ئەمەوێت وەک پێشوو بڕۆمە شەقام و یاداشتێکی پڕ لەداواکاریم بەدەستەوە بێت ، دەستەکەی ترم بڵند بکەم و بڵێم ساڵانێکە مافم پێشێل ئەکرێت. ساڵانێکە گەنجەکانی نیشتمانم لە تاو نادادی دەسەڵات هەڵدێن و لەئیجەدا ئەخنکێن. ساڵانێکە مناڵانی ئەم نیشتمانە بێ ناز ئەکرێن و باوکیان لەشەڕەکانی ناوخۆ و ململانێی سیاسیدا شەهید ئەکرێت. ساڵانێکە پیرە پیاو و پیرە ژنەکان لەبەردەم بانکەکان بۆ مووچەیەکی کەم رۆحیان دەرئەچێت. ساڵانێکە رۆژنامەنووس تیرۆر ئەکرێت و لەسیناریۆیەکدا ئەکرێنە تیرۆرست و بکوژەکانیشیان هێشتا بسکەی سمێڵیان دێ. ساڵانێکە ژن ئەکوژرێت و یاسا کوێرە لەئاست تاوانەکانی ژن کوشتن و پیاوە بکوژەکان لەژێر سێبەری دەسەڵاتدا عەنتەر ئاسا دێن و دەچن. ساڵانێکە ئەوانەی خەباتیان کرد و خوێنیان رژاو ماندووبوون بۆ کوردایەتی و بوونە سایەو سێبەری پێشمەرگەو شۆرش لەدوای ئازادی فەرامۆش کران و لەسوچێکی ماڵەکانیاندا دەنکە دەنکە تەزبیحی رۆژەکانی خەباتیان لەبەرخۆیانەوە ئەژمێرن و ئێستا لەبری ئەوان جاش و بەعسیەکان و بەرپرس و کەس و کاریان و ماستاو چی و حازرخۆرەکان و بخۆرەکان لەنیعمەتدان. ساڵانێکە زۆر نادادی تر ئەبینم و دەسەڵات گوێی داخستووە و چاوی لێک ناوە لەئاستیان. بەڵێ من ئەمەوێت بڕۆم هاواربکەم کە ژیانی خەڵک وێران بووە، داهاتووی ئەم نیشتمانە نادیارە لەسایەی چەند دەستەو تاقمێک و لایەنێک.
ئەچمەوە شەقام بەجەسارەتەوە، بەڵام ئەبێت ئامانجم روون بێت، ئامانجی ئێمە بۆ داواکاری مافەکانمانە بۆ قووت و ژیانمانە دژی ستەم و نادادی و گەندەڵیە دژی پێشێلی مافی مرۆڤ و دیموکراسیەتە.
ئێستا زۆرێک لەشەقامن ئامانجیان هاوشێوەی ئامانجی برسی و هەژارەکان نییە، هاوشێوەی ئامانجی زوڵم لێکراوان نییە، ئەوان دێن و میلەت دەکەنە پەیژەی سەرکەوتن، بیرتانە رێژوان شەهید بوو، بەڵام فڵان بووە قارەمان و ئێستا نقەی نایەت و وێنەی سەفەر و گەڕانەکانی فەیسبووکی تەنیوە. مێشکی زمناکۆ بەتێڵای جەلادەکان ئەشڵەقێ و فیسار لەتێریا نزگەرەی دێ. سورکێو شەهید ئەبێت و باوکی تائێستاش شەقام بەرنادات ، بەڵام فڵان لەسەرکورسی ئاڵتونی فەلسەفەی بێ مانا لێدەدات . گەرمیانی بچکولە ژیانی لێ زەوت ئەکرێت و خاوەن بیرە نەوتەکانیش زیاتر چاوقایم ئەبن و باسی گەندەڵی ئەکەن. سەردەشت و کاوە تیرۆر ئەکرێن و کابرای رۆژنامەنووس لەسەر کەیسەکەی وڵات نەما نەیبینێ وهێشتا هیچیش بۆ خوێنی بەناهەق رژاوی سەردەشت و کاوەو هاوڕێکانی نەکراوە. بیرتانە وا سێ ساڵە خەڵک برسی و بازرگانەکانیش بەناوی شوێنی نیشتەجێبوون گیرفانمان لەکوخێکدا هەڵئەتەکێنن ، ئێستاش بۆ گیرفانی خاڵیمان فرمێسکی تیمساحی ئەڕێژن. بەڵێ ئێمە و هاوبیرەکانی وەک ئێمە ئەمانەوێت شەقام هی بەشخوراوان بێت ، بەگۆرانی عاتیفی ئەمیان و ئەویان فریونەدرێت، ئەمانەوێت چاکسازییەکی راستەقینە و ریشەیی بکەین، بەبێ زۆر بڵەیی و باکێجی زۆر و بەبێ بیرکردنەوە لەپرۆژە بازرگانیەکانمان و بەبێ ئەوەی ترسنۆکانە لەداخی گروپێکی حزبەکەمان لافی هاوپەیمانی و دیموکراسی لێ بدەین و گەنم رۆکەین بۆ چوونە هەرەمی دەسەڵات. ئەمانەوێت لەشەقام بین بۆ سەندنەوەی مافەکانمان بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتیشەوە، بەڵام نامانەوێت میلەت بکەینە پەیژەو خۆمان بپەڕینەوە، ئێمە دەمانەوێت سەرتاسەری هەرێم راچڵەکێنین، بەمانگ لەناوخێمەدا لەنێوان سنووری زەردو نیلی و سەوز بمێنینەوە تا دنیاو خوا دێنە دەنگ، بەمانگرتنی مەدەنی و هاواری برسیەکان کاسەی بەرپرسەکانی پێ کاس بکەین، ناکرێت تەنها لەتەختایی شەقامەکان بوێربین، دەبێت لەسەرچاوەو هەورازو رێگا سەختەکانەوە دەست پێبکەین تا هەمووی ئەگرێتەوە ئەگەر بڕیارە لەپێناو خەڵک راچڵەکین، بێ ئەوەی شار بسوتێنین بێ ئەوەی دار وشک بکەین. ئێمە ئەمانەوێت ئەم نادادیە بسوتێنین لەریشەوە هەڵیکەنین، سووتانی بارەگای ئەم لایەن و ئەو لایەن بەلارێدا بردنی خواستە راستەقینەکانە بۆ ئەوەیە ئامانجمان لێ بزر بکەن بۆ ئەوەیە هەقیقەتی پشت زۆرێک داپۆشرێت و بۆ ئەوەیە زۆر پرسی گرنگیتر لەبیربکرێت.
هاونیشتمانی تۆی بێ مووچە و ستەملێکراو گەر ئامانجە راستەقینەکانی خۆت دەناسیتەوە رێگەمەدە لێت بشێوێنن، وەرن پێکەوە دوور لەم هەموو شێرو رێویانەی بۆ کورسی داهاتوویان دەمانکەنە خۆراک، با پێکەوەبین بۆ سەندنەوەی مافەکانمان، تا چۆک بەستەم و نادادی و گەندەڵی دادەدەین و مافەکانمان لەمافیاکانی سیاسەت و بازرگانی دەسێنین.
سەیری رەنگمان مەکەن، هەر رەنگێک بین، پێش ئەوەی رەنگمان ببینن سەیریکەن هەڵگری پەیامێکی مرۆڤایەتین ، لەبەرخاتری تۆخکردنەوەی رەنگمان ئیرادەی مرۆڤبونمان لەدەست نادەین باجەکەی هەرچیەک بێت، بەڵام بەوانەش ناڵێین ئامین کە شەقام دەکەنە گۆڕەپانی ململانێی و بەرژەوەندیەکانن ، قووتی خەڵک دەکەنە بەهانە بۆ بچڕینی قاشە کێکی دەسەڵات و شەڕی کورسی دەکەن.
ئێمە کاتێک لەشەقام ئەبین، کە کورسیچیەکان و بازرگان و نیمچە لیبرالەکان شەڕی بەرژەوەندی خۆیان لەشەقام دوورخەنەوە. ئێمە خەڵکین و لەگەڵ خەڵکین لەپێناو خەڵکیش دەمرین.