لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا شاری چل مەئمور

شاری چل مەئمور

0 تێبینییەکان 19 بینینەکان

محه‌مه‌د نوری‌:
عزەت ئەفەندی كاكەیی كە لەسەرەتاكانی سەدەی پێشو كاربەدەستی چاودێری دارایی عوسمانییەكان بووە، لەساڵی ١٩٠٥دا راپۆرتێكی بۆ والی موسڵ سەبارەت بەداهات‌و خەرجیی‌و پارەی سلێمانی نوسیوە. لەراپۆرتەكەیدا هاتوە: زۆربەی دەسكەوتە داراییەكانی ئەم شارە ژێر بەژێر دیارنامێنیت، رۆژ بەرۆژ دەسكەوتەكان كەمدەبنەوە، خۆشكردنی ئاگری دوژمنایەتی لەنێوان عەشایرەكاندا زیادبوەو روبەڕوبونەوەكەش بەدانیشتوانە هەژارو دەستكورتەكە دەكرێت، كاربەدەستەكانیش بۆ پاراستنی كورسییەكانیان هەمو نرخێك دەدەن، سودی تاكە كەسی بەسەر سودی خەڵكیدا زاڵە… (یاداشتەكانی عزەت كاكەیی، ئامادەكردن‌و وەرگێڕانی نەوزاد ساڵح رەفعەت، راپۆرتەكەم كورتكردووەتەوە)..

بادەستبكەین بەحیكایەتەكەی خۆمان..
لەشاری سلێمانیی هەمو قسەدەكات‌و هەموش رەخنەدەگرێت، هەموی لەبارەی غەدەرەوە دەدوێت‌و هەموش لەبارەی هەڵبژاردن‌و مۆدێلی حزبایەتییەوە قسەی هەیە.

‎لەسلێمانی مەجلسی قسەو باسی تایبەت نەماوە، كۆی رێگاكان دەچێتەوە سەرسیاسەتكردن.. هەر لەداخوازی كچەكانەوە بۆ پرسەو تەنانەت سەر مێزی نانخواردنیش گفتوگۆكان پڕن لەحزبەكان‌و خاڵی بونەتەوە لەباسكردنی ژیانی ئاسایی.

لەم شارەدا مەئمورە گەورەكانیش دەڵێن گەندەڵیی هەیەو فەرمانبەرە ئاساییەكانیش هەمان شت دەڵێن.
لەم شارەدا حزبەكان گەرمتر دەبن‌و ئازاتر وتوندتر قسەدەكەن، بەڵام كە لە هەوای سلێمانی دوركەوتنەوە هێمنترو سەلارتدەبنەوە.

لەم شارەدا بەرپرسە هەولێرییەكان لێرە سیاسەت دەكەن‌و لەهەولێر بازرگانی. لەم شارەدا حزبەكان هەمویان بەرامبەریەك توندن، لەهەولێریش بەشداری پرسەی یەك دەكەن. لەم شارەدا هەمو باسی گۆڕانكاریی‌و عەدالەت‌و چاكەی گشتی دەكەن، بەڵام كە دوردەكەونەوە زمانی ئاخاوتنیان دەبێت زمانێكی پر شیعر وهێمن دەبنەوە.

هەمووحزبەكان لێرەن، لێرە بەركەوتنەكانیان یەكلایی دەكەنەوە، هەمو بەرپرسە باڵاكان لێرەوە شەڕی كورسی ودەسەڵات وئایندەی خۆیان دەكەن.كێشەی سەرەكی ئەوەیە هەمو لەناوجەستەی سلێمانیدا دەژین، كەچی جگە لەوەی ئەم شارەیان پڕاوپڕكردوە لەبێ تاقەتی سیاسیی‌و ئابوریی‌و كۆمەڵایەتی هیچ مانایەكی تریان پێ نەبەخشیوە.

لەم شارەدا هەر لەپارێزگارەوە بۆ هەمو مەئمورە دیار ونادیارەكان هەر قسەی رەنگاورەنگ دەكەن، كەچی بازاڕ لەم شارەدا بەرەو هەرەسی تەواو دەڕوات.

ئەم شارە سیخناخە لەسەنتەر ورێكخراو، كەچی كێشە كۆمەڵایەتیی وكێشەكانی ژن و گەنج لەبەرزبوونەوەدان.

ئەم شارە پڕە لەمەئموری گەورە هەموی خۆی بەخاوەنی دەزانێت ،بەڵام ئەوەندەی سلێمانیان جاڕسوو ماندوكردوە ئەوەندە سودیان بۆی نەبوە.

لەم شارەدا پەرلەمانتارەكانمان بوێرتر قسە دەكەن، لەناو هۆڵی پەرلەمانیش هێمنتر.. لەم شارەدا هەموی بەریەك دەكەون‌و هەموشی بەشاری خۆی دەزانێت، كەچی كەسێك خەمی ناخوات، كەسێش لەسەری هەڵناداتێ..

هەموو ئەمانە بیانوویەكی سادە دەهێننەوە كەئەوەش سلێمانیی شاری پێشەنگ‌و بویریی وئازادییە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا باسی ئەوەدەكەن كە دەبێت جوڵەی سیاسیی‌و ناڕەزایەتییەكان بخینە شارەكانی ترەوە، بەڵام كەچی هەر لەسلێمانیدا بەریەكدەكەون.

گۆڕانكاریی‌و چەقی ململانییەكان بەهەر شێوەیەك ببێت دەبێت لەناو پایتەختەوە روبدات، نەك بەبیانووی بێ مانا زۆربەی سیاسییەكانمان هەناسەی كارو تاقەتی گشتی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتییان لەم شارەهەپرون بەهەپرون كردوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە