166
ن: ڕۆزا حەمە ساڵح
چیرۆک
شەو وەک مۆتەکەیەک باڵی بەسەر شاردا کێشابوو. لەسەر دۆشەکە بچووکەکەم، کە تەنها بە قەبارەی خەونەکانم جێگەم دەبووەوە، ڕاکشابووم و چاوم لە بنمیچەکە بڕیبوو. لەپڕ، بە زەنگێکی سامناک بێدەنگی شەو شکا، زەنگێک هاواری دەکرد: «ڕاکەن! مەرگ نزیکە.»
دایکم بە هەناسەبڕکێ دەستی گرتم. پەنجەکانی وەک چنگێکی پۆڵاین وابوون، هێندە توند دەیگوشیم، هەستم دەکرد دەیەوێت بە ناو پێستیدا بمباتە ژوورەوە و لە قەفەزی پەراسوەکانیدا بمشارێتەوە. بۆ ناو قوڵاییی ژێرزەمینەکە بەدوای خۆیدا ڕایدەکێشام. لەو ساتەدا، جیهان بۆ من تەنها دوو جەمسەر بوو: جێگەی خەوە گەرمەکەم و ئەو ژێرزەمینە سارد و شێدارەی ناومان نابوو «پەناگە». جوگرافیای من لەو ڕێڕەوە باریکەدا کورت ببووەوە کە ئەو دوو جیهانەی بەیەکەوە دەبەستەوە.
لە ناو پەناگەکەدا، کات وەستابوو. مرۆڤەکان وەک پەیکەری خۆڵەمێشیان لێهاتبوو. تەنها سێبەرە لێڵەکانی مارمێلکەکان دیاربوون کە بە تیشکی کزی مۆمێکی نیوە سووتاو، بە دیوارە کۆنکرێتییەکاندا هەڵدەگەڕان. دیوارەکان بۆنی خاکی نمناک و ترسییان لێ دەهات. لەو چرکەساتەدا، هیچ شوێنێک هێندەی باوەشی دایکم ئارام نەبوو، ئەو بۆ من شاخێکی بڵند بوو، کە نەدەڕووخا، دەریایەکی بێبەن بوو، کە لە قووڵاییی چاوەکانیدا هیوا مەلەی تێدا دەکرد.
لەناکاو، تەقینەوەیەک زەوی هەژاند، وەک ئەوەی ئاسمان بەسەرماندا داڕمێت. تۆزی بنمیچەکە بەسەر دەموچاو و ڕووخسارماندا داباری. پەنجەکانم لە کراسەکەی دایکم توند کرد و چاوم نوقاند. ئەویش بە دەنگێکی لایلایە ئامێز، کە تێکەڵی نەعرەتەی تۆپەکان ببوو، بە گوێمدا چرپاندی:
«نەترسیت ڕۆڵە… ئەوە تەنها هەورە تریشقەی تووڕەیە، ئێستا تێدەپەڕێت.»
ئەو وای دەگوت، بەڵام لێوە سپی هەڵگەڕاوەکانی چیرۆکێکی تریان دەگێڕایەوە. لە سوچێکی ئەو تەم و ترسەدا، پیرەپیاوێک یەک یەک دەنکە تەزبیحەکانی بە یادی خودا ئاودیو دەکردن. لەولاشەوە دایکێک دەستی نابوو بە دەمی کۆرپەکەیەوە، نەوەک گریانی کۆرپە بێتە ڕێنشاندەری مەرگ بۆ ناو حەشارگەکە.
باوکم لە بەرەکانی جەنگ بوو، بەڵام سێبەرەکەی لە هەموو شوێنێک لەگەڵماندا بوو. لە چاوی دایکمدا چاوەڕوانییەکی پڕ لە دووکەڵم دەخوێندەوە؛ وەک بڵێی هەر ئێستا باوکم لەناو غوبارەکەوە دەردەکەوێت و دەڵێت: «هەستن… جەنگ تەواو بوو.»
جەنگ تەواو نەدەبوو، تەنها بەرگی دەگۆڕی، ئەو چووبۆە ناو قووڵاییی خەونەکانمان و دەروونمانی گەمارۆ دابوو.
هەرکات زەنگی دڵنیایی لێدەدرا، مرۆڤەکان وەک مردووەکانی ناو گۆڕێکی بەکۆمەڵ، هێواش هێواش دەهاتنە دەرەوە. بۆنی بارووت و خاک تێکەڵی هەوای فێنکی شەو ببوو. سەیری ئاسمانم دەکرد، ئەستێرەکان هێشتا لەوێ بوون؛ هێندە بێباک بوون کە نەدەهاتە بەرچاو لە ژێر ئەم ئاسمانەدا ئێمەی مرۆڤ چەند جار مردنمان بینیبوو.
جەنگ کۆتایی هات. باوکم گەڕایەوە، بەڵام جەنگ پارچەیەکی لە جەستەی دزیبوو. دایکم هەشت ساڵ چاوەڕێی کرد، کاتێک ئاشتی هاتەکایەوە، ئەو هێندە پیر ببوو نەیدەتوانی تامی بکات.
ئێمە لەو ساتەدا نەمردین و ژیانمان بردەوە، بەڵام منداڵیمان دۆڕاند.
هەندێک جار لە ناو جەنجاڵیی شاردا، دەنگێکی نامۆ، تەنانەت ئەگەر تەنها گرمەی هەورێک، یان دەنگی بەرزی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلێک بێت ڕامدەچەڵەکێنێت. لەو چرکەساتەدا هەموو دیوارە مۆدێرنەکان لەبەرچاوم دەڕووخێن و دەبمەوە بەو منداڵە پێنج ساڵانەی کە دەستی لە ناو دەستی دایکی دا بوو. هەناسەم سوار دەبێت و وا هەست دەکەم سییەکانم پڕ بوون لە دووکەڵ و بارووت.
ئێستاکە لە ئاوێنەدا سەیری ژنێک دەکەم بە ڕواڵەت ئارامە، بەڵام لە ناو چاوەکانیدا مێژوویەکی پڕ لە دووکەڵ و هاواری کپکراو هەیە. لە ناخیدا جەنگێک هەیە کە تەنها ڕووخانی بیناکان و کوشتنی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو برینێکی قوڵ و شاراوەیە و لەگەڵ خۆیادا دەیباتە ناو پیرییەوە.
ئێستا شەوانە کاتێک دەچمە ناو جێگەکەم، بۆ ساتێک لە بنمیچی ژوورەکە دەڕوانم. ڕەنگە چاوەڕوانی زەنگی مەترسی نەبم، بەڵام لە قووڵایی ڕۆحمدا منداڵێک دەپرسێت: «دایە… دەنگی تۆپەکان کپ بوون؟ بۆ بینینی ئەستێرەکان دەتوانم بچمە دەرەوە ؟»
جەنگ لەسەر نەخشەکان تەواو بوو، بەڵام لە ناو مندا برینێکی زیندووە، هەموو شەوێک دەمباتەوە قۆناغی منداڵیم و دڵم پێش قاچەکانم بۆ ناو ژێرزەمینەکە ڕادەکەن.
