
بیرمە لە هاوینی ساڵی ١٩٩١دا، لە گەڵ هەندێک گەنجدا، بە کرێکاری و لە پشووی هاویندا، به خۆمان و تاک شەڕواڵەکانی بەرمانەوە، لە بەردەم سایلۆی کەرکووکدا دادەنیشتین. دادەنیشتین لە چاوەڕوانی جوتیارانی عەرەبی هاوردەی، دەوروبەری کەرکوک تا بناری حەمریندا، تا وەکو بڕۆین بە تەنکە، ڕۆژ تا ئێوارێ خەرمانی گەنم و جۆیان لە بارهەڵگرەکان بۆ بنێین. واتا ئێمەی ڕۆڵەی خاوەن ماڵ و لە ماڵی خۆماندا، کرێکاریمان بۆ تاڵانچی و داگیرکەر و دزەکانی سەر ماڵی خۆمان ئەکرد. ئاخۆ لەمە ئەتککردنی خاک ئەبێ چی بێت؟ زەوی خۆتەو ئەو ئەیکێڵێ، بەری خاک و خلە و خەرمانی خۆتە و بە تۆ بارئەکرێ.
بیرمە کورێکی چاونەترسی دراوسێمان کە ناوی “حەمەی حەوسەت” بوو کە بە تەمەن لە من گەورەتر بوو، کاتێ بۆ کرێکاری لە گەڵ چەند گەنجێکدا سواری پیکابی یابەی هاوردە ئەبووین بۆ قوڵایی خاکی داگیرکراو، وەکو شارەزایەک لە ڕێگەدا، ئاماژەی بۆ هەر پاشماوەی گوندێکی کوردیی ڕووخاوی ئەو ناوچانە دەرکرد و ناوە کوردییەکەی پێ ئەوتین. ئەو تەنانەت هەندێک جار ئەمەی بۆ خودی عەرەبە هاوردەکانیش ڕوون ئەکردەوە. ئەو دەم ئێمە لە ترسان و لە برسان داوامان لە حەمە ئەکرد ئیتر ئەو باسانە دابخات چاکترە. ئەمڕۆ دوای پەنجا ساڵ لە داگیرکاری بۆ یەکەم جارە کە پارلەمانی عێڕاق دان بەو ئەتککردندا دەنێ و بڕیار دەدات دەست لەو زەوتکردنی ئەو خاکانە هەڵبگرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
پێدەچێت دەسەڵاتی عەرەبی عێڕاقی نەتوانێ بە بێ ئەتککردن، هیچ قۆناغێکی مێژوو تێپەڕێنێت. ئەوان بە عەرەبی دوو وشەیەیان هەیە (ٲرض و عرض) و کردارێکیشیان هەیە کە کرداری (هتك). بۆیە ئەگەر هەتا ئێستا ئەرزیان ئەتک کردبێ، ئەوا لەمەودوا عەرز ئەتک ئەکەن.
بە شوودانی مێ منداڵی نۆ ساڵان و دەستدرێژی کردنە سەری بە پێی یاسا ئاسمانی و زەمینییەکانەوە، مرۆڤ دەتوانی هەر ناوێکی بوێ، ناوی لێ بنێ. کە ئاسانترین ناو بۆ ئەم کردارە ناشرینە، ئەکرێ ئەتککردنی مێ منداڵان بێ.
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە لە مێژووی عێراق و کوردستاندا، کە دەبێ بە دەستێک بکێشین بە سەری خۆماندا و بە دەستەکەی دیکەش سەرچۆپی بگرین. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵی مرۆڤی عێڕاقی، یاسادانەری عێڕاقی، ئایینزای عێڕاقی، ژنە پاشکۆپیاوی عێڕاقی تەماشای قێزەونترین یاسای دەنگ بۆدراوی نێو پارلەمانەکەی بکەین. ئەمڕۆ نزیکەی ٢٩٪ی ئەندامانی پارلەمانی عێراقی ژنن، ئەپرسم ئاخۆ کاتێ دەستیان بۆ ئەو یاسایە بەرزکردەووە، هیچ ئازارێکی جەستەیی و دەروونی بیر نەخستنەوە؟ هەر وەها لە ٧١٪ ەکەی پیاوانیش ئەپرسم ئاخۆ کە چوونەوە بۆ ماڵەوە ئەمڕۆ، چۆن چۆنی تەماشای مێ مناڵانی سەرتایی و مێ منداڵانی خۆیان و خزم و هاوڕێ و دراوسێکانیان کرد؟
دلێر محەمەد