لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن نەتەوەیەكگرتوەکان: 30 هەزار خێزان لە حەلەب ئاوارەبون

نەتەوەیەكگرتوەکان: 30 هەزار خێزان لە حەلەب ئاوارەبون

0 تێبینییەکان 153 بینینەکان

ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان ڕایگەیاند، لە دو ڕۆژی شەڕ و پێكدادانەكانی حەلەبدا نزیكەی لە 30 هەزار خێزانی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئاوارەبون و نۆ كەس گیانیان لەدەستداوە و 55ـی دیكەش برینداربون، دەشڵێت، “دۆخی مرۆیی بەرەو خراپی دەچێت لەگەڵ سنوردارکردنی هاتوچۆ، ڕاگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان، و بەردەوامی ڕاگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب”.

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە سوریا رۆژی هەینی(٩\١\٢٠٢٦) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەگەڵ تێپەڕبونی دو ڕۆژ بەسەر پەرەسەندنی کارە دوژمنکارییەکان لە شاری حەلەب، ژمارەی قوربانییان بەپێی وەزارەتی تەندروستی بۆ 9 گیانلەدەستدان و 55 بریندار بەرزبوەوە، کە لە نێوانیاندا ژن و منداڵ هەن، لەگەڵ زیانێکی زۆر لە موڵک و ماڵ و زیانگەیشتن بە چوار نەخۆشخانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، تاكو ئێستا نزیکەی 30 هەزار خێزان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود ئاوارە بون، کە زیاتر لە 20 هەزاریان خێزان بۆ عەفرین گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا هەزار و 100 کەس لە نۆ ناوەندی حەوانەوەی بەکۆمەڵدا نیشتەجێن. دەسەڵاتداران شوێنە ئایینییەکانیان وەک پەناگەی کاتی تەرخانکردوە.

بەگوێرەی نەتەوەیەكگرتوەكان، پێداویستییە مرۆییە پێویستیەكانی وەك خۆراک (بە تایبەت نان)، کەلوپەلی ناخۆراکی و بەتانی، پاڵپشتی ئاو و ئاوەڕۆ و سوتەمەنی بۆ بەرەوڕوبونەوەی سەرمای سەخت بۆ ئاوارەكان دابینكراوە.

لەبارەی دۆخی مرۆییەوە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان دەڵێت، “دۆخی مرۆیی بەرەو خراپی دەچێت لەگەڵ سنوردارکردنی هاتوچۆ، ڕاگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان، و بەردەوامی ڕاگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و بەپێچەوانەشەوە. تیمەکانی وەڵامدانەوە کار دەکەن بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان، بەڵام کەلێنەکان گەورەن لە پەناگە، کەلوپەلی ناخۆراکی، و بەشە خۆراکی ئامادەکراودا.

دەشڵێت، “پێویستە لەسەر هەمو لایەنەکان پابەند بن بە پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخان، پاراستنی دامەزراوە تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییەکانی ئاو، دەستەبەرکردنی گەیشتنی مرۆیی سەلامەت و خێرا، ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە ئاوارەبونی زیاتر.

ماوەی چوار رۆژە هێرشی سەختی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بەردەوامە و شه‌وی رابردوش وه‌زاره‌تی به‌رگری سوریا رایگه‌یاند له‌كاتژمێر 3:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی تا كاتژمێر 9:00ی به‌یانی ئاگربه‌ست راده‌گه‌یه‌نن و مۆڵەت دەدەین بە هێزەكانی ئەو دو گەڕەكە خۆیان ڕادەست بكەن و بە پارێزراوی دەبرێنە ناوچەكانی هەسەدە. بەڵام ئەنجومەنی ئەو دو گەڕەكە ئەو داوایەیان ڕەتكردەوە و جەختیان لە “بەرگری تا مردن” كردوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە