بەکر ئەحمەد:
دوو ساڵێک لەمەوبەر لە سەفەرێکی کورتدا بۆ کوردستان، چونکە ماوەی مانەوەم لە کوردستان لە 15 ڕۆژێک زیاتر تێدەپەڕی، دەبووایە داوای ئیقامە بکەم. ئەگەر هەڵەم نەکردبێت، ئەم معامەلەیە ئەوسا لای ئاسایش بوو . مەبەستم ئیقامەی ژێر دەسەڵاتی سەوزە.
کە چوومە ئەوێ، برادەرێک لەبەردەم دائیرەکەدا دانیشتبوو ، داخوازینامەی حازربەدەستی یان وەک خۆی وتەنی فۆرمی ئەو جۆرە معامەلەیەی لە لابوو. دانەیەکی پێدەفرۆشتیت و ماڵی ئاوا بێت تەنانەت بۆیشی پڕدەکردیتەوە. بەڵام بەرلەوەی فۆرمەکەم بداتێ، وتی دەبێ بچم 5 ڕەسم بگرم و بێمەوە بۆ لای خۆی. ئەگەرچی دووکانی وێنەگری زۆری لێبوو لەو دەورە، کاکی فۆرمفرۆش ئاماژەی بۆ کردم کە لای ئەو دووکانەی ئەوبەر بیگرم چونکە بە قسەی خۆی: کامێراکەی چاکترە و قۆزتر دەردەچم.
کە هاتمەوە، وێنەکانم دایە دەستی و بە شتێک نووسانی بە فۆرمەکەوە و پارەیەکی باشی لێسەندم و چوار دانە رەسمیشی دایەوە دەستی خۆم.
کەسێکی گێژۆکە نیم، بەڵام قەتیش هێندەی ئەو ساتە خۆم پێ غەشیم نەهاتۆتە بەرچاو.
وتم بۆ کوێ، وتی بەو قاڵدرمەدا سەردەکەویت و لە پرسگەکە یارمەتیت دەدەن.
لە پرسگەکە، دوو کچ بە جلی سەربازییەوە، یەکێکیان لەو دیو مێزەوە و ئەوی تریشییان لەمدیوەوە خەریکی ئاخاوتن بوون. پێموانەبوو ئاخاوتنەکەیان بابەتێکی تایبەت بەکار بێ. ئەوان من دەبینن کە لە دووری چەند مەترێکەوە چاوەڕیم ئاخاوتنەکەیان تەواو بکەن و من بچمە پێشەوە. بەڵام کات دەڕوا و بە نەغمەیەکی تۆزێک توورەوە، یەکێکیان دەڵێ: چیت دەوێت بۆ لەوێدا ڕاوەستاویت؟
دیسانەوە هەستی پیاوێکی گەمژە سەرتاپام داگیردەکات.
لە ژووری 3 وە بۆ ژووری پینچ. لە نهۆمی 4وە بۆ نهۆمی 2. لە ژووری 7 وە بۆ ژوورێکی دی. دانیشتن لەبەردەم ژووری فلانە سەربازی پلەباڵادا کە دوو کچی لایەوە فشەیان بۆدەکات. فۆرمەکەی دەستم پڕدەکرێت لە مۆر و ژمارە و پاش چەند سەعاتێک منی ماندوو دەڵێی دەورەیەکی زوومبام لێخوڕیوە، ماندوو لەبەردەم چایخانەیەکی ئەو نزیکانەدا. بۆ دامرکاندنەوەی سەرئێشەیەکی نەخوازراو و بەسەردا فەرزکراو، قۆرییەک چا دەخۆمەوە.
زیاتر لە هەشت کەس، 16 دەست و 16 جووتە چاو خۆیان لە فۆرمەکەی مندا تاقیکردەوە بۆ ئەوەی منی هاوڵاتی مۆلەتی مانەوەی هەفتەیەک زیاتری هەبێت. کارێک کە دەکرا بە یاریدەدەرێکی ئیداری کە ئامادەیی خوێندووە ئەنجامبدرایە و زیاتر لە10 دەقیقەی پێنەچوایە.
بەڵام لەشکرێک لە فەرمانبەری بێ بەرهەمی لمۆزبەرزی گوونشۆڕکەرەوە بەسەر هاوڵاتیاندا وەک ئەوەی شتێکی مووهیمییان کردبێت، بە کۆمەڵی سووکایەتی و لاقرتیپێکردنەوە بەسەر هاوڵاتیانەوە ڕاگیراون و مەعاشخۆری دەولەتن و ئەم کارە ئاساییەت بۆ ڕادەپەڕێنن.
هەر کەسێک دەتوانێت دەیەها نموونەی جۆراوجۆر لە گۆشە و کەناری دەستگاو دامەزراوەکانی کوردستانەوە بهێنێت و فیلمەکە هەر هەمان شتە. کارێک کە دەکرێ بە دوو کەس بکرێت، بە بیست کەس ئەنجامدەدرێت.
ئایا هەڵبژاردنی سیستەمێکی ئیداری ئاوا کە 20 کەس کاری 2 کەس دەکات، هەلەیەکە و لە نەزانینی هوونەرەکانی ئیدارەوە سەرچاوەی گرتووە یاخود ئەم لەشکرە بەرهەمنەهێنەرە، کراونەتە مەعاشخۆری دەوڵەت تا حزبەکانی دەسەلات ، دەنگدانی ئایندەی خۆیانی پێ مسۆگەر بکەن.
ئەم جۆرە لە مۆدێلی ئیداری، لە کۆمۆنیزمی مۆدێلی ڕووسیدا تاقیکرایەوە و ئەوەی قیمەتێکی بۆ دانەنرا کار و پرۆسەی راشیۆناڵیزەکردنی کار بوو کە دەبوایە بۆ خزمەتی ئینسان رێکبخرایە نەک بۆ بێحورمەتیکردن بە ئینسان.
بەڵام ئایا بەرزکردنەوەی شیعاری: بەڵێ بۆ بێکارکردنی ئەم لەشکرە و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئیداری، دەکرێ لە مڕۆدا گوێگرێکی بۆ پەیدا بێت. ئەمە ئەو مەراقەیە کە دەمەوێ بە دەنگی بەرز بووترێت، تا نەک هەر دەسەڵات بەلکە ژێردەسەتەکانی دەسەلاتیشی پێ تووڕە بکرێت.
ئەگەر بزووتنەوە ڕاستەکانی کۆمەلگا سەرتاپا لەسەر ئەم جۆرە مۆدێلە دەژین و هەریەکە و لە هەوڵی گەورەکردنەوەی ئەم لەشکرەدان لە ژیر ناوی بندیوار و سەردیوار و ناودیواردا بۆ ئەوەی لایەنگرانی خۆیانی پێ بخەنە ناو کونج و کەلەبەرەکانی ئەم دیوارانەوە، دەکرێ کەسێکی کۆمەلگای کوردستان بخاتە ئەو بەری ئەم لەشکرە زۆرە و بڵێ: بەڵێ بۆ بێکارکردنی ئەم لەشکرە کارنەکەرە پارەوەرگرە!
لە نەوەدەکاندا لە بەرانبەر تووندبوونەوی فشارەکانی بەرەی کوردستانیدا بۆ سەر شوراکان و مەترسی بەرانبەربوونەوەی سەربازی لە نێوان شوراکان و بەرەدا، باوکم زوو دەهاتە مالـمان و بەدەنگێکی میهرەبانانەی پڕ لە شۆخییەوە دەیووت: کوڕم واز لەم بەزمی شوراو مورایە بێنە ئاخر خۆ گیانت بۆ شەق ناخورێت!
ئیستاش کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسمەوە و دەڵێم: بەڵێ بۆ بێکارکردنێکی بە لێشاوی لەو جۆرە! هەستدەکەم باوکم کە هێشتا لە تەمەندا ماوە و زمانی نوکتە و قسەی خۆشی هێشتا هەر لەسەر پێیە، پێم دەڵێ: چییە دیسان، هینت بۆ شەق دەخورێ!