کار ئەکاتە سەر ناخ و دەرونمان لێرەدا. جا با لێرەدا بێمە سەر ئەو شتەی لە سەرەتادا سۆزم پێدان و وتم مارکس ناوی ناوە نامۆبوون. ئامادەن؟
سەیرکەن، هەمووتان ئەوەتان پێ ناخۆش بوو کە وتمان کاتێکی زیادە کارت کردووە و پارەکەی بۆ تۆ نییە و ڕۆیشتۆتە گیرفانێکی ترەوە لەبەرئەوەی خاوەنی ئەو ئامێرانەیە کە کارەکەت پێکردووە. ئەوە بۆ وایە، هەستێکت ئەداتێ کە تۆ وەک ڕۆبۆتێکت لێهاتووە. وەرە، وەرە، هێشتا لە کارگەکەی تۆداین ئەوەی پیتزای ئامادەی تێدا بەرهەم ئەهات. دوای ئەوەی تێگەیشتین چۆن خاوەنکارەکە بەشێک لە ماندووبوونی کرێکارەکە بۆ خۆی ئەبات، مارکس ئەڵێت ئەمە ئیتر تەنها کێشەی پارە نییە، بەڵکو کێشەیەکە ئەوەیە کە ناخی مرۆڤە کرێکارەکە تێکئەشکێنێت. مارکس ئەم تێکشکاندنەی ناوی ناوە “نامۆبوون”. ئایا ئێستا تۆ هەست ناکەیت وەک کرێکارێکی ناو کارگەی پیتزاکە لەگەڵ خۆت و دەوروبەرتا نامۆیت؟ چییە ئەوە ئەڵێی میوانێکی ئازادیت و کەچی دەستبەسەریت! کەواتە ئازیزم نامۆیت، نامۆکراویت بە خۆت و دەوروبەرت و ژینگەکەت و بەرهەمەکەت. وای، کە ناخۆشە. وەرە بزانە، مارکس چۆن ئەمەت بۆ ئەکات بە ٤ شێواز، یان ٤ ئاست، لە نامۆبوون. یەکەم: نامۆبوون لە بەرهەمی دەستی خۆت. تۆ هەموو ڕۆژێک سەدان پیتزای جوان و بەتام دروست ئەکەیت، بەڵام بۆت نییە یەک پارچەشی لێ بخۆیت! ئەو پیتزایە هی تۆ نییە. سەیرەکە لەوەدایە: هەرچی پیتزای زیاتر و باشتر دروست بکەیت، کارگەکە گەورەتر ئەبێت و خاوەنکارەکە دەوڵەمەندتر ئەبێت، ئەویش ئامێری نوێتر ئەهێنێت کە ڕەنگە لە داهاتوودا جێگەی تۆ بگرێتەوە. بە کورتی تۆ بیرئەکەیتەوە و لەبەر خۆتەوە ئەڵێیت: یانی ئەو شتەی بە دەستی خۆم دروستم کردووە، لەبری ئەوەی دڵخۆشم بکات، بووە بە شتێک لە دژی خۆم! بۆستە هەر ئەوە نییە.
دووەم: نامۆبوون لە کاتی کارکردن. ئیتر کارکردن بۆ تۆ ئەبێتە شتێکی بێزارکەر و ناچاری. تۆ تەنها بۆ ئەوە کار ئەکەیت تا لە برسا نەمریت، بمێنیتەوە و سبەینێ بێیتەوە بۆ سەر کار، نەک لەبەر ئەوەی حەزت لێیەتی. با بزانین لێرە مارکس ئەڵێ چی: “کاتێک لە سەر کاریت، هەست ئەکەی وەک “ئاژەڵ” یان ڕۆبۆت تەنها فەرمان جێبەجێ ئەکەیت. ببورن ئەڵێم ئاژەڵ بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە هیچ ڕۆڵێکی مرۆڤیت پێنادرێ لەو سیستمەدا. مارکس لەمەدا بەردەوام ئەبێت و نیشانمان ئەدات کە کاتێک لە ماڵەوەیت و نان ئەخۆیت یان ئەخەویت، ئینجا هەست ئەکەیت کە مرۆڤیت. کەچی کە ئەشچیتەوە ماڵەوە، وەک ئەنگڵسی هاوڕێی مارکس لە کتێبی “هەلومەرجی کرێکاران لە ئینگلاند”دا ئەڵێ، ماڵێکی تەسک و تاریک و شێدار، بە بێزاری و نامۆییەوە گەڕاوەتەوە کە تاقەتی نییە لەگەڵ خوشک و برا و باوک و دایکیشدا قسە بکات، چاوەڕێی ئەکات. ئەمە ئیتر بەروارد ناکرێت بە ڤیللا و ماڵی خۆش و چراخانی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان کە لە دزینی ئەو کاتی کارە زیادەیەی کرێکارەکان پێکیانەوە ناوە. بۆیە تۆ کاتێک لە کارگەکەدایت و کار ئەکەیت، هەست ئەکەیت تەنها پارچەیەکیت لە ئامێرەکان.
سێیەم: نامۆبوون لە خود و داهێنان. با بۆ نمونە بپرسین، جیاوازی مرۆڤ و هەنگ چییە؟ هەنگەکە هەزار ساڵە هەر یەک جۆر شانە دروست ئەکات، بەڵام مرۆڤ ئەتوانێت شتی نوێ دابھێنێت. لە سیستەمی سەرمایەداریدا، ئەم داهێنانە ئەمرێت. تۆ تەنها ئەبێ یەک جۆر جوڵە بکەیت (لەم نموونەیەی ئێمەدا تەنها هەویرەکە پان بکەیتەوە).
کەواتە تۆ چیتر وەک مرۆڤێکی داهێنەر کار ناکەیت، بەڵکو تەنها بۆ ئەوە کار ئەکەیت بژیت، ئەویش ئەو جۆرە ژیانە پڕ لە نەبوونی و بێتاقەتییە. لێرەدا وا بیر ئەکەیتەوە کە ئەو سیستمە وای لێکردوویت جەوهەری مرۆیی خۆت لەدەست بدەیت. ئەم سیستمە بەمەشەوە لێت ناوەستێ.
چوارەم: نامۆبوون لە مرۆڤەکانی تر. لەوە ئەچێ کە ئەم بەشەیان خەمناکترین بێت. لەبری ئەوەی تۆ بتوانی لەگەڵ کرێکارەکان پێکەوە هاوڕێ بن، ئەبنە ڕکابەری یەکتر. تۆ ئەترسیت هاوڕێکەت لە تۆ خێراتر بێت و خاوەنکارەکە تۆ دەربکات و ئەو بهێڵێتەوە و ئەویش لە هەمان ترسدایە. جا چەند ناخۆش و خەمناکە دێت بە مێشکتدا کە مرۆڤەکان لەبری ئەوەی وەک مرۆڤ سەیری یەک بکەن، وەک کێبڕکێکار یان بەرژەوەندیخواز سەیری یەک ئەکەن.
سەیرکە، ئەمە چیرۆکی ناو خەیاڵت نەبوو، بگرە چیرۆکی ڕاستی و واقعی ژیانی تۆی گەنجی کرێکار بوو، یان مێردمناڵێک بوو کە ناچارکراوە خۆی بۆ بازاڕی کار ئامادە ئەکات. ئەمە چیرۆکی ژیانی ملیۆنەهایە و پێمان ئەڵیێت، مارکس وتەنی، کە ئەو جیهانەی مرۆڤ بە دەستی خۆی دروستی کردووە، بووە بە زیندانێک بۆی لە سایەی سەرمایەداریدا. ئێمە مۆبایل و ئۆتۆمبێل و هەموو شتێک دروست ئەکەین، بەڵام لە کۆتاییدا کراوینەتە کۆیلەی ئەو شتانە و بۆ بەدەستهێنانیان ئەبێت تەمەنی خۆمان لە کارێکی بێزارکەردا بەسەر بەرین. مارکس پێی وایە تەنها چارەسەر ئەوەیە کە مرۆڤەکان خۆیان ببنە خاوەنی کارگەکانیان و پێکەوە بڕیار بدەن چی دروست بکەن، نەک تەنها بۆ قازانجی یەک کەس کار بکەن. بێزار و بێتاقەت مەبە و ڕێگەی ئەوەشی نیشان داوە، مارکسی مەزن. دوایی دێینەوە سەر کاردانەوەی ڕۆژانەمان و شۆڕش.
ئامادەکردن نووسینی:
جەمال موحسین
١٦ ی مارچی ٢٠٢٦
١٦ ی مارچی ٢٠٢٦
