Table of Contents
شێوازی دەربڕینی وشەكان كاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر ئەنجامی قسەكان، ئیدی لەناو خێزان، هاوڕێكان، شوێنی كار یان خوێندن بێت، چونكە وشەكان وەكو سیحر كاریگەریی لەسەر هەستی بەرامبەر دروستدەكەن، هەربۆیە دەبێت بزانیت چۆن بەكاریان دەهێنیت.
لەروی ئەتەكیەتەوە، بۆئەوەی وشەكانت برینداركەر نەبن و گفتوگۆكان نەگۆڕێن بۆ دەمەقاڵێ، دەتوانیت سود لەم شێوازانە ببینیت كە ماڵپەڕی “اليوم السابع” بڵاویكردوەتەوە:
میهرەبانانە بدوێ
قسەكردن بە نەرم و نیانی لە هێز و گەورەیی تۆ كەمناكاتەوە، بەڵكو رەنگدانەوەی رێزی ناخە، كاتێك گفتوگۆكان رون و نەرمن، ئاسان دەتوانیت بیرۆكەكەت بە بەرامبەرەكەت بگەیەنیت تەنانەت ئەگەر بیركردنەوەشتان زۆر جیاواز بێت.
گوێبگرە
پێش ئەوەی بیركردنەوەی خۆت بخەیتەڕو، باشترە سەرەتا رێگە بە بەرامبەرەكەت بدەیت بە تەواوی رای خۆی بڵێت، ئەمەش ئەو هەستە بە بەرامبەرەكەت دەدات كە ستایش كراوە و وا بیرناكاتەوە كە ئەو قبوڵ ناكەیت.
بەكارهێنانی دەستپێكی رستەكان
كاتێك رای بەرامبەرت قبوڵ نییە، لەبری ئەوەی بڵێیت “تۆ هەڵەیت”، دەتوانیت بڵێیت، “هەست دەكەم باشترە ئەگەر…..”، بەمشێوەیە رەخنە دەگۆڕیت بۆ دەربڕینی رای خۆت بێ ئەوەی هێرش بكەیتە سەر بەرامبەرەكەت، دوربكەوەرەوە لە وشەی زبر و شێوازی گاڵتەپێكردن.
سەرنجبخەرە سەر بیرۆكەكە، نەك كەسەكە
كاتێك بیركردنەوەت لەگەڵ كەسێكدا ناگونجێت، سەرنجت لەسەر خودی كەسەكە نەبێت، بەڵكو سەرنجت لەسەر بیركردنەوەی بێت، پێویستە لەو چوارچێوەیەش گفتوگۆی لەگەڵ بكەیت، بەو واتایەی با قسەكانت بەشێوەیەك بن كە نیشانی بدەیت هاوڕای نیت، نەگ گاڵتە بە كەسایەتی و شێوەی روخسار و جەستەی بكەیت.