19
لەماوەی ئەم بیستوپێنج ساڵ ژیانەی ئەوروپادا، ئەوەی تێبینیم کردوە کە ئەوروپییەکان لە ڕوی ئازاری جەستەییەوە زۆر بەهێزتر و خۆڕاگرترن، بەراورد بە خەڵکی ناوچەكانی ئێمە، بەڵام لە ڕوی ئازار و گرفتی دەرونییەوە ئەوان بەراورد بە ئێمە زۆر لاواز و کەم ورەن!
ئەوکاتانەی لە كوردستان کە حەکەمیم بۆ دوو تیپی دەربەندیخان و ئەو ناوچانە ئەكرد، ئەوەی ئەمبینی بە بچوکترین لێدان یاریزانەکان هاواریان لێهەڵئەسا، بەپێچەوانەوە دەیان جار لە ناو یاریگاکانی نەرویجدا حاڵەتی برینداری سەخت و شکانم بینیوە، کەچی زۆر خۆڕاگر و بەهێزبوون.
تائێستا سێ جار لە ناو فڕۆکەدا توشی حاڵەتی مەترسیدار هاتوم، تەواوی سەرنشینەکان خۆڕاگر و بێدەنگبوون و نەیانکردوە بەهاتوهاوار، لەبەرانبەردا هەمومان ئەو هاتوهاوارانە ئەبینین کاتێک كە خەڵكی خۆمان ڕوبەڕوی ڕوداو ئەبێتەوە.
ئەوروپییەکان کە توشی نەخۆشی سەختیش دێن، زۆرینەیان ئارام و بەهێزن، پێچەوانەی ئێمە هەر کە نەخۆش کەوتین ئیتر ئەڕۆین بۆ عەمرە!
وەکگوتم، ئەوروپییەکان لە ڕوی کێشەی دەرونییەوە لاوازن و ناتوانن لە خەمۆکی دەربچن، پێچەوانەی ئێمە کە لە کارەساتدا کۆمیدیا ئەخوڵقێنین.
ئەو كێشانەی كە لێرە ئەبنە هۆی خەمۆكی و خۆ بەدەستەوەدان بۆ تاكی ئەوروپی ، لای خۆمان هەر عەیبەیە باسیشی بكەیت!
شێتەکانی ئێرە تەواو بێدەنگن، لە بازاڕ و فەرمانگە و سەركاریشدا وەک شێت دەرناکەون، ئەکرێت پیاوێکی شیکپۆشی خاوەن پلە و پایەشبێت و لە ناخیشدا شێتێکبێت، ئەوە ڕاستە شێتەکانی ئەوروپا وەک شێتەکانی ئەمەریکا خەڵکی ناکوژن، بەڵام ساڵانە سەدان کەس لە سکەندەناڤیا دەستیان ئەچێتە خۆیان و خودكوژی ئەنجامئەدەن !
ئەگەر سەیری ئاماری ئەو كەسانە بكەیت كە ساڵانە لە ئەوروپا دەستیان ئەچێتە خۆیان، ئەبینیت زۆرینەیان پیاون و كەم تەمەنیشن!
دیارە هۆكاری تەنهایی و نەبونی هاودەم(ژن) هۆكارێكی سەرەكییە.
لێرە كە ژنێك ڕۆشت نایەتەوە، ئاسانیش نییە بۆ زۆرێك لە پیاوەكان ژنێكی تر پەیدابكەن!
هەركەس لە میمكە ناهیم بپرسێت: فاخر چۆنە؟
ئەڵێ بەخوا سێ ژنیشمان بۆ هاوردوە و هەر وەكو خۆی واسە!
دادە ئەدیبە هەرجارێك شەڕی لە گەڵ فاتەی بوكیدا بكردایە هاواری ئەكرد: بلەی كوڕم ڕازی وێ نایەڵم خۆر لە ملەی زەردە بڕوا وەو دیوا ژنێكی تری بۆ تێرم!
مرۆڤی ئێمە هەمیشە پێویستی بە شێتەکانە، هەربۆیە هەرکەس کە تۆزێک ڕەگی شێتی تیابوو ئیتر هانی زیاتری ئەدەین بۆ شێتبوون.
لەم بەینەدا هەردوولا سودمەندئەبین، هەم خەڵکەکە و هەم شێتەکەش!
هاوڕێیەکی کەلاریم هەبوو ئەیگوت: ئێوەی دەربەندیخانی یەک شتتان زۆر خراپە، کە بیگرن بە کەسێکەوە تا شێتی نەکەن وازی لێ ناهێنن، بەڵام کە شێتتانکرد ئیتر هەموو شتێکی بەلاشە و نانی ئەخەنە ڕۆن.
ئێمە شێتەكانمان بە تەنها جێناهێڵین، لە بازاڕدا ئەبین بە هاوڕێ و هاو عەقڵیان، بەشێوەیەك كە كەس ناتوانێت بزانێت كاممان شێتەكەین!
زۆرینەی ئەوانەی کە ئێستا دەوری شێت ئەبینن، کەسانێکی دڵخۆشن، سەیارە و خواردن و حەلاق و گەشتوگوزار و جلیشیان مسۆگەرە، زۆرجار ئەگەیتە ئەو باوەڕەی کە ئەوان بە خەڵکی ڕائەبوێرن نەک پێچەوانە.
هەمیشە ئەوە ئەڵێم ئەگەر لێرەش شێتەکان لە بازاڕدا جنێویان بدایە و جڕتیان لێدایە و خەڵکیش لە دەوریان کۆ ببوایەتەوە ئەوە ئاوا دەستیان نەئەچوە خۆیان و ئەم هەموو خەمۆکی و نەخۆشی دەرونییە نەئەما.
ئەگەر شێتەکانی نەرویجیش وەک ئەوانەی لای خۆمان لە سۆسیالمیدیدا دوو جار بیانلوراندایە و دوو جار گۆرانی تلیشم سەکۆن جیکالەیان بگوتایە، دوو جار بە کڵاوجامانەوە وەک پڵنگ لە ناو پارکێکی پایتەخدا جەمپیان بکردایە، دوو جار مێدیا بیكردنایە پاڵەوانی سەر شاشە، ئیتر ژیانیان مسۆگەر ئەبوو و ئەشیانتوانی ببنە ئەندام پەرلەمان، ئەیانتوانی ببن بە سەرۆكی حیزب، ئەیانتوانی سواری سەری خۆیان ببن و نەهامەتی گەورە بهێننە بەردەم دەرگای میلەت!
ژیان پڕە لە نەهەماتی و نەبونی و نادادپەروەری زۆرجار بە جددیات تێپەڕنابێت و ئەبێت بیدەیتە بەر فیشقییات، لەمەشدا ئێمە گرەومان بردۆتەوە لە ئەوروپییەکان.
ژیانی ئێمە بەم بەزمانەوە خۆشە، یەک سەعات لە چاخانەکەی فەریدونا دانیشە بەشی ساڵێک پێئەکەنی، ئێمەو شێتەکان تەواوکەری یەکترین و کەس نازانێت کاممان شێتە ڕاستییەکەین، بەڵام هەردوو لامان بێ یەکتر ناژین!