لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت دوایین شەوی سەرۆکەکان!!

دوایین شەوی سەرۆکەکان!!

0 تێبینییەکان 83 بینینەکان

ئا: ھێمن مەحموود

دوو سێ ڕۆژە خەریکی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەم لەسەر دوایین شەوی موعەممەر قەزافی، ڕۆمانەکە ھەرچەندە زمانێکی سادەی ھەیە و تەنیا خودی موعەممەر قەزافی گێڕەرەوە و کارەکتەری سەرەکییە، بەڵام چێژێکی تایبەتی ھەیە و دەتباتەوە بۆ دوایین شەو کە تێیدا موعەممەر قەزافی سەرۆکی لیبیا لە باڵەخانەیەکی پشتگوێخراودا ژیان بەسەر دەبات و چاوەڕێیە ڕۆژ بێتەوە تاوەکوو دەرەچەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبێت و ڕزگاری بێت، بەڵام دواتر وەک ئەوەی ھەموومان لە ڕێگای گرتەڤیدیۆیەکاندا بینیمان قەزافی لە کاتی ھەڵاتنیدا دەکەوێتە بۆسەی چەکدارەکانەوە و لەناو بۆرییەکی زێرابدا خۆی دەشارێتەوە و دەستگیری دەکەن، دواتریش ھەر لەوێدا بەدەستی ھەرزەکارێک دەکوژرێت (وەک دواتر لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت ھەرزەکارەکە کاری بۆ ھەواڵگری فەرەنسا کردووە).

دوایین شەوی سەرۆک یاخود دوایین شەوی قەزافی ڕۆمانێکە بە ژیانی ئەو سەرۆکەدا ڕۆدەچێت کە بۆ زیاتر لە چل ساڵ حوکمی وڵاتێکی وەک لیبیای کرد و لە ماوەی حوکمڕانیدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و گرفت بووەتەوە.

ڕۆمانێکە ھەر لە ژیانی منداڵی سەرۆکەوە دەستپێدەکات و تاوەکوو ساتی کوشتنی دەخاتە ڕوو، گرنگترین ئەو ڕووداوانەی کە لە ژیانیدا ڕوویداوە و کاریگەرییان خستووەتە سەر دەروونی.

بۆ نموونە لە شوێنێکدا باس لەوە دەکات کەوا لە سەردەمی گەنجێتیدا عاشقی کچێک دەبێت باوکی کچەکە بەھۆی جیاوازی چینایەتییەوە دوای سووکایەتییەکی زۆر کچەکەی پێ نادات، ئەمەش دەبێتە داخێکی زۆر لەسەر دڵی و کاتێک دەبێتە سەرۆکی لیبیا ژنەکە دەدۆزێتەوە و بە زۆر دوو ھەفتە لەلای خۆی دەیھێڵێتەوە و دەستدرێژی دەکاتە سەری.

یان ئەو کاتەی کە پلەی مولازمە، بەرپرسێک سووکایەتی پێ دەکات و پێی دەڵێت تۆ زۆڵی، باوکی تۆ کەسێکی بیانییە و تەواوی ھۆزەکەت ئەمە دەزانن، ئەمەش دەبێتە گرێیەکی دەروونی بۆ قەزافی و تا دەمرێت پێوەی دەناڵێنێت، ئەو کاتەشی دەبێتە سەرۆک ئەو بەرپرسە دەدۆزێتەوە کە ئەو قسەیەی پێوتووە و بە دەستی خۆی گۆڕەکەی پێ ھەڵدەکەنێت.

دوایین شەوی سەرۆک چیرۆکی ھەر بە تەنیا قەزافی نییە، بەڵکوو چیرۆکی تەواوی دیکتاتۆرەکانی جیھانە کە دوای ساڵانێک کوشتوبڕ و خۆ بە خودا زانین کەچی بە شێوەیەکی زۆر تراژیدیایانە کۆتایی بەدەسەڵاتیان دێت و بەدەستی منداڵێک دەکوژرێن و لەدوای خۆشیانەوە وڵاتێکی وێران و پڕ لە ڕق و ڕقکاری جێ دەھێڵن.

” ددان بەوەدا دەنێم کە لە ئاست ئەوانەی دژ بە بیروباوەڕم بوون، بێبەزەیی بووم. ئەی چۆن ڕەفتارم بکردایە؟ فەرەمانڕەوایی کولتوورێکە بە تەنیا لەگەڵ مەرجێکدا یەک دەگرێتەوە: خوێن. بەبێ خوێن عەرش دەبێت بە شتێک تەحەمول ناکرێت… لا ١٧٥”

لە دوا ساتیشدا دیکتاتۆرەکان دەزانن کەس ھاوڕێیان نییە، ھەموو ئەو ھاشوھوش و ستایش و پێدا ھەڵدان و گۆرانی وتنە بۆیان جگە لە درۆیەک ھیچی تر نییە و لە بچووکترین دەرفەتدا ھەموویان لەناو دەچن و کەس فریایان ناکەوێت، یان لە چاڵێکدا وەکوو سەدام حسێن یاخود لە زێرابێکدا وەک قەزافی دەستگیر دەکرێن و دواتر دەکوژرێن.

“دەبوایە گومانم بکردایە، فەرمانڕەوا ھاوڕێی نییە، ھەر دوژمنی ھەیە، کە لە پڕێکدا پیلانی لێ دەگێڕن، یان خەڵکانێکی ھەلپەرست، کە وەکوو مار بە سنگی خۆیانەوە دەیاننووسێنێت، تا گەرمیان بکاتەوە.. لا ٢٠٤).

چیرۆکی دوایین شەو ھەر بە تەنیا ھی قەزافی نییە، ھی تەواوی ئەو سەرۆکانەیە کە خۆیان بە فریادڕەس و میللەتەکەیان بە مێگەل دەزانن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە