32
“ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تەکنەلۆژیا هەموو زانیاری و مەعریفەو ڕاستیەکی بەردەست کردووە” ئەمە ئەو ڕستەیە کە خەڵکێکی زۆر خۆیان لە پەنای دەشارنەوە کە لە ڕاستیدا هیچ کاتێك ئەو ئەرکە لە ئەستۆ ناگرێت کە بچێ سۆراغی “ڕاستیەکی” زیاتر بکات لەو شتانەی کە حەز دەکات “باوەڕەکانی” خۆی پێ ئاوبدات.
زانیاری و مەعریفەیەکی زۆری خۆرایی لەبن دەستە، ئەمە زۆر ڕاستە، بەڵام ڕاست بوونی بەوە بەندە کە تۆ بەڕاستی دەبیتە لایەنگری کام چەمك لە مامەڵە کردن بە زانیاری و مەعریفە، بە تایبەتی کە تۆ لە ڕابردووی ژیانت لەسەدا پێنجی ژیانت بۆ مەعریفەو جەنگەکانی یان بۆ هیچ ئامانجێکی گەورە تەرخان نەکردووە!
بوونی “زانیاری” بەو مانایە نییە کە مرۆڤەکان بەڕاستی بەدوایدا دەگەڕێن هەروەها گەرەنتی ئەوە ناکات کە لەسەر “ڕاستییە سادەکان” کاربکەن کە پێویستیان بە هیچ پڕوپاگەندەیەک یان قارەمانێتییەکی کوێر نیە بۆ قبوڵکردن.
زۆرجار، غروری ساویلکانەی مرۆڤەکان لە ناسینی هەر “ڕاستییەک” کە تەحەدای خواستە سیاسییەکان و بیرۆکە قفڵکراوەکانیان دەکات، ناهێڵێت.
لە کۆمەڵگای کوردی ئێمەدا، ژن و پیاوی بێشومار هەن، بە تایبەتی لە سۆشیال میدیاو یان لە دەوروبەری کۆمەڵایەتی خۆمان؛ کە دەیانتوانی ببنە لایەنگری ئەزموونی پراکتیکی و مشتومڕی ڕەخنەیی و بیری سیاسی سەربەخۆی ڕاستەقینە، بە پێچەوانەوە لەبری ئەوە خۆیان لە سەرسەختییەکی نەزانانەدا پێچاوەتەوە، بێ ئۆمێدت دەکەن لەوەی ئەم دەماغە نکۆڵکاریە چیتر تازە ببێتەوە. ئامانجی کۆتایی ئەوان هەرگیز ئەوە نەبووە کە تەنانەت کاتژمێرێك لە بیرکردنەوەیەکی ڕاستگۆیانە تەرخان بکەن بۆ دۆزی مرۆیی گەورەتر؛ بەڵکو ئامادەن هەموو هێزی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە هێما کۆنەکان، دروشمە فەیکە خێڵەکی یان فەیکە نەتەوایتیەکان، یان ڕکابەرییە کۆنە تاڵەکان بەسەر بەرن.ئەوان پێبزانن یان نا؛ خۆیان لە پشت فاشیزمێکی مەکیاژکراو دووڕوو دەشارنەوە، ئەوان زۆر بە جدی و بە دروشمی بەرز (فاشیزمی عەرەبی، فارسی، یان تورکی) ئیدانە دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک سانسۆر مامەڵە دەکەن لەو ساتەدا کە کەسێک پرسیار لە ڕژێمی هەڵبژێردراو دڵخوازی ئەوان بکات، یان پرسیار لە قەوانی مشت لە دۆگمای ناسیۆنالیستی کوێری ئەوان بکات.
ئەگەر ڕژێمی دڵخوازی ئەوان بە بیانووی “تۆڵەکردنەوە” منداڵان بۆردومان بکات یان نیشتیمانێك تەخت بکات لە گەڵ زەوی، وەک قارەمانێتی سڵاوی لێدەکەن. هەمووی بە ناوی “دڵسۆزی” کوێری بۆ شەڕی تیرۆر، هەمان ئەو بیانووەی کە فاشیزمەکانی دراوسێ میلەتەکەی خۆی پێ سەرکوت دەکەن، سڵاو لە “هۆشیاری” ئێوە و “مرۆڤایەتی” ساختەو پینەکراوتان.
پارێزەرانی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی هەمیشە لە سەرووی لێکدانەوەی بەرتەسکی دیاردەکان وەستاون. بیرمەندانی وەک بێرتراند ڕاسیل کە دژایەتی هەم “فاشیزم” و هەم “ناسیۆنالیزمی کوێرانە”ی دەکرد، بەبیری دنیای دەهێنایەوە کە هیچ نەتەوەیەک لە “دڕندەیی” و “توندەڕوەی” بێبەری نییە ئەگەر هاووڵاتیانی واز لە بیرکردنەوەی ئازادانە بهێنن! ئەلبێرت کامۆ کە هەم “توندوتیژی نازی” و هەم “توندوتیژی کۆلۆنیالی” ڕەتکردەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە “کەرامەتی مرۆڤ” دەبێت پێش دڵسۆزی خێڵەکیانە بێت. هانا ئارێنت کە هۆشداری دەدا کە چۆن عەقڵی “تۆتالیتاری” گەشە دەکات کاتێک مرۆڤەکان واز لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ دێنن لەبەر خاتری “دۆگما” گونجاوەکان.
ئەمڕۆ ئەم وانانە لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگن. عەقڵی کراوە لاوازی نییە، ئەوە تاکە “بەرگرییە” کە هەمانە لە بەرامبەر “نەزانی نوێ” کە خۆی لە شانازی کولتووری یان “سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە” پەناداوە.
ئەگەر ئێمە بیرتیژی و مەعریفەو جیهانبینی ڕاستەقینە نەچێنین، ئەوا دەبینە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئایدۆلۆژیا وێرانکەرەکان. مەعریفەی ئازاد هیچ مانایەکی نییە ئەگەر مرۆڤەکان زیندانی ئایدیۆلۆژی داخراو هەڵبژێرن. ئەرکی ئێمەیە وەک “کورد” و وەک “هاووڵاتییەکی جیهانی” ئەم زنجیرانە لە بیروباوەڕی توندڕەوی فەیك تێک بشکێنین.
با ئێمە لە پێناو ئەزموونی پراکتیکی و گفتوگۆی ڕاستەقینە و ورەیەکی نوێدا بوەستین: ئەو بوێرییەی کە پێش ئەوەی گومان لە کەسانی دیکە بکەین، گومان لە خۆمان بکەین!