ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد بەبۆنەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان و جەختی لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتێک کردەوە “بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لە کاتی خۆیدا” کە ڕەنگدانەوەی ئیرادە و خواستەکانی گەلی عێراق بێت.
ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کردوە بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەروەها پیرۆزبایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردوە بۆ هەوڵەکانی بۆ دڵنیابون لە ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی هەڵبژاردنەکان.
لە بەیاننامەکەدا سکرتێری گشتی پێشوازی لە “بەڕێوەبردنی گشتیی ئاشتیانە و ڕێک و پێکی هەڵبژاردنەکان” کردوە، “متمانەی خۆی دەربڕی کە لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکان گیانی ئاشتی و ڕێزگرتن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەپارێزن تا ئەوکاتەی ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێت”.
گۆتێرێس ههروهها جەختی لە “گرنگیی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت کردەوە کە ئاشتیانە و لە کاتی خۆیدا بێت، كه ئەوەش گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی عێراق دەکات و خواستەکانیان بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان بەدی دەکات”.
ئەمینداری گشتی دوپاتی لە پابەندبونی نەتەوە یەکگرتوەکان کردهوه بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە گەشتەکەی بەرەو چەسپاندنی دەستکەوتە دیموکراسیەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی هەمو عێراقییەکان بۆ ئایندەیەکی ئارام و خۆشگوزەران.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتێکدا کە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی نزیک دەبێتەوە، ئەمینداری گشتی پێزانینی خۆیشی بۆ هاوبەشی درێژخایەنی نوێنەرایەتییەکە لەگەڵ دامەزراوەکانی هەڵبژاردنی عێراق و کۆتایی هاتنی زیاتر لە دو دەیە هاوکارییە هەڵبژاردنەکانی یونامی دەربڕی.
كاتژمێر 7:00ی بهیانی رۆژی سێشهممه(١١\١١\٢٠٢٥) دهنگدانی گشتی له عێراق و ههرێمی كوردستان دهستیپێكرد، ههشت ههزار و 703 بنكهی دهنگدان كه له 39 ههزار و 285 وێستگه پێكدێن، كرانهوه. كە تێدا 31 هاوپەیمانی، 38 حزب و 79 تاكەكەس بەشداری هەڵبژاردنیان كرد و زیاتر لە حەوت هەزار كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن.