ئەگەرچی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستیی لە گۆڤارە کاریگەرەکاندا؛ بە شا پێوەری دوایین ئەنجامی ریزبەندی نیشتمانیی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دانراوە، بەڵام ھێشتا بەدەگمەن نەبێت ھیچ دامەزراوەیەکی گشتیی و تایبەتیی کورد نییە، لەسەر بنەمای ئەنجامی توێژینەوەکان کێشەیەکی ھەنوکەیی چارەسەرکردبێت و بەدوایدا گۆڕانکاریی کردبێت یان بیکات!
بێمتمانەیی و کارنەکردن بەدەرەنجامی ئەو پەڕاوێزە لە توێژینەوەی زانستیی زانکۆکان، خۆی بۆخۆی باشترین کێشەیەکە؛ توێژینەوەی وردی لەسەر بکرێت و بەر لەھەمووان خودی زانکۆکان بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێن، ئەگەر ئەوان نەتوانن بەتوێژینەوەکانیان کێشە ناوەکیی و دەرەکییەکانی زانکۆکانیان چارەسەربکەن، ئیتر چۆن دامەزراوەکانی دیکەی کەرتی گشتیی و تایبەت، کنە و گەڕان و توێژینەوەکردن بەرێگەچارەی دەستنیشانکردنی گرفتەکانیان بزانن و گرنگیی بەدەرەنجامەکانی بدەن، چۆن بتوانن توێژەرێکی وردەکار لە بڕوانامەدارێکی بێبەرھەم جیابکەنەوە، تاوەکو ھێندە بێبایەخ سەیری یەکەمیان نەکرێت و دووەمیان بە پۆست و پلەو پایەی کارگێڕیی پاداشت نەکرێت؟!
بەپێی ئەنجامە راگەیاندراوەکانی ئەو ریزبەندییە نوێییە، زانکۆی سەلاحەدین لە ھەولێر و زانکۆی ئەمەریکیی لە سلێمانی، لەپێش زانکۆ گشتیی و تایبەتییەکانی دیکەوەن، بەڵام ئایا وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تائێستا پشتیان بە چ توێژینەوەیەکی زانستیی ئەو زانکۆیانە بەستووە لە چارەسەرکردنی ئەو دەیان کێشە پەروەردەیی و ئەکادیمیانەی رۆژانە رووبەڕووی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیی دەبنەوە؟
ئەگەر ئەنجامی توێژینەوەکان ھێندە کاریگەرییان نەبێت کێشەیەکی خۆماڵیی چارەسەربکەن، کەواتە گرنگیی کردنەوەی نێوەندەکانی توێژینەوەی زانستیی زانکۆکان و ئەنجومەنی نیشتمانیی توێژینەوەی زانستیی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە چیدایە؟
ئەگەرچی تائێستا ئەو نێوەندانە زۆرتر بۆ کێبرکێی ساڵانەی بەرزکردنەوەی رانکینگی زانکۆکان بەکاردەھێنرێن، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە ھۆبەیەکی تایبەت بە ھەماھەنگیی و بەدواداچوون بۆ توێژینەوەکان و ئەنجامە بەدەستھاتووەکانیان دروستبکرێت، تاوەکو کاریگەرییان لە چارەسەری پرسە نێوخۆییەکاندا زیاتر بەدەرکەوێت و بەوەش زانکۆکانی کوردستان بکەونە سەر سکەی ئەکادیمیی و بەرھەمھێنانی فکر و مەعریفە.
توێژینەوەی زانستیی فرە پسپۆڕیی و بڵاوکردنەوەی لە گۆڤارە کاریگەرە نێودەوڵەتییەکاندا؛ کولتورێکە تاوەکو ئەم ساڵانەی دواییش کۆمەڵگەی کوردیی و دەستەبژێرە ئەکادیمییەکەیشی پێی نامۆبوون، رەنگە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر فەزڵی گواستنەوەی ئەم کولتورە بدرێتە پاڵ دەرچووانی پرۆژەی تواناسازیی مرۆیی کە ھەر ئەوەش بوو وایکرد وەزارەتی خوێندنی باڵا بیر لە راگەیاندنی ریزبەندی نیشتمانیی زانکۆکان بکاتەوە، وێڕای چەندین تێبینیی لەسەر ریزبەندییەکە، بەڵام ھەنگاوێکی سەرەتایی دڵخۆشکەرە بۆ دروستکردنی کێبرکێی نێوان زانکۆکان و گۆڕانکاریی لە ڕەوتی ئەکادیمیی کوردستاندا.
لە پاڵ پێوەرەکانی توێژینەوەی زانستی، ستافی ئەکادیمی، چالاکی نێودەوڵەتی، کواڵیتی، ئاستی گەیشتن بە سەرچاوە زانستییەکان، چالاکی کولتوریی و پەیوەندیی زانکۆکان لەگەڵ کۆمەڵگا، تێڕوانینی قوتابیان و خوێندکاران، بەدواداچوونی دەرچوان؛ زۆر گرنگە چەند پێوەرێکی دیکە بۆ ریزبەندییەکە زیادبکرێت، لەوانە: ئاستی کاریگەریی زانکۆکان لە چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا. لێرەشەوە دەکرێت پلەبەندی بۆ ناونیشانی توێژینەوەکان بکرێت و لەرێی دابینکردنی فەندی دەرەکیی یان بودجەیەکی ساڵانەی ناوخۆی زانکۆکانەوە، ھانی ستافی ئەکادیمیی بدرێت بەدواداچوون بۆ پرس و کێشە ھەنوکەییەکانی کۆمەڵگە بکەن و توێژینەوەی وردی فرە پسپۆڕیی لە بارەوەبکەن، ئەوەش بکەنە بنەمایەک بۆ پێکەوە بەستنەوەی زانکۆ بەنێوەندەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە.