قەبارەی زیانەکان لە هاوکارییەکان گەورەترن؛ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ لەبەرداشی پێدانی هاوکاریی و ململانێی میدیاییدا
بەپێی راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لە چەمچەماڵ 600 ماڵ، لە شۆڕش 600 ماڵ و لە تەکیە 400 ماڵ بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 100 دوکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان، هەشت قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە لەگەڵ 200 ئۆتۆمبێل و 400 حەوزی ماسیش ژێر ئاو کەوتوون.
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش، شەڕێکی میدیایی لەنێوان پارتی و یەکێتی لێکەوتووەتەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی شارەکە دەڵێن هێشتا قەبارەی زیانەکان لە هاوکارییەکان گەورەترن.
شەپۆلی باران بارینی بەخوڕی هەفتەی رابردوو، لافاوی لەچەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە بەتایبەتی لە چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون و ناوچەکان زیانێکی ماددی گەورەیان بەرکەوت.
ئەو سێ ناوچەیە وەک کارەساتبارترین ناوچەی زیانلێکەوتوو بەهۆی کاریگەری لافاوەوە دیاریکران و لیژنەی تایبەت بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنرا، چەندین رێکخراو و دەزگای جیاجیاش هاوکارییان گەیاندە زیان لێکەوتووان.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لە چەمچەماڵ 600 ماڵ، لە شۆڕش 600 ماڵ و لە تەکیە 400 ماڵ بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 100 دوکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان، هەشت قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە لەگەڵ 200 ئۆتۆمبێل و 400 حەوزی ماسیش ژێر ئاو کەوتوون.
هەرزوو پێدانی هاوکارییەکان شەڕی میدیایی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا لێکەوتەوە، بەو پێیەی هەردوو حزب لەسەر ئاستی حکومەت و حزبەکانیان لەرێگەی ئاژانس و رێکخراوەکانی سەر بە خۆیانەوە و بەجیا هەڵمەتی پێدانی هاوکارییان بە زیانلێکەوتووان راگەیاند.
رۆژی هەینی پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکان کێشەی تێکەوت، کاتێک کەسێک کە دواتر وەک پێشمەرگە ناسێنرا تەقەی لەژمارەیەک کارمەندی ئاسایش کرد و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون و یەکێکیان رۆژی شەممە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە لێدوانێکیدا بۆ “سبەی” نەیشاردەوە کە دروستبوونی ململانێ لەبارەی هاوکارییەکان کاریگەری هەیە لەسەر هاوڵاتییانی چەمچەماڵ، بەڵام وتی ململانێکە کاریگەری لەسەر ئیدارە و تیمەکان نەبووە و هەماهەنگی تەواو لە نێوان ڕێکخراوەکان و دام و دەزگاکان لەڕێگەی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆی چەمچەماڵدا هەیە.
رەمک رەمەزان وتیشی “ئەو هاوکارییانەی کە تاکو ئێستا گەیەندراون بە زیانلێکەوتووان لە ئاست زیانەکان نین و زیانەکان زۆرترن بەڵام هاوکارییەکان جێگەی خۆیان گرتووە، لە ئێستادا لیژنەکان لە کاردان بۆ تۆمارکردنی زیانەکان و چەندین لیژنە پێکهاتووە وەک لیژنەی ناوبازاڕ و لیژنەی ئۆتۆمبێل و لیژنەی خەمڵاندنە زیانەکانی هاوڵاتییان”.
بەپێی بەدواداچوونی “سبەی”، زیاتر لە 10 رێکخراو و ئاژانس بەجیا هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە سنوری چەمچەماڵ. تا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبارەی کۆی ئەو هاوکارییانەی کە کۆکراونەتەوە و گەیەنراون بە سنورەکە نەخراوەتەڕوو، هەرچەندە هەندێ لە ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بە کۆکردنەوەی نزیکەی دوو ملیار دینار هاوکاری دەکەن.
وریا عەبدولخالق، ئەندامی گروپی ڕا لە چەمچەماڵ بۆ سبەی ئاماژەی بەوەدا، ئەوان لە شێوازی دابەشکردنی هاوکارییەکان رازی نین “دڵنیان خەڵکانێک هەیە ئەگەر زیانیشی بەرکەوتبێت لە ڕووی نایات بێتە بەردەم کامێرا و داوای یارمەتی بکات و دەربکەوێت”.
وتیشی “داوامان کردووە لیژنە و ڕێکخراوەکان بچنە ماڵەکان و لە نزیکە و زیانەکانیان ببینن، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لیژنە و لایەنەکانیش کاریگەری هەیە لەسەر خەڵک و بووەتە هۆی دروستکردنی جیاوازی و قەرەبونەکردنەوەی هاوڵاتییان وەک یەکتر”.
“پارتی و یەکێتی میدیاکانیان کارێکی زۆر خراپ دەکەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕوماڵکردنەوە تۆڵە لە یەکتر بکەنەوە چەمچەماڵ بۆتە سەکۆی ململانێی حزبی و چەمچەماڵ وەک سواڵکەر پیشاندراوە”، وریا عەبدولخالق وایوت.
سەرچاوە: سبەی-هانا مەحمود