لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت یادی مەرگی مارکس، مەترسییەکی زیندوو

یادی مەرگی مارکس، مەترسییەکی زیندوو

0 تێبینییەکان 135 بینینەکان
جەمال موحسین:
١٤٣ ساڵ لەمەوبەر دڵێکی گەورە، هێندەی پانتایی گەردوون، لەلێدان کەوت. هەروەک ئەنگڵس لەسەر گۆڕەکەی وتی، مارکس دوژمنێکی شەخسی نەبوو، بەڵام دنیایەک و سیستمێک دوژمنی بوو. لەم یادەدا ئێمە تەنها لەسەر مرۆڤێک قسە ناکەین کە لە مێژوودا وەک فیگەرێک ماوەتەوە؛ بگرە لەسەر تیۆرە زانستیەکانی و ئایدیا و پراکتیکە شۆڕشگێڕانەکانی ڕائەوەستین. لەسەر زانستێکی کردارەکی و سیستمێک کە لە نێو خۆیدا هەڵیگرتووە ئەدوێین کە هێشتا ئەتوانێ سیستەمی جیهانی بهێنێتە لەرزە. ئەو تێزی ئەوەی داهێنا کە تەواوی مێژووی نووسراوی مۆرڤایەتی ململانێی نێوان دوو چین دیاریکردووە. نیشانی دا کە گۆڕانکاریە مێژووییەکان ئاکامی گەشەکردنی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە چینایەتیەکانن، نەک دەرئەنجامی خواستی باشی ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسی. کرێکاران لە تیۆریەکانی ئەوەوە هوشیاری ئەوەیان وەرگرت کە چۆن هێزی کار کاڵایە و چۆن زیادەکاری کرێکاران ئەبێتە قازانج و سامانی کەڵەکەبوو لای سەرمایەداران کە کەمینەی کۆمەڵگەن.
مارکس باسی شۆڕشی هێنایەگۆڕێ وەک کردەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لەلایەن پرۆلیتاریا و چینی کرێکارەوە، هەر لێرەشەوەیە بێبەزەییانە کەوتە بەرامبەر فەیلەسوفەکانەوە و لە تێزی ١١ ی دەربارەی فۆیەرباخدا جەختی کردەوە کە ئەوەی تا ئێستا فەیلەسوفەکان کردوویانە لێکدانەوەی دنیایە، بەڵام لە کاتێکدا ئەبێ مەسەلەی بنەڕەتی گۆڕینی ئەم دنیایە بێ کە هەمووان ئەیبینن و بە ئێسک و خوێنەوە دەرکی ئەکەن. ئەمەش ڕێک بەواتای کردەوەی شۆڕشگێڕانە دێت. لە ئاستی سیاسی و خەباتی کۆمەڵایەتیدا، مارکس جەختی لەوە کردەوە کە کرێکاران ئەبێ خۆیان وەک چینێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی نمایش ئەکەن، وەک هێزێک کە توانای شکاندنی زنجیرەکانیان هەیە. هەربۆیە ئێمە شاهیدی ئەوەین کە لە یەکخستنی جەماوەریانە و سیاسیانەی کرێکاران و ڕێکخستنی بزووتنەوەکەیاندا ڕۆڵی گێڕا و بەمجۆرەش ئەو دیدگایەی بەرجەستە کردەوە کە کرێکاران لە قوربانییە خامۆشەکانەوە پێویستە بگۆڕێن بۆ ئاکتەر و بزوێنەرانی مێژوو.
بەڕاستی بۆ تێگەیشتن لە کار، هێزی کار، نرخ و سود و بەها و قازانج و قەیرانەکان و گەشەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و سەرئەنجام شۆڕش، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دیدگا و تیۆریەکانی مارکس. خەرمانێک لە بەرهەمەکانی ئەو بە زمانی کوردی و زمانەکانی تر لەبەردەستا هەن و پێویستە لەوانەوە بگەڕێین بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەم دنیایە بۆ وا ئاوەژووە؟ مرۆڤ بۆچی هێندە نامۆ و لاتەریکە؟! وە چۆن ئەتوانین بیخەینەوە جێگەی خۆی؟!
ئەمڕۆش،لە جیهانێکدا کە قەیرانی دارایی، جەنگ و پشێوی و داگیرکاری، شێواندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونی چینایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو قووڵتر بووە، تیۆریە شۆڕشگێڕانەکانی مارکس دووبارە بوونەتەوە جێگەی سەرنج. گەنجان و خەڵکی کرێکار و بێبەش بۆ تێگەیشتن لەم دۆخی قەیران و گرانی و ئاشوب و جەنگ و ناهەمواریە ئەگەڕێنەوە سەر تیۆر و ڕوانگەکانی مارکس. هەربۆیە ئەوەی کە سیستەمی باڵادەست لە مارکس دەترسێت، بیرۆکەیەکی مردوو نییە؛ ترسە لە چەکێک بە دەست کرێکاران و ڕۆڵە گەنجەکانیانەوە لەمپەڕی ئەمریکاوە تا ئەوپەڕێ ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی، کە شیکردنەوەیەکی دروست و پوخت سەبارەت بە ڕەگی ئەم قەیرانانە ئاشکرا بەدەستەوە ئەدات.
مارکس وا لەناوماندایە، لە ماڵ و کارخانە و فەرمانگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ناوەندەکانی بەڕێکردنی ژیاندایە. ئەو بانگەوازێکە بۆ تێگەیشتن، فتیلەی خەباتێکە بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی تر، پەیامێکە کە چیتر نادادپەروەری چارەنووس نییە. نیشانی ئەدات کە ڕێکخستن و هوشیاری چینایەتی و سیاسی هێزی ڕاستەقینەی ٪٩٩ ی کۆمەڵگەکانە کە داینەمۆی گؤڕانکارییە. بۆیە بەڕاستی مارکس هێشتا “مەترسی”یە. تا ئەو کاتەی نادادپەروەری هەبێت، تا ئەو کاتەی کرێکار هەبێت، و تا ئەو کاتەی خەبات هەبێت، مارکس هێشتا زیندووە—لە نێوان ئێمەدا، لە خەباتی ئێمەدا و لە داهاتوویەکدا کە ئەەبێت بە دەستی خۆمان دروستی بکەین. مارکس زیندووە!

١٤/٣/٢٠٢٦

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە