کاتژمێر ٧:٣٤ بەیانیەو ڕۆژی شەمەیە، مۆبایلەکەی دەستی بەرواری ٢٠١٩/٥/١١ پێ نیشان دەدا. بە دوای جامانە، پەڕۆیەك دەگەڕا تا کە چووە سەربانی باڵەخانەکە چاوی خۆی پێ ببەستێتەوە. ئەو نەیدەزانی بڕیاری خۆکوشتنەی داویەتی لە توێ ی دوو بڕگەی هەواڵ و ڕاپۆرت دەبێتە بابەتێکی ڕۆژنامەوانی حەوت دەقەیی کەناڵێکی گەورەی میدیایی، واتە هەر دەقەیەکی ئەم ڕاپۆرتە یەکسانە بە دووساڵ و هەشت مانگی عومری ئەیاد.
ئەو نەیدەزانی بەم بڕیارەی داویەتی لە کوردستانەوە وەکو زیندوو نا، بەڵکو وەکو ژمارەیەكی بێ گیان دەچێتە ناو داتایەکی جیهانیی خۆکوشتن، لەوێ لەو داتایە پڕ لە گۆڕی قەرەباڵغ هەر ٤٠ چرکەیەك مرۆڤێك خۆی دەکوژێ. لەو ڕاپۆرتە حەوت دەقەییەدا بە ئاشکرا دیارە کە ئەو دەستی لە خۆی بەرنابێ و دەترسێ، ئاگای لێ نیە کامیرای چاودێری باڵەخانەکەی بەرامبەر تاقە زومی کامیرا دەبێ کە لە نێوان ژیان و مردن وێنەی دەگرێ، نەیدەزانی کامیراکە دوو دڵی و ترسە زۆرەکەی ئەو تۆمار دەکا، چونکە یەکسەر خۆی هەلناداتە خوارەوە، خۆی شۆڕ دەکاتەوەو بەر لەوەش چونکە لە بەرزی دەترسێ چاوی خۆی دەبەستێتەوە، و بەر لە کەوتنە خوارەوەش بە جۆرێك جموجۆڵ دەکا وا دێتە بەرچاو کە بیەوێ سەرکەوێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نابێت دەکەوێتە خوارەوە. ئەو ١٧ کەسەی لە چوار مانگی ڕابردوو لەم شارە خۆیان کوشت کەسیان بەر لە کوشتن چاوی خۆیان نەبەست، چونکە ئایاد لە هەموویان مناڵتر بوو بە جەستەو تەمەن نا، بەڵکو بە دەروون تەنیا ئەو مناڵە ١٤ ساڵەیە کە بە گرتنی شەنگال وەکو گەڵایەکی ساوای هەڵوەریو لەپڕ کەسی نەما، وەکو هیچ شتێك نا، تەنیا وەکو مناڵێك دەشێ زۆر لە بەرزی ترسابێ.
تا لە ژیان بوو، بە تایبەتی دوا هەفتەی ژیانی نەیتوانی سەرنجی کەس ڕابکێشێ بۆ خۆی بە جۆرێك فێنکی بداتەوە بەو ئازارانەی ئەو هەیبوو. دوای مردنی “خۆکوشتنەکەی” بووە بە ڕاپۆرتێکی گەرم بەڵام کاتیی میدیایی، چونکە کەسێكی نەبوو مردنەکەی وەکو هەواڵ و لێکدانەوەش بە زیندوویی بهێڵێتەوە. ئەو چەند جارێك لەبەر دەم خاوەنی ئەو ژوورەی لێی دەژیا ووتبووی ” من کەسم نیە”، ئەو پێنچ ساڵ بوو وەکو تەنیاترین مرۆڤی ئەم شارە دەژیا. هەتا گرتنی دوا مۆڵگەی هێزەکانی داعش لە سوریا ئومێدێکی هەبوو کە کەس و کارو خێزانەکەی مابن، قوڵبوونەوەی دڵتەنگیەکانی ئەو هاوکات بوو لە گەڵ تەواوبوونی شەڕی دوا مۆڵگە لە سوریا، زۆر خێزانیتر کەسی خۆیان دۆزیەوە هی ئەو سۆراغیان نەبوو.
لە ڕاپۆرتە میدیایەکەدا ئەیاد وەکو گەنج ناوی دەبرێ، بەلام من لێرە پێداگری لەوە دەکەم کە ئەیاد وەکو بواری بایلۆژی و جەستە گەنج بوو، بەڵام وەکو مەحرووم بوون لە سۆزی سێنتەر “خێزان” تەنیا مناڵێکی ١٤ ساڵان بوو. وەکو مناڵێکی تاق و تەنیا زۆر زوو توشی تەنیایی بوو، توشی بەرپرسیاریەتی و خۆبەڕێوەبردنێك بوو کە گونجاو نەبوو بۆ تەمەنی ئەو، زۆر زوو توشی کرێکاری بوو بە ڕۆژانەی ١٠ هەزار دینار کە تەنیا بەشی ئەوە دەکا بە زیندوویی بمێنیتەوە، وەکو هەرزەکارێك ژیانی لە خراپترین ئەو شوقانەی بەسەر دەبرد کە لە ژووری بچووك ٤ تا ٦ نەفەر بە یەکەوە ئەژین.
دوای ٦ ساڵ لە دابڕان لە خێزان و کاتێك لە خۆی ڕوانی چی بینی؟ هەرزەکارێك بە جەستەو مناڵێکی تەنیا لە ناخدا، بێ خێزان و کەسوکار، بینی لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی چەندین دیواری ئەستوری “جیاوازی” کلتورو ئاین و زمان لەبەردەمیدایە، بینی ئەو کرێکارێكی ئێزیدیە، لە هەموو ئەو ڕوانینە مناڵەکەی ناخی بە دوای شتێك دەگەڕا وای لێبکا لێرە بمێنێ و نەڕوا بۆ مردن، ئەو هیچی نەدەبینی، چەندین جار لەبەرچاوی خاوەن شوقەکە یان بێ دەنگیەکی پڕ لە ماتەم و بیر ڕۆیشتن دایدەگرت، یان دەیدا لەپرمەی گریانێکی قوڵ، ئەم مات بوونە پرمەی گریانانە هاواری نەستە بۆ کردنەوەی دیالۆگی “دەستم پێوە بگرن” بەڵام کاتێ کۆمەڵگەو دەوروبەر لە هەمان سیگناڵ نین ئیتر هاواری نەستی کەس بە کەس ناگا.
ئەیاد بەر لە خۆکوشتن قوربانی جینۆساید بوو، قوربانیەك بوو لە نێو ئەو هەموو رزگاربوانەی کە خۆیان لە بەردەم دۆخێکدا دبیننەوە نە ئامادەبوون بۆی ، نە ئەزمونی ژیانیان بای ئەوەندەیە خۆیان بگرن. سیستەمی دڵرەق هەر ئەوە نیە ئیستیبدادی حیزبیی یان حکومی یان قۆرغکردن هەبێت، بەڵکو بەر لەوە بریتیە لە بیناکردنی کۆمەڵگەیەك لە فۆرمی “دڵرەقیەکی” کەڕولال.
کۆمەڵگەی دڵرەق کۆمەڵگەیەکە فێر نەکراوە بە چ سکیڵ و مەهارەو بەهرەیەك فریای ڕۆڵەکانی خۆی بکەوێت، بۆ نموونە پێویست ناکا دەرونزان بیت بۆ ئەوەی بزانیت کە “خێزان” سێنتەری ڕاكێشان و بەستنەوەیە بە ژیان بە تایبەتی بۆ مناڵان. خێزان جۆرێکە لە بەستنەوەی کۆمەڵایەتی کە ئاسانکاری دەکا بۆ چێژ وەرگرتن و هەست کردن بە “بوون” لەوەش فراوانتر “ئامانجی” بوون.
پرسیارێك کە دەبێ “کۆمەڵگەی بەرپرسیار” لە خۆی بکات ئەوەیە؛ چۆن دەتوانم بەر بە خۆکوشتن بگرم؟ چۆن دەتوانم فریای ئەو هەموو قوربانیە بێ “سێنتەرە” بکەوم ؟ کێ ئەم پرسیارە دەکا لە چ ئاستێك بە چ ئیختیساسێك بە چ فۆرمولەیەك دخرێتە ڕوو؟ ئەمانە هەمووی کلیلن بۆ ئەوەی دام و دەزگا مەعنی و پەیوەندیدارەکان بیکەن بە ئەجێندای ڕووتێکردن لەو بابەتە هەستیارە.
کۆمەڵگەی ئێمە لە ئەمڕۆدا؛ بە داخەوە دەستەواژەیەکە خاڵیی کراوە لە زۆر شت، جەستەیەکی شەقار شەقار، گاپی چینایەتی قوڵ، نامۆبوونی فرە ڕەهەندی قوڵ، بۆ دروست کردنی “وەرچەرخان” توێژی هۆشیاری کۆمەڵگە دەبێ هەم دووربینی بە دەستەوە بێت هەم مایکرۆسکۆپی بە دەستەوە بێت، کێشەی بەشێکی زۆر لەوەزارەت و دام ودەزگا فەرمیەکان کە ئەرکیانە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی لە ئەستۆ بگرن، خۆیان وەکو “بکەری” کۆمەڵایەتی نابینن، بەڵکو خۆیان وەکو ئەو فەرمانبەرە كلاو سێگۆشانەی سەردەمی حوکمی عوسمانی دێتە بەرچاو.
ڕزگار عومەر