تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئهمریكی رایگهیاند، تاوهكو ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، 307 هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە 8 کەس کوژراون و 51 کەسی تر برینداربون و هێرشەکانیش بەردەوامن و ژمارەی قوربانییان ڕو لە زیادبونن.
تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئهمریكی، ئهمڕۆ دوشهممه، له راگهیهندراوێكدا وتی، هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامن و ژمارەی قوربانییان ڕو لە زیادبونن.
رێكخراوهكه ئاماژهی بهوهداوه، لە 28ی شوباتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، 307 هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە 8 کەس کوژراون و 51 کەسی تر برینداربون.
سی پی تی ئهوهشی خستۆتهڕو، لە 7ی ئادار تاوەکو 15ی ئادار، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، 111 هێرش و بۆردومانییان و بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، 36 کەس بونەتە قوربانی کە 4یان گیانیان لەدەستداوە و 32ی تریان برینداربون.
رێكخراوهكه وتوشیهتی، بەراورد بە هەفتەی یەکەمی شەڕەکە، کە سوپای پاسداران و گروپە هاوپەیوەندەکانی 196 هێرش و بۆردومانییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابو، ژمارەی هێرشەکان بە ڕێژەی 43.5% کەمیکردوە.
ئهوهشی خستۆتهڕو، بەڵام بەراورد بە ژمارەی قوربانییان، کە لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا، 23 کەس بوبونە قوربانی، ژمارەی قوربانییان بە ڕێژەی 56.5% زیادیکردوە.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، بەشێوەیەکی گشتی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، 307 هێرش و بۆردومان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوهو 59 کەسیش بونەتە قوربانی.
بهگوێرهی راپۆرتهكه، لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردودا، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق، 81 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە، بەمەش کۆی گشتی هێرشەکان لەسەرەتای جەنگەکە بۆ سەر سنوری ئەو پارێزگایە 243 هێرش بوە. لە سنوری پارێزگای سلێمانیش 30 هێرش ئەنجامدراوە، بەمەش کۆی گشتی هێرشەکان بۆ سەر سنوری ئەو پارێزگایە دەبێتە 56 هێرش. لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوشدا، هیچ هێرشێک لە سنوری پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە ڕوینەداوە و لە سەرەتای جەنگەکەوە، 5 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک و 3 هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەڵەبجە بوە.
ئهوهش خراوهتهڕو، لە کۆی 111 هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابردودا، سوپای پاسدارانی ئێران 64 هێرش و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراق 47 هێرشیان ئەنجامداوە. 76 هێرش لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژو 24 هێرش لە ڕێگەی موشەک و 10 هێرش لە ڕێگەی تۆپخانەکان و 1 هێرشیش لە ڕێگەی تەقەکردنەوە بوە، کە تیایدا سەربازانی سوپای پاسداران، بە هەڕەمەکی تەقەیان بە ڕوی گوندی قندۆڵ لە سنوری قەزای پشدەر کردوە.
وهك رێكخراوهكه هێمای بۆ كردوه، لە هێرشەکانی هەفتەی ڕابردودا، کۆنسوڵخانە و بارەگای سەربازی و دامەزراوەکانی پەیوەند بە حکومەتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان 39 جار بە ئامانجگیراون و لەسەرەتای جەنگەکەشەوە 97 جار هێرشیان کراوەتە سەر.
ههر بهگوێرهی راپۆرتهكه، کامپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات و بارەگای سەربازی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان 43 جار بەئامانجگیراون و لە سەرەتای جەنگەکەشەوە 86 جار هێرشیان کراوەتە سەر.
وهك له راپۆرتهكهدا هاتوه، بارەگاکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ناوچە مەدەنی نشینەکان، کۆنسوڵخانەی ئیمارات، کێڵگە نەوتییەکان، بارەگای سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانانی نابەشدار لەو جەنگە، شوێنە گشتییەکان 29 جار کراونەتە ئامانج و لە سەرەتای جەنگەکەشەوە 124 جار هێرشیان کراوەتە سەر.
سی پی تی وتوشیهتی، کۆی گشتی قوربانییانی هێرشەکانی هەفتەی ڕابردو بۆ سەر هەرێمی کوردستان 36 قوربانی، 4 کوژراو و 32 بریندارە، کە لەو ژمارەیە 11 قوربانی، 3 کوژراو و 8 بریندار، چەکدار یاخود ئەندامی حزبە کوردییە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. 12 قوربانی تر، 1 کوژراو و 11 بریندار، پاسەوان، پێشمەرگە، چەکداری بیانی نابەشدار لەو جەنگە بون. 13 قوربانی تر کە هەمویان برینداربون، هاوڵاتی مەدەنین. بەمەش کۆی گشتی قوربانییان لەسەرەتای جەنگەکەوە لە هەرێمی کوردستان 59 قوربانی؛ 8 کوژراو و 51 بریندارن.
رێكخراوهكه وتوشیهتی، جگە لە زیانی گیانی، هێرشەکانی سوپای پاسداران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، بونەتە هۆی زیانگەیاندن بە خانوی هاوڵاتیانی مەدەنی، کێڵگەی نەوتی، ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، هۆتێل، شوێنی گشتی، دامەزراوەی حکومی و مەدەنی. ئهوهشی خستۆتهڕو، بە تەنیا لە هەفتەی ڕابردودا، 21 خانوی هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانجگیراون یاخود پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و پاشماوەی تەقەمەنییان بەرکەوتوە.
تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تی، مەترسی خۆی لە دڕێژە کێشانی ئەو جەنگە دهربڕیوهو بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکانی لەلایەن وڵاتانی بەشدار لەو جەنگە سەرکۆنە كردوه.
ههروهها داواشی كردوه، بۆردومانی هەڕەمەکی بۆ سەر شوێنی مەدەنی نشین و بینا و شوێنە گشتییەکان، تاوانی جەنگن و دەبێت بوەستێندرێن.