ئامانجی سەرەکی سیستمی فێرکاری دیموکراتی، ئامادەکردنی منداڵ و مێردمنداڵە بۆ ئەوەی ببنە مرۆڤێکی بیرکەرەوەی رەخنەگر. سیستمەکە پەروەردەی منداڵ، قوتابی و خوێندکار دەکات بۆ ژیانی گەورەساڵی هەتا بتوانن وەک هاوڵاتی رۆڵی کاریگەرو دیاریکراویان هەبێت لەپەیوەندی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی ناو کۆمەڵگەدا.
لەزۆر کاتدا بەها بەرزەکان پێش زانست دەکەون بەشێوەیەک کەمتمانە هەبێت بەسیستمی کۆمەڵایەتی و فەرمانڕەوایی سیاسی. متمانەش مانای گوێڕایەڵی و بێدەنگی نیە، بەڵکو مانای رەخنەگرتن و بیرکردنەوەیە لەوەی چۆن گەشە بەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بدەن بەرەو ئاستێکی بەرزتر.
سیستمی پەروەردەو خوێندنی کوردستان لەجیاتی ئەوەی بچێتە پێشەوە، ساڵ لەدوای ساڵ، هەم لەڕوی ئەنجامەکانەوە و هەم لەڕوی چۆنایەتیەوە دەچێتە دواوە. لەجیاتی ئەوەی مرۆڤی بیرکەرەوە دروستبکات، مرۆڤی بێباوەڕو بێمتمانە بەسیستمی بەڕێوەبردنی خاک و وڵات بەرهەم دەهێنێت. مرۆڤەکان کەمترو کەمتر باوەڕیان بەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت. نەوەیەک گەنجی غەمبارو دڵشکاو بەرهەمدێنێت کەباوەڕی بەپاشەڕۆژ نیە. باوەڕی بەوە نیە کەژیانی ئایندەی باشتر دەبێت لەئێستا.
ئەم بێباوەڕی و بێمتمانەییە زۆر ترسناکە بەڵام کەس لەدەسەڵاتداران ئەو مەترسیە بەڕونی نابینن. گەورەترین دەرئەنجامی داڕوخانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، گەندەڵیە. ئێستاش کەم کەس لەکوردستان هەیە، بەدەسەڵاتدارانیشەوە، دان بەوەدا نەنێن کەسیستمی بەڕێوەبردنی کوردستان هەروەک سیستمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەندەڵە. گەندەڵیش لەسەر هەموو ئاستەکانە، تەنانەت لەسەر ئاستی پەیوەندیە کەسایەتی و خێزانەکانیشە.
هۆکاری سەرەکی گەندەڵیش نەبونی بەهای بەرزی مرۆڤایەتیە لەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا. نەبونی ویژدانە لەمامەڵەکردنی رۆژانەدا. نەبونی بەربەستێکی دەرونیە لەناخی تاکەکاندا کەڕێگر بێت لە داڕمانی پەیوەندیەکان.
گۆڕانکاری لەپەیوەندیەکاندا تەنیا لەڕێگەی پەروەردەو خوێندنەوە دەکرێت. لە باخچەی ساوایانەوەو بەرەو ژور. ئەو کارەش هەر کات دەستپێبکرێت باشە بەڵام سەرەتای ئەو کارە دیارنیە لەکوردستان. خەمساردیەکی قوڵ هەموو سیستمەکەی گرتوەو بۆتە رێگر لەبەردەم نوێخوازی و ریفۆرمدا لەسیستمەکەدا.
لەم ماوەیەی دواییدا کۆنگرەی پێنجەمی پەروەردە گیرا بەبێ ئەوەی هیچ ریفۆرمێک یان نوێخوازیەک بکرێت لەبواری بەهاکاندا. هۆکارەکەشی تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی و بێتوانایی. ئەگەر نا، کامانەن ئەو گۆڕانکاریە ستراتیژیانەی کەکران؟ کاریگەرییان چۆنە و چەندە لەسەر دروستکرنی مرۆڤی بیرکەرەوەی رەخنەگر؟.
کام لێکۆڵینەوەی کاریگەر پێشکەشکرا لەکۆنگرەدا؟ چەند لێکۆڵینەوە پێشکەش کرا دەربارەی سیستمی تاقیکردنەوەکان؟ چەند بەدواداچون پیشاندرا دەربارەی ئەنجامەکان؟ چەند وردبونەوە کرا لەسەر سەرکوتکردن لەقوتانخانە و خوێندنگەکاندا؟
ئێستا یۆنان لەتەنگژەیەکی ئابوری قوڵدایەو مانەوەو نەمانەوەی لەیەکێتی ئەوروپادا بەندە بەو پەیمانانەی کە یۆنان دەبێت بیدات بە یەکێتی ئەوروپا. هۆکاری سەرەکی تەنگژە ئابوریەکەی یۆنان دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی. سەرچاوەی گەندەڵیەکەش سیستمی خراپی فێرکاریانە.
کوردستان زۆر لەدوای یۆنانیشەوەیە بەهەموو پێوەرەکان. بەرپرسیارانی پەروەردەی کوردستانیش مێش میوانیان نیەو رازین بەدەرئەنجامەکانی سیستمی خوێندن لەکاتێکدا کە لەچوار قوتابی تەنیا یەکێکیان ئەنجام دێنیت لەپۆلی دوانزەدا!.
من باوەڕم وایە تائەم سیستمی پەروەردەیەی کەئێستا هەمانە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، نە سەربەخۆیی ئابوری بەدەستدێنین، نە باوەڕو متمانەی گەنجان دەگەڕێنینەوە. نە کوردستانیش دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆی دیموکراتی. ئەم مەترسیەش زۆر گەورەترە لەمەترسیە دەرەکیەکانی وڵاتانی دراوسێ و داعش.
لەپێناوی خۆشەویستی بۆ خاک و ئاڵامان دەبێت زۆر بەپەلە دەستبکرێت بەڕیفۆرمی بنەڕەتیانە لەسیستمی فێرکاریدا. یەکەم کاریش دەکرێت بەدروستکردنی ئەنجومەنێکی ستراتیژی پەروەردەیی دەستپێبکرێت کەکاری سەرەکی دانانی پلانێکی ستراتیژی نوێخوازی درێژخایەنی چەندساڵی بێت.