هەرچەندە مۆڵەت بۆ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەواوبوو كە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانەگەورە لە سنوری سلێمانی چۆڵ بكەن و بچنە كەمپی سورداش، بەڵام ئەو حزبانە بەهۆی جێبەجێنەكردنی داواكاریەكانیانەوە هێشتا نەچوونەتە ئەو كەمپە و لایەنی ئەمنییش ئامادەنین لەوبارەیەوە هیچ زانیارییەك بدەن.
بەرپرسی یەكێك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت، بە “سبەی” وت:”دوێنێ دواین مۆڵەتمان بوو كە بارەگاكانمان بەتەواوی لە زرگوێز و زڕگوێزەڵە و بانەگەورە چۆڵ بكەین و بچینە كەمپی سورداش، بەڵام بەهۆی جێبەجێ نەكردنی داواكارییەكانمانەوە تائێستاش ئامادەنین بچینە كەمپی سورداش”.
وتیشی:”تائێستا لە زڕگوێز و بانەگەورە و زڕگوێزەڵە ماوین و چۆڵمان نەكردووە، تا داواكارییەكانیشمان جێبەجێ نەكرێت ئامادەنین چۆڵی بكەین”.
لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنیی بۆ “سبەی” پشتڕاستیكردەوە كە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران گوندەكانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورەیان چۆڵ نەكردووە، بەڵام رەتیكردەوە لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێكی فەرمی بدات.
10 رۆژ لەمەوبەر، بەرپرسی یەكێك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە هەرێمی كوردستانن بە “سبەی” وت:”پابەندین بەو مۆڵەتەی بۆمان دیاریكراوە تا لە زرگوێز و زرگوێزەڵە و بانە گەورە بگوازینەوە، بەڵام ئەو كەمپەی لە سورداش بۆمان دروستكراوە هەموو پێداویستییەكانی تێدا نییە تا خێزان و منداڵەكانمان بنێرین بۆی، داواكارین تا 10 ی ئەم مانگە پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت”.
دەركردنی حزبەكانی رۆژهەڵات لەو ناوچەیەی سنوری پارێزگای سلێمانی لەكاتێكدایە، 10 رۆژ لەمەوبەر، عێراق سەرجەم چالاكی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە خاكەكەی قەدەغە كرد، هەر ئەوكات بەرپرسی یەكێك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە “سبەی” وت “ئێمە نەتەوەیەكگرتووەكان مافی چالاكی سیاسیی پێداوین بەڵام هیچ چالاكییەكی سەربازی و سیاسیمان لە عێراق نییە”.
بڕیاری قەدەغەكردنی چالاكی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن، بەبەپێی بەڵگەنامەیەكی نوسراوبوو، كە واژۆی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لەسەرە و ڕۆژی 24-4-2025 دەرچووە، سەرجەم ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانەی لەسەر خاكی عێراقن چالاكی سیاسی و سەربازی و ئابوری و تەنانەت كۆمەڵایەتیشیان لێ قەدەغەكراوە”.
نەتەوەیەكگرتووەكان بەڵێنی چی پێداون؟
بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، “نەتەوەیەكگرتووەكان و خودی جێنین پلاسخارت كە لە گەڵیدا كۆبوونەتەوە بەڵێنی پێداون كە چالاكی سیاسییان لێ قەدەغە ناكرێت و مافی ژیانیان پارێزراو دەبێت، بەڵام ئێمە ئەوە بەدوور دەزانین چونكە هیچ كەس لە هەرێم ژیانی پارێزراو نییە تا ئێمە ژیانمان پارێزراو بێت، بۆیە لەبری ئەوە خۆمان خۆمان دەپارێزین”.
لە ناوچەكانی زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە لەنزیك سلێمانی، حیزبەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومۆنیستی ئێران (كۆمەڵە)، كۆمەڵەی شۆڕشگێرانی كوردستانی ئێران، چەندین بارەگایان هەیە و نزیكەی دوو ساڵە داوای چۆڵكردنی ئەو بارەگایانەیان لێ دەكرێت.
زانیاریی نوێ لەبارەی چۆڵكردنی بارەگاكانیان
بەگوێرەی رێككەوتنی دوو قۆڵیی بەغداد و تاران، كە هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە، داوای چۆڵكردنی بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە سنووری سلێمانی كراوە.
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران و هەرێمی كوردستان كە ئاداری 2023 لەنێوانیان واژۆكرا، دەبێت ئەو بارەگایانە و خانەوادەی پێشمەرگەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بگوازرێنەوە بۆ كەمپی سورداش لە سنوری قەزای دووكان لە پارێزگای سلێمانی.
هەرچەندە لە دوو ساڵی رابردوودا بەشێكی خێزانەكانی ئەو سێ لایەنەی كۆمەڵە چوونەتە كەمپی سوورداش، بەڵام وەكو بەرپرسەكانیان دەڵێن”كەمپەكە لەبارنییە بۆ هەموو بارەگا و خێزانەكان و كەموكورتی زۆرە و تەواو نەكراون”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر و لە چوارچێوەی هەمان رێككەوتندا، حیزبەكانی كۆمەڵە و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سنورەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان چۆڵكرد، پاساوی ئێران بۆ چۆڵكردنی ئەو كەمپ و بارەگایانەی كۆمەڵەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نزیك سلێمانی ئەوەیە، گوایە سنوورەكە بۆ هێرش دژی ئەو وڵاتە بەكار دەهێنن.
ئەو شوێنانەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێشتر تێیاندا جێگیربوون و چۆڵیانكردن، لە سنوری قەزای سیدەكان بوون لە پارێزگای هەولێر، بە تایبەتی لە گەرووی زین و بەربزێن، ئێستا هێزی پاسەوانی سنوور تێیاندا جێگیر بووە.
هەشت مانگ لەمەوبەر چی روویدا؟
هەشت مانگ لەمەوبەر، هێزە ئەمنییەكان چوونە سەر بارەگاكانی كۆمەڵەكان لە زڕگوێزی نزیك سلێمانی و ئاگاداریان كردنەوە، كە دەبێت لە ماوەی مانگی ئەیلولدا، كەمپی زڕگوێز بەجێبهێڵن و بچنە كەمپێكی تازە، كە بڕیارە هەرێم بە هەماهەنگی عێراق لە سورداش بۆیان دروست بكات.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، پێشمەرگەكانی كۆمەڵە لە زڕگوێز لە ژێر چاودێری هێزەكانی ئاسایش بنكە و بارەگاكانیان دەپێچنەوە.
فشارخستنە سەر حزب و ڕێكخراوە سیاسیی و چەكدارییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لێكەوتەی هەوڵێكی چڕ و پڕی ئێرانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەولێر و بەغداد، بۆ ئەوەی كۆتایی بە مانەوەی چەكدارییان لە كەمپەكان بهێنرێت.
پێشتر لە 2018 و 2022، كۆماری ئیسلامی ئێران، بە موشەكی بالیستی و درۆن، بۆردومانی بارەگاكانی ئەو لایەنە ڕۆژهەڵاتیانەی لە زڕگوێز و كۆیە كردبوو، بەڵام نەیتوانی ناچاریان بكات، بارەگاكانیان بپێچنەوە.
دوای چی فشارەكانی ئێران پەرەیانسەند
فشارەكانی ئێران دوای ئەوە پەرەیان سەند، كە بە پشتیوانی لایەنێكی سیاسیی، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنیی لە ناوچە سنوورییەكان و ڕێگرتن لە جووڵەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنووری حاجی ئۆمەران، ئاسانكاری بۆ دامەزراندنی بنكەی سەربازی دیموكرات لە ناوچەكانی خنێرە و كێلەشین كرا، هێزێكی پێشمەرگەی دیموكرات بە بانگەوازی بەرپاكردنی خەباتی چەكداری ڕوویان لە حاجی ئۆمەران كرد و لە نزیك بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكاران بارەگایان كردەوە.
پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەو كات لە ڕاگەیەندراوێكدا هۆشداری دا لە جووڵەی دیموكرات و پێی وابوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشت هەوڵەكەوەیە.
ڕۆژی 24ی ئایاری 2015، گرژی و پێكدادان لەنێوان گەریلاكانی پارتی كرێكاران و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچەی كێلەشین ڕوویدا و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەكی دیموكراتی گیانی لەدەستدا و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون، دواتر لە كۆیە كێشەكە چارەسەر كرا.
دوای سەرنەكەوتنی ئەو ڕێگەیە و فشارەكانی ئێران لەسەر هەولێر، بە بڕیارێكی سیاسیی، لە ناوخۆی هەرێمەوە، سەرجەم پێشمەرگەكانی دیموكرات گەڕانەوە بارەگاكانی پێشوویان و كەمپەكانیان و لە ڕووی میدیاییەوە پرسی چوونە شاخی پێشمەرگەكانی دیموكرات پەردەپۆش كرا. كە پێشتر لە میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕووماڵی چالاكییەكانیان دەكرا.
تۆمەتباركردن
لە دوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆر و ڕووداوی تەقەكردن لە ئێران، تاران پەنجەی تۆمەتی بۆ لایەنە ڕۆژهەڵاتییەكان درێژكرد و پێی وابوو، ئەوان كارئاسانی بۆ دەزگا سیخوڕییەكانی ئیسرائیل دەكەن، تا بگەنە خاكی ئێران، لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی 8ی ئەیلوولی 2018، تاران ژمارەیەك موشەكی بالیستی ئاراستەی بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیە كرد و بۆردومانە موشەكییەكە زیانی گیانی و ماڵی زۆری بەر بارەگاكان گەیاند و ژمارەیەك سەركردە و پێشمەرگەی حزبەكە گیانیان لەدەستدا.
لە دوای هێرشەكە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەیاننامەیەكی دەركرد و تێیدا، ڕایگەیاند، یەكێتی ئاگاداری هێرشەكە نەبووە و پێشتریش ئاگاداری ئەو لایەنانە كراوەتەوە، كە كردەی سەربازی دژی ئێران نەكەن.
لە بەیاننامەی یەكێتییدا هاتبوو: “هەموو چەشنە چالاكیەكی عەسكەری، كە لەباشوری كوردستانەوه و لەپەنای سەروەری یاسا و ئاسایشی هەرێمەوە، پێشێلكردنی هەموو ئەو پەیامانەیە، كە بە ڕاشكاویی، بەلایەنە كوردستانیەكانمان گەیاندووه”.
وەك هەوڵێك بۆ هەڵسانەوە و بێ بەهاكردنی هێرشەكانی ئێران، ژمارەیەك پێشمەرگەی دیموكرات، لە سنوری هەرێمەوە پەڕینەوە بۆ ئێران و لە ئازاری 2021، چەند گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوكرانەوە، كە ژمارەیەك پێشمەرگەی دیموكرات تێیاندا دەردەكەوتن و قسەیان لەگەڵ خەڵكی گوند و شارۆچكە كوردییەكان دەكرد. ئەوەش ئێرانییەكانی زیاتر هەراسانكرد و بیریان لە ڕێگەیەكی دیكە بۆ سنورداركردنی جموجووڵی ئەو حزبانە كردەوە.
هەلومەرجی تازە
لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا، كە سایتی ئەمواج بڵاویكردووەتەوە، باس لەوە كراوە، ئێران هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی بەرامبەر بە بەرهەڵستكارەكانی، لە هەڵوێستی بەرگریدا نەمێنێتەوە و ئێستا لەسەر ستراتیژی هێرشی بەردەوام كار دەكات. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئەو بەرهەڵستكارانەی كردووەتە ئامانج، كە لە وڵاتانی دەوروبەریدا هەن، بە تایبەتی لە عێراقدا، ئەمەش لە كاتێكدایە، كە تاران كار بۆ ئەوە دەكات، خۆی لە لێكەوتە و پزیسكی شەڕی غەززە بپارێزێت.
بۆ ئێران، ئەگەر دوێنێ ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلق، لە عێراقدا سەرچاوەی سەرەكی جاڕسییەكانی بووبێت، بەڵام سەركەوتوو بوو لەوەی ئەو ڕێكخراوە پەڕاگەندەی ئەوروپا بە تایبەتیش فەرەنسا بكات، ئێستا چاوی لەوەیە هەمان سیناریۆی موجاهیدینی خەلق لە كەمپی ئەشرەف، كە سوپای عێراق گەمارۆی دان، لەسەر هێزە كوردییە ڕۆژهەڵاتییەكان دووبارە بكاتەوە.
ڕێكەوتنی ئەمنی
بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، ڕۆژی 19ی ئازاری 2023، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئەمنیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد دەقی ڕێكەوتنێكیان واژوو كرد.
ڕێكەوتنەكە تایبەت بوو بە ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات و بەرزكردنەوەی ئاستیی پەیوەندییە ئەمنییەكانی نێوانیان، بەڵام لە هەرێمی كوردستانەوە هیچ دەنگێكی ناڕازی دژی ڕێكەوتنەكە بەرزنەكرایەوە، لە كاتێكدا جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە خرابووە ئەستۆی هەرێم، بێ ئەوەی هەرێم هیچ نەخشێكی لە داڕشتنیدا هەبووبێت.
لەو میانەیەدا، سودانی ڕایگەیاند، عێراق ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەك خاكەكەی ببێتە گۆڕەپانی گروپە چەكدارەكان و لێیەوە هەڕەشە لە ئاسایشی دراوسێكان بكەن.
لە ڕێكەوتنەكەدا، عێراق پەیمانی داوە ڕێگە نەدات ڕێكخراوە چەكدارییەكانی نەیاری ئێران خاكی عێراق لە هەرێمی كوردستان بەكاربهێنن بۆ هێرشكردنە سەر ئێرانی دراوسێ.
ئەو كات، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی ئێران، ئاشكرای كرد، سەردانەكەی شەمخانی بۆ بەغداد دوای چوار مانگ لە ئامادەكاری كراوە. كرۆكی سەردانەكە پەیوەندی بە گروپە چەكدارەكانی “باكووری عێراق”ەوە هەبووە. وتیشی: تاران هیچ جۆرە هەڕەشەیەك لە خاكی عێراقەوە قبوڵناكات.
هەولێر و بەغداد بەیەكەوە كار دەكەن
لە ماوەی ڕابردوودا، بەغداد بە هاوكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ڕێكارەكانی گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ تاران واژووی كردووە، بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێك لە وادەی دیاریكراودا قاسم ئەعرەجی بۆ ئاگاداربوون لە جێبەجێكردنی ڕێكارەكان سەردانی هەولێر و سلێمانی كرد.
حكومەتی عێراق بە هەماهەنگی هەولێر و سلێمانی بڕیاری دا، كەمپی هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات هەڵوەشێنێتەوە و چاو بە ڕەوشی مانەوەیان لە عێراق بخشێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیار درا، ئەو هێزانە لە كەمپی تازە جێگیر بكرێن و بخرێنە ژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەوەی وەك پەنابەری سیاسیی بمێننەوە، نەك هێزی چەكدار.
هەریەك لە هەولێر و سلێمانی و بەغداد، لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتیان ئاگادار كردووەتەوە، كە نابێت هیچ جۆرە جوڵەیەكی چەكداری لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە ئێران بكەن.
لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا، پارتەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر داواكارییەكان و جەختیانكردووەتەوە، كە ئەوان ڕێز لە ڕەوشی هەرێمی كوردستان دەگرن و پارێزگاری لە سروشتی خانەخوێیەكەیان دەكەن، بەڵام نەیاری ئەو ڕێكەوتنە ئەمنییەن، كە ئێران و عێراق لە دژی ئەوان واژوویان كردووە.
زیاتر لە 30 ساڵە، سوپای پاسداران، ئەگەرچی ئۆپراسیۆنی لەشكری گەورەشی كردووەتە سەر كەمپی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەكان و ڕێگەی كوشتن و ڕفاندنی چالاكانی كوردی لە هەرێم بەكارهێناوە، بەڵام نەیتوانیبوو، هاوشێوەی موجاهیدینی خەلق هێزە كوردییەكان پەرش و بڵاو بكات.
ئەم ڕێكارە تازانەی هەولێر، بەغداد، سلێمانی دژی پەنابەرە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هێزە سیاسییەكانیان گرتوویانەتەبەر مەترسی گەورەی لەسەر داهاتووی ئەو هێزانە دروست كردووە، بە جۆرێك دەبێت لە پێناو مانەوەدا ئەو هێزانە دەستبەرداری خەباتی چەكداری ببن و وەك پەنابەری سیاسیی لە كەمپی دیاریكراودا لە ژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان كاربكەن.
هاوكات هەبوونی هەر جۆرە نوسینگە و بنكەیەك، یان جموجوڵی سیاسیی و فەرهەنگییان لە شارەكان قەدەغە دەكرێت و ڕێگە نادرێت لە دەرەوەی كەمپەكان هیچ جووڵەیەكیان بمێنێت.
سەرچاوە:سبەی