هه‌ڵبژاردنه‌كه ماوه‌ی 10 ساڵه هاوشێوه‌ی له عێراق نه‌كراوه. مه‌به‌ست لێی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه.
حكومه‌ته خۆجێیه‌كان، له چوارچێوه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی ساڵی 2008 ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانیان پێدراوه بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری سنوری یه‌كه ئیدارییه‌كانیان ڕاپه‌ڕێنن.
دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، شه‌ش مانگ ده‌رفه‌ت هه‌یه بۆ ئاماده‌كاری و ڕێكخستنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكان.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دوای ئه‌وه دێت، له پایزی 2019دا، به فشاری خۆپیشانده‌رانی تشرین، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
دادگای باڵای ئیتیحادی، دوای هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان، بڕیاری دا، پڕۆسه‌كه به‌ڕێوه‌بچێت.
كابینه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سودانی، كه به پشتیوانی لایه‌نه شیعه‌كانی “چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی” و كورد و سوننه، پێكهێنرا، واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرد.
لایه‌نه ڕكابه‌ره‌كان
ڕه‌وتی سه‌در، به سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، بایكۆتی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كردووه. داوای له لایه‌نگرانی كردووه، نه‌چنه سه‌ر سندوقی ده‌نگدان.
گۆڕه‌پانه‌كه له پارێزگاكانی باشور، كراوه‌یه بۆ گه‌شه‌كردنی هه‌ژمونی زیاتری ئه‌و لایه‌نانه‌ی نزیكن له كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه.
له پارێزگا سوننه نشینه‌كاندا لایه‌نه سوننیه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا دابه‌ش بوون و ئه‌گه‌ری به‌هێز پاشه‌كشێی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی محه‌ممه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه.
له پارێزگاكانی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، جگه له لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان، هه‌ریه‌ك له لایه‌نه كوردییه‌كان و توركمانه‌كان كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كان ده‌كه‌ن.
پێكهاته‌كانی شه‌به‌ك، ئێزدی، كریستیان و سابیئه‌ی مه‌ندائی، هه‌ریه‌كه‌یان به چه‌ند پاڵێوراوێك، كه دابه‌شبون به‌سه‌ر هێڵه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی‌دا كێبڕكێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی كۆتاكان ده‌كه‌ن.
هه‌ریه‌ك له هاوپه‌یمانی “بنیاتنان – نبني” زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كانی شیعه، جگه له ڕه‌وتی سه‌در ده‌گرێته‌وه، هاوپه‌یمانی “نحن أمة” به‌هێزترین هاوپه‌یمانی سوننه‌كانه و محه‌ممه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، هاوپه‌یمانی “ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا”، نوری كامل مالكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری عێراق سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، هاوپه‌یمانی “ئه‌نباری یه‌كگرتوو”، سه‌رۆكی حزبی چاره‌سه‌ر، جه‌مال كه‌ربولی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، دیارترین ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌ن، كه كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كه‌ن، كه 285 كورسین.
جگه له‌و لایه‌نانه، هه‌ریه‌ك له هاوپه‌یمانی “ئه‌لحه‌سم”، كه وه‌زیری به‌رگری ئێستای عێراق، “ثابت ئه‌لعه‌باسی” سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و له 9 لایه‌نی سیاسیی پێكهاتووه، هه‌روه‌ها لایه‌نه كوردییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و نه‌وه‌ی نوێ به‌شدارن له پڕۆسه‌كه‌دا و كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كان ده‌كه‌ن.
هه‌ندێك هاوپه‌یمانی دیكه هه‌ن، له‌وانه هاوپه‌یمانی “به‌های مه‌ده‌نی”، كه له 10 حزبی سیاسیی پێكهاتووه، هاوپه‌یمانی “هێزه مه‌ده‌نییه‌كان” و هاوپه‌یمانی “توركمانی عێراق” به‌شێكی دیكه‌ن له‌و هێزانه‌ی پاڵێوراویان هه‌یه.
ژماره‌كانی كۆمیسیۆن
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی جومانه ئه‌لغولای، وته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌م جۆره‌ن:
ده‌نگده‌ر: 16 ملیۆن كه‌س.
ناوه‌ندی ده‌نگدان: 7.766 ناوه‌ند.
وێستگه‌ی ده‌نگدان: 38.000 وێستگه.
كۆی پاڵێوراوان: 6.022 پاڵێوراو.
هاپه‌یمانییه به‌شداربووه‌كان: 38 هاوپه‌یمانیی.
كۆی گشتیی هاوپه‌یمانی و حزب و سه‌ربه‌خۆكان: 163.
ژماره‌ی پاڵێوراوی هاوپه‌یمانییه‌كان: 4.223 كه‌س.
ژماره‌ی پاڵێوراوی حزبه‌كان: 1.729 كه‌س.
ژماره‌ی پاڵێوراوی سه‌ربه‌خۆ: 70 كه‌س.
ژماره‌ی پاڵێوراوی پێكهاته‌ی كریستیان: 16 كه‌س.
ژماره‌ی پاڵێوراوی پێكهاته‌ی سابیئه: 10 كه‌س.
ژماره‌ی پاڵێوراوی كوردانی فه‌یلی: 13 كه‌س.
ژماره‌ی پاڵێوراوی پێكهاته‌ی شه‌به‌ك: 5 كه‌س.
ژماره‌ی پاڵێوراوی پێكهاته‌ی ئێزدی: 4 كه‌س.
ژماره‌ی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی: 87 چاو‌دێر.
ژماره‌ی چاودێرانی ناوخۆیی: 33.000 چاو‌دێر.
ژماره‌ی چاودێرانی لایه‌نه سیاسییه‌كان: 5.000 چاو‌دێر.
ژماره‌ی به‌شداری دامه‌زراوه میدیاییه‌كان: 95 دامه‌زراوه‌ی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی.
ژماره‌ی كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كان: 285 كورسی.
ژماره‌ی پاڵێوراوانی ژن (به گوێره‌ی سیستمی كۆتای %25): 1.600 پاڵێوراوی ژن.
ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان: 430.000 فه‌رمانبه‌ر.
ژماره‌ی ڕێكخراوه چاودێره‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه: 500 ڕێكخراو.
ژمارەی كورسی كۆتای ژن: 75 كورسی. 10یان بۆ كۆتای پێكهاته‌كانه.
ژمارەی سەرپەرشتیار: 206 هەزار و 429 فەرمانبەر.
ژمارەی کامێرای چاودێری: 111 هەزار و 714 کامێرا.
ڕێژه‌ی به‌شداری
به گوێره‌ی پێشبینی ئیحسان شه‌ممه‌ری، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری بیركردنه‌وه‌ی سیاسی، به هۆی بێ هیوایی تاكی عێراقی و بایكۆتی ڕه‌وتی سه‌دره‌وه، پێشبینی ده‌كرێت، ڕێژه‌ی به‌شداری له پڕۆسه‌ی ده‌نگدان له نێوان (%8-15) بێت.
سه‌جاج جیاد، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی عێراق له وتارێكدا، كه له سایتی ناوه‌ندی توێژینه‌وه هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سه‌ر به زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له سلێمانی بڵاویكردوه‌ته‌وه، نوسیویه‌تی: حزب و هاوپه‌یمانییه گه‌وره‌كان پشكی شێریان له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌ر ده‌كه‌وێت، له كۆی پازده پارێزگا له نۆ پارێزگای باشوردا لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوپه‌یمانه‌كانیان براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌بن.
له پارێزگا سوننه نشینه‌كاندا، پێشبینی ده‌كرێت، هاوپه‌یمانی محه‌ممه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، پاشه‌كشێ بكات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت، كه دادگای باڵای ئیتیحادی، تاوانی ساخته‌كردنی واژوی نوێنه‌رێكی به‌سه‌ردا ساغ كرده‌وه و له پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نه‌كه دووری خسته‌وه.
جه‌یاد، به دووری نازانێت “گرژی تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی” سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه، به تایبه‌تی له پارێزگای كه‌ركوك، كه مێژویه‌كی له گرژی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب و توركمان هه‌یه.
ئه‌و شیكه‌ره‌وه‌یه، ڕای وایه، له باشترین حاڵه‌تیشدا ڕێژه‌ی به‌شداری له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له سه‌دا بیست و پێنجی كۆی ده‌نگده‌ران، كه له نێوان شازده تا حه‌ڤده ملیۆنن تێناپه‌ڕێنێت.
فرانس پرێس، له ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌یداوه، كه زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران بڕوا و متمانه‌یان به به‌ڵێنی پاڵێوراوه‌كان نیه، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردوه، به‌ده‌مه‌وه‌چونی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه وه‌ك پێویست نه‌بێت.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان
هه‌ر خولێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان چوار ساڵه، له دانیشتنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه هه‌ژمار ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له یاسای پارێزگاكانی ناڕێكخراو له سنوری هه‌رێمه‌كان ده‌ستنیشان كراوه و له ساڵی 2008 ده‌رچووه.
هه‌ر ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌ك بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س، 10 كورسی هه‌یه، له دوای ئه‌وه بۆ هه‌ر 200 هه‌زار كه‌سێك له سه‌رووی یه‌ك ملیۆنه‌وه، كورسییه‌ك ته‌رخان ده‌كرێت، نابێت كۆی كورسییه‌كانیش بگاته سه‌روی 35 كورسی.
ته‌نیا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان نیه، دوای ئه‌و ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكان دێت، ئه‌ویش شه‌ش مانگ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به شه‌ش مانگ هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌كرێت.
ئه‌نجومه‌نی قه‌زا له حه‌وت ئه‌ندام پێكدێت، وه‌ك خه‌مڵاندن بۆ 500 هه‌زار كه‌س، به دوایدا بۆ هه‌ر سه‌د هه‌زار كه‌سێك كورسییه‌ك زیاد ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای نوێترین ئامار كه تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌بێته بنه‌مای. نابێت ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه بگاته سه‌روی 13 ئه‌ندام.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان سه‌ربه‌خۆیی دارایی هه‌یه، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه یان ئه‌ندامێكی ڕاسپێردراو، ئه‌ركه‌كه ده‌گرێته ئه‌ستۆ، ته‌نیا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌سه‌ڵاتی چاودێری به‌سه‌ریه‌وه هه‌یه.
داهاتی ئه‌نجومه‌ن
ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بودجه‌یان له لایه‌ن حكومه‌تی ئیتیحادییه‌وه بۆ دابین ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بودجه‌ی گشتی وڵات په‌سند ده‌كرێت و پشكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نه‌كان، داهاتی خزمه‌تگوزاری و پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی تایبه‌ت به سنوری پارێزگاكانیان له‌به‌ر ده‌ست ده‌بێت، جگه له داهاتی ڕسوم و سزاكانی پێبژاردن، كه له ده‌ستور و یاسا ئیتیحادییه‌كاندا ده‌ستنیشان كراون.
له مانگی ئایاری ڕابردوودا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕی 150 ملیار دینار (114 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی) ته‌رخانكرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌ن
ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه هێلكاری سیاسه‌تی گشتیی پارێزگاكه‌یان بكه‌ن، پێشینه‌ی پڕۆژه و كاره‌كانیان ده‌ستنیشان بكه‌ن، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌ك هاته ئاراوه، پێشینه بۆ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌بێت.
ئه‌نجومه‌نه‌كه ده‌سه‌ڵاتی پێدراوه، پارێزگار و جێگره‌كانی به زۆرینه‌ی ڕه‌های ده‌نگه‌كان له ماوه‌ی یه‌ك مانگ له دوای یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌ڵبژێرێت.
هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی پێدراوه، لێپرسینه‌وه له پارێزگار و هه‌ر یه‌ك له جێگره‌كانی بكات، ئه‌گه‌ر سامانی گشتیی به‌هه‌ده‌ر بده‌ن، یان كه‌مته‌رخه‌میان هه‌بێت له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیان، یاخود ده‌سه‌ڵاتیان خراپ به‌كاربهێنن و له گه‌نده‌ڵییه‌وه بگلێن.
جگه له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ئاماژه‌یان پێكرا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌سه‌ڵاتی چاودێریكردنی هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌تیان له سنوری یه‌كه‌ی ئیداری خۆیان هه‌یه، جگه له دادگاكان، یه‌كه سه‌ربازییه‌كان، زانكۆ، په‌یمانگه و فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ئیتیحادی.
پێشینه
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، ده‌بێته سێیه‌م هه‌ڵبژاردنی حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكان له دوای 2003ـه‌وه، هاوكات له 2013ـه‌وه یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكرێت.
هه‌ڵبژاردنه‌كه، چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه، به‌ڵام جیاواز له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو، كه‌ركووك ده‌گرێته‌وه. له هه‌رێمی كوردستاندا دوا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، كه كرابێت، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بوو، كه له 30ـی نیسانی 2014 كرا، دواتر بڕیار بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا له 2018 بكرێت، به‌ڵام نه‌كرا و دواخرا.
له تشرینی یه‌كه‌می 2019دا شه‌پۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین پارێزگاكانی عێراقی گرته‌وه. خۆپیشانده‌ران داوای هه‌ڵبژاردنیان كرد. ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له وه‌ڵامی داخوازی خۆپیشانده‌راندا، بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقی ده‌ركرد. به‌ڵام پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام بوون له كاری خۆیان، تا ئه‌یلولی ئه‌مساڵ.
له 24ی ئه‌یلولی 2023دا، دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق، به نوسراوی ژماره 124ی 2023 بڕیاری دا، كه مانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی (2) خاڵی یه‌كه‌م و بڕگه‌ی (ب، ج) و مادده‌ی (6)ی ده‌ستوری عێراقه و هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه، تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو. هه‌روه‌ها دادگاكه ئه‌و درێژكردنه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كان كه به گوێره‌ی مادده‌ی دووی یاسای ژماره دووی ساڵی 2019ی هه‌مواركراو كردبووی هه‌ڵیوه‌شانده‌وه و به ناده‌ستوری له‌قه‌ڵه‌م دا.
سەرچاوە:سایتی سبەی