شیكردنەوەی رووداوی هاتووچۆ بریتییە لە لێكۆڵینەوە و دیاریكردنی هۆكارەكانی پێكدادانی هاتووچۆ، بە مەبەستی رێگرتن لە رووداوی هاتوچۆ لە داهاتوودا. ئەم پرۆسەیە چەند هەنگاوێك لەخۆدەگرێت: كۆكردنەوەی بەڵگە، شیكردنەوەی داتاكان و دیاریكردنی چارەسەرەكان. شیكردنەوەی دروست و كاریگەر دەتوانێت هۆكارە بەشدارەكان دیاری بكات، واتە هەڵەی بەكارهێنەری هاتوچۆ (مرۆڤ)، خەوشیی ئۆتۆمبێل، یان كێشەی رێگەوبان.
لایەنە سەرەكییەكانی شیكردنەوەی رووداوی هاتووچۆ:
یەكەم-لێكۆڵینەوە: واتە كۆكردنەوەی رێكوپێكی زانیاری دەربارەی پێكدادانەكە، بەشێوەیەك كە بەڵگەی فیزیایی، وتەی شایەتەكان و ئاسەوارەكانی رووداوەكە لەخۆبگرێت.
دووەم- شیكردنەوەی داتا: واتە شیكردنەوەی داتا كۆكراوەكان بۆ دیاریكردنی نەخشە، رەوت و هۆكارە بەشدارەكان لە رووداوەكەدا.
سێیەم- دیاریكردنی هۆكاری بنەڕەتی: واتە دەستنیشانكردنی ئەو هۆكارەی بووتە مایەی سەرهەڵدانی رووداوەكە، وەك رەفتاری شۆفێر (خێرایی، سەرخۆشی و سەرقاڵی)، توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل یان خەوشیی رێگەوبان.
چوارەم-هەنگاوە چارەسەرخوازەكان: واتە ئەو رێوشوێنە گونجاوانەی دەكرێت بگیرێنەبەر بۆ رێگرتن لە رووداوی هاوشێوە لە داهاتوودا، ئەمەش دەشێت باشكردنی ژێرخان، پرۆگرامەكانی پەروەردەی شۆفێر، یان گۆڕانكاری بێت لە رێساكانی هاتوچۆدا.
پێنجەم-چەسپاندنی سەلامەتی: چونكە شیكردنەوەی پێكدادانی هاتوچۆ زۆر گرنگە بۆ سەلامەتیی هاتوچۆ، بەتایبەتی لە دیاریكردنی شوێنە زۆر مەترسیدارەكانی هاتوچۆدا.
گرنگیی شیكردنەوەی رووداوی هاتوچۆ:
یەكەم- رێگرتن لە رووداوەكانی داهاتوو: چونكە ئامانجی سەرەكی، كەمكردنەوەی ژمارە و توندیی رووداوەكانی هاتوچۆیە، لە رێگەی چارەسەركردنی هۆكارە بنەڕەتییەكانەوە.
دووەم-باشكردنی سەلامەتی رێگاوبان: چونكە شیكردنەوەی رووداو یارمەتیدەر دەبێت بۆ دیاریكردنی دەرفەتەكانی باشكردنی ژێرخانی رێگا، رەفتاری شۆفێر و بەڕێوەبردنی هاتوچۆ.
سێیەم- كەمكردنەوەی زیانە ئابوورییەكان: رووداوەكانی هاتوچۆ دەبنە هۆی خستنەوەی زیانی ئابووریی زۆر، بە هۆی تێچووی چارەسەركردنی تەندروستی، زیانی مادی و لەدەستدانی بەرهەمهێنانەوە. شیكردنەوەی كاریگەری رووداو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی ئەم زیانانە.
چوارەم- باشكردنی سیاسەت و پلاندانان: شیكردنەوەی داتاكانی رووداوەكان تێگەیشتنی سوودبەخش دابین دەكات بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی كاریگەری سەلامەتیی هاتوچۆ و پلاندانان بۆ ژێرخانی گواستنەوە لە داهاتوودا.
بێگومان ئەوانەی لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتوچۆ دەتوانن كارێكی هەستیار و گرنگی وەها جێبەجێ بكەن، ئەفسەرانێكن كە لە رێگەی خولی تایبەتەوە مەشقی تیۆری و پراكتیكیان پێ كراوە، شارەزای یاساكانی هاتوچۆ و هۆكارەكانی رووداوی هاتوچۆن و سەرڕاست و بێلایەنن.
هەڵکەوت عەبدوڵا- شارەزای بواری هاتوچۆ