لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا کەروێشکی ڕۆژنامەنووس

کەروێشکی ڕۆژنامەنووس

0 تێبینییەکان 17 بینینەکان

 نووسینی/ زیرەک کەمال:
لەناو ئەو هەموو ئاژەڵەدا بەڕێوەبەری دەزگەیەکی ڕاگەیاندن کەروێشکی ناسکونازداری لای خۆی دامەزراند، بەس ئێستاشی لەگەڵ بێت کەس نەیزانی کەروێشکی گوێ مووت و چاوبز و خڕوخەپان چۆن وا خێرا یەکسەر بوو بە ڕۆژنامەنووس و چۆنیش توانی ئاوا ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی لەناو زیندەوەران ئامادە بکات. ئاخر هەموومان پێمان وابوو هونەری کەروێشک تەنها گێزەر خواردن و هەڵاتنە لەبەر تاژی. سەرەتای ڕاپۆرتەکەی کەروێشک بە دواندنی حوشتر دەستی پێ کردووە و لێی پرسیوە: جەنابی خوشتر بۆچی جەستەت ئاوا خوار و خێچە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتبووی هۆکارەکە ئەوەیە دروستبوونی من بە لیژنە سپێردراوە و لیژنە دروستی کردووم، بۆیە ئاوا خواروخێج دەرچوومە. پاشان لە بۆقی پرسیوە: باشە پێم بڵێ تۆ بەردەوام لەناوچەی کەسکایی و گوێی ڕووبار و قەراغ کانی و کەناری ئاوەکان دەژی لەسەر فەرشی قەوزە هەڵبەزودابەز دەکەی و ڕاوی پەپوولە و مێرووو مێش و مەگەز دەکەی، ئەی پێم ناڵێی بۆچی بەردەوام دەقیڕێنی؟
بۆقەکە گوتبووی: من سەرەتا بێدەنگترین زیندەوەری سەرڕووی زەوی بووم، بەڵام دوای ئەوەی ئاڵۆزیەک لە دەڤەری زیندەوەران دروست بوو پاشای مەملەکەت لیژنەیەکی پێکهێنا و منیشی خستە ئەو لیژنەیە و لەوێش سەرۆکی لیژنە پێی گوتم: تۆ بۆت نییە یەک قسە بکەی تەنها بقیڕێنە. ئیدی لەوساکەوە قیڕەقیڕە بۆتە خووێکی خۆم و بەهیچ شێوەیەک ناتوانم وازی لێ بهێنم. دواتە کەروێشکەقووتە چۆتە ماڵی قەلەڕەش و لێی پرسیوە پێم ناڵێی بۆچی ئاوا بە ڕووڕەشی ناسراوی؟ بۆچی هەمووان وەکو باڵندەیەکی ناشیرین و قێزەون سەیرت دەکەن؟ تەنانەت مرۆڤە جەردە و بکوژ و دزەکانیش کە لە یەکتری تووڕە دەبن بەیەکتری دەڵێن: ئەی ڕووت ڕەش بێت وەکو قەل؟ قەلەڕەش گوتی: من سەرەتا مامۆستای هەردوو دنیا بووم و جوانترین شێوە و ڕووخسار و ناوبانگم هەبوو، بەڵام پیشەکەم خراپ بەکارهێنا و بە درۆ و دەلەسە و بە زمانی خۆش و کلاواتی سەیر، قۆڵی چەندین مێنەم بڕی، بۆیەش ئاوا ڕووڕەشی دنیا بووم. دواتر کەروێشکە خەپە دەچێتە ماڵی ڕێوی و پێی دەڵێت:
بۆ پرسیارێک هاتووم؟ مام ڕێویش بەدەم تەسبێحاتەوە گوتی: فەرموو چیت هەیە ئازادانە بیڵێ؟ کەروێشک لێی پرسی تکایە پێم بڵێ بۆچی ئاوا لەناو گیاندار و مرۆڤەکان بوویتە ڕەمز و نیشانەی فێڵبازی؟ ڕێوی یەک و دووی نەکردوو بە خەمباریەوە گوتی: من سەرەتا سیاسی بووم و پێگە و کەسایەتییەکی باشم هەبوو، بەڵام دواتر پێگەی خۆم خراپ بەکار هێنا. ئەویش ئەوەبوو بە ڕووی دەرەوەدا لە ناو بەرەی بەرهەڵستکاری، دژ بە ناعەدالەتی و گەندەڵی هاتوهاوارم بوو، لەژێرەوەش سیخوڕیم بەسەر برادەرەکانی خۆمەوە دەکرد و ڕاپۆرتم لە دژیان بۆ کاربەدەستتانی دەوڵەت دەنووسی. ئیدی لەو ڕۆژەوە بوومە ڕەمزی فێڵکردن و تەڵەکەبازی، بەڵام ئەوەی لەو ڕاپۆرت و بەسەرهاتەدا سەیرە و پرسیارە لای هەمووان’ ئەوەیە کەروێشکە خەپە چۆن جورئەتی کرد ئەوە بکات و چۆنیش توانی بە سەلامەتی لەماڵی ڕێوی بێتەدەرێ؟ لە ڕاستیدا وەڵامەکە ئەوەیە: بەڕێوربەر خۆی ڕاپۆرتەکەی ئامادە کردووە بەناوی کەروێشکەخان بڵاوی کردووەتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە