ئا: شیلان محەممەد
لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەکی بەرچاو کێشانی جگەرەی ئەلکترۆنی یاخود ڤەیپ ڕووی لەزیادبوون کردووە لەلایەن کچانەوە، مامۆستایەکی زانکۆش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە “بۆ چاولێکەریی”.
شاگوڵ، یەکێکە لەو کچانەی ماوەی چوار ساڵە بە بەردەوامی ڤەیپ دەکێشێت، باس لەوە دەکات کە سەرەتا لەنێرگەلەوە دەستی پێکردووە کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە سەیران، دواتر بەهۆی سۆشیال میدیاوە رێکلامی بینیوە کە بۆ ڤەیپ کراوەو چوووە کڕیویەتی، ئەو بەئاوینەی وت “جارێک بۆ دووجار کێشام تا ئالودەی بووم، ماڵەوەشمان هەموویان ئاگادار بوون جگە لەباوکم، دواتریش هاوسەرگیریم کرد، هاوسەرەکەم زۆر لای ئاسایی بوو، بۆیە تاکو ئێستاش بە بەردەوامی دەیکێشم “.
وتیشی “ئەوانەی نێرگەلەکێشن زۆر بەئاسانی فێری ڤەیپ دەبن. چونکە لەنێرگەلە سوکترەو تامی خۆشترە، دەتوانی بەردەوام بەدەستەوە بێتو هەڵگرتنیشی ئاسانە، گرانترین ڤەیپیش تا ئێستا کڕیبێتم نرخی ٢٥٠٠٠ بووە”.
شاگوڵ ئاماژەی بەوەشدا بەکارهێنانو کێشانی ڤەیپ لەلایەن کچانەوە زیاتر بۆ پۆزە، ئەو وتی “لەهەندێک لەهاوڕێکانم بیستووە وتویانە زۆر نایکێشین، تەنها ئەمانەوێت خەڵک بەدەستمانەوە بیبینێت، شتەکە بۆتە چاولێکەرییو پۆز ئەگەر بێتوو ڤەیپ نەکێشی هەست دەکەیت دواکەوتووی، زۆر کات هەر هاوڕێیە هاوڕێکەی فێر دەکات، دەڵێت تۆش بیکێشە هەر تۆ نایکێشیتو تامی خۆشە تا وای لێدەکات فێرببێت”.
ئەوەی جێی سەرنجە بەشێک لەکچان وەک کوڕان ناتوانن لەماڵو شوێنە گشتیەکان بەئازادانە ڤەیپ بکێشن، بەڵام رۆژ بەرۆژ ژمارەی بەکارهێنەرانی لەزیادبووندایە.
پ.د.بەهادین ئەحمەد محەمەد، مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەئاوینەی وت “بەداخەوە کێشانی ڤەیپ لەنێو کچانی زانکۆکان بوەتە دیاردەیەکی بڵاو، بەشێکی ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ چاولێکەرییو لایەنی دەروونی، کە ئەم گەنجە وا هەست دەکات بەمە گەورە بووە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی خێزانی، بەشێکی کچانیش کە لەبەشە نێوخۆییەکان دەمێننەوەو لەچاودێری خێزانەکانیان دوور دەکەونەوە بەهۆی چاولێکەری هاوڕێکانی دەوریان، یاخود بۆشاییەکی دەرونیان بۆ درووست دەبێت، دەیانەوێت ئەو بۆشاییە دەرونییە بەکێشانی ڤەیپ پڕبکەنەوە”.
وتیشی “ئێمە ڕاستەوخۆ کچانمان نەبینیوە ڤەیپ بکێشن لەنێو زانکۆو پەیمانگا، بەڵام کوڕان دەبینین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کچان شەرم دەکەن لەبەرچاوی ئێمە کە مامۆستای ئەوانین ڤەیپ بکێشن، لەنێو هۆڵی خوێندنیش ڕێگە پێنەدراوە، بەڵام لەنێو زانکۆ ئەهلییەکان ئەو دیاردەیە زۆر زیادی کردووە لەبەر ئەوەی باری داراییان باشترەو زیاتر کاریگەرن بەهاوڕێو کلتوری ڕۆژئاوا”.
ڤەیپ فرۆشێکیش باس لەوە دەکات کە رۆژ بەرۆژ فرۆشیان روو لەزیادبوونەو دەیان جۆری ڤەیپیش لەبازاڕەکانی سلیمانی دەفرۆشرێن.
چێنەر کە فرۆشیارێکی ڤەیپە، بەئاوێنەی وت “هەموو ڤەیپەکان لەوڵاتی چینەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان، زیاتر لەپەنجا جۆریشییان هەیە، لەجۆرە بەناوبانگەکانی، ڤۆزۆڵ، پاریس، لەندەن، ئۆکسباڕ، ڤاڵە، بەگشتی هەموو تەمەنێکو تەنانەت خانمانیش دێنە لای ئێمە بۆ کڕینی ڤەیپ، بەڵام لەڕووی یاساییەوە بۆمان نیە بەخوار تەمەن ١٨ ساڵی بفرۆشین”.
وتیشی “نرخی ڤەیپەکانیش لە ٧ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ٢٥ هەزار، ڤۆزۆڵیش کە خواستی زۆر لەسەرە، نرخی ١٠هەزارە، بەگشتیش ئەوانەی دەفرۆشرێن نرخیان تا ١٥ هەزارە، گرانتر هەیە بەڵام کەمتر خەڵک دەیبات”.
لەڕووی تەندروستیو زانستییەوە ڤەیپ مەترسیدارەو دەکرێ ببێتە هۆی کۆمەڵێک گرفتی تەندروستی لەسەر سییەکانو لەسەر کۆئەندامی سوڕانی خوێن، دڵ، مێشک.
د.سۆران محەمەد غەریب، پسپۆڕی هەناویو ڕۆماتیزم بەئاوێنەی وت “بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا لەسەرچاوە زانستییەکانەوە دەست کەوتووە، ڤەیپ مەترسییەکەی کەمترە لەجگەرە، بەڵام مەترسی زۆر زۆرە، ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی سییەکان، نەخۆشییەکانی هەوکردنو هەستیاری، کۆکە، قەسەبات، کێشەی نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات، وەک گیرانی بۆرییەکانی دڵ، کۆمەڵێک گرفتی سوڕی خۆێن، ئەو ماددانەشی لەڤەیپدا هەیە، نیکۆتین، تام، کۆمەڵێک ماددەی کیمیاییو ژەهراوی، تەنانەت مەترسی گڕگرتنیشی هەیە”.
وتیشی “بەگشتی ئەو نەخۆشانەی سەردانی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی دەکەن، بەهۆی کێشانی ڤەیپ توشی هەستیاریو هەوکردنی سییەکانو کۆکە بوون، ڕۆژانە نزیکەی سێ بۆ پێنج نەخۆش دەبن “.
هەروەها زانا جەبار حەمە عەلی، ڕاوێژکاری دەروونی، بەئاوێنەی وت “ئێمە زۆر نەخۆشی دەرونیمان هەیە، وادەکات پەنا بەرێتە بەر کێشانی ڤەیپ، یەکێک لەوانەش تێکچونی مەزاجە، بەتایبەت خەمۆکی، ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە زۆر کات پەنا دەبەنە بەر کێشانی ڤەیپ وەک پڕکردنەوەی بۆشاییەک، ڕەنگە ئەو کەسانە لەژیانی ڕۆژانەیان کەموو کورتییەک هەبێت جا سۆزداری بێت یان ئابووری بێت یاخود کەلێنێکی خێزانی بێت، ئەم پەنابردن بۆ ڤەیپەش ڕەنگە بەخەیاڵی خۆیان وا هەست بکەن جۆرێکە لەپڕکردنەوەی ئەو کەلێنە بۆیان ، زۆربەی ئەوانەشی زیاتر هەست بە تەنهایی دەکەن، زیاتر لەتەنهایدا دەژین، پەنا دەبەنە بەر کێشانی جگەرەو ڤەیپ” .
وتیشی “دەشکرێت زیاتر کێشانی ڤەیپ لەلایەن کچانی هەرزەکارەوە بێتە هۆی ئەوەی حاڵەتێکی دەروونی هەیە پێیدەوترێت نەخۆشی کەسێتی، ئامارێک لەبەردەست نییە بۆ زانینی ڕێژەی ئەم جۆرە نەخۆشیانە، بەڵام نەخۆشانی لەم شێوەیە بەهەفتانە سەردانمان دەکەن”.
مامۆستایەکی ئاینیش دەڵێت بەگشتی بابەتی دووکەڵ چ جگەرە یان نێرگەلە یاخود ڤەیپ بێت لەدیندا ڕێگەپێدراو نییەو حەرامە .
م.یادگار سەید عەلی، پێشنوێژو وتارخوێن لەمزگەوتی قەیوان سیتی بەئاوێنەی وت “بەڕای زۆربەی زانایانی ئایینی کێشانی دووکەڵ حەرامە، ئەگەر دووسەد ساڵ پێش ئێستا نەمانزانیبێت کە دووکەڵ چەند زیانی هەیە بۆ لەشمان، ئێستا دەچین پرسیار دەکەین لە پزیشکە هەناوییەکان کە ئەوان دەیسەلمێنن سەرچاوەی سەرەکییە بۆ توشبوون بەشێرپەنجە “.
وتیشی “بەدواداچوونمان کردووە لەهەندێک قوتابخانە بەتایبەت هی کچان ، رێژەیەکی زۆر لەخوێندکاران ڤەیپ دەکێشن، داواکارین نرخی ڤەیپ بەجۆرێک گران بکرێت، هەرزەکار نەتوانێت بیکڕێت”.
لایەن پەروەردەییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن ڕۆژانە ڕێژەی بەکارهێنانی ڤەیپ نەک لەناو کچاندا، بەڵکو لەناو تەواوی تاکەکاندا بەرز دەبێتەوە.
کارزان عەبدولرەحمان، مامۆستا ی ڤوتابخانەی نێرگز لەچاکسازی ژنانو مناڵان بەئاوێنەی وت “هۆکارەکانی کێشانی ڤەیپ زۆرن بەرچاوترینیان، هۆکاری دەرونیو کۆمەڵایەتیو لاساییکردنەوەو بازرگانیو تەندروستیو پەروەردەییو ڕیکلامی سۆشیاڵ میدیاو ئاسان بەدەستخستنیەتی، کە ئەمەش وایکردوە ڕۆژانە ڕێژەی بەکارهێنانەکەی نەک لەناو کچاندا، بەڵکو لەناو تەواوی تاکەکاندا بەرزبێتەوە”.
وتیشی “دیارە کە لەسەردەمی ئێستاماندا بەهۆی دنیای سەرمایەداری کە لە ناوەڕۆکدا ،دنیای لەمرۆڤ خستنی مرۆڤو دورخستنەوەیەتی لەبەها مرۆڤایەتیەکان، لەڕێگەی میدیاوە ڕۆژانە چەندان دیاردەی نامۆ فڕێدەدەنە ناو کۆمەڵگا، کە دورە لەکەلتورو ڕەسانەیەتی، ئێمەش بەهۆی ئاڵۆزی دەرونیو شێواوی کۆمەڵگاوە زوو وەریدەگرین، یەکێک لەو شتە نامۆیانەش ڤەیبە، کە کچانمان دەیانەوێ لەڕێگەیەوە نمایشی کەسێتی مۆدێرنە بکەن”.
ئەم مامۆستایە ئاماژە بەوە دەکات کە ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نیە تا بزانرێت ڕێژەی بەکارهێنانی ڤەیپ چەندە لەناو خوێندکاراندا بەڵام ڕۆژانە چەندان ڤەیبو جگەرەی ئەلکترۆنی دەستی بەسەردا دەگیرێت لەقوتابخانەکآنداو چەندانیش ناگیرێت لەبەر ئاسان شاردنەوەی ، ئەو وتی “نەبونی ڕۆشنبیری تەندروستیو پاشەکشەکردنی سیستەمی پەروەردە، لەهەموو ڕوەکانەوە وایکردوە مامۆستایان نەتوانن پەروەردەی کەسایەتیەکی بەهێزو خاوەن ئیرادە بکەن”.