
مۆنیکا ئێرتل لە خێزانێکدا لەدایکبووە کە بە قووڵی تێکەڵاوی بواری هونەر بوون، ئەو هەر لە تەمەنێکی تێکەڵی جیهانی فیلمسازی و دەرهێنان بوو. باوکی، زووتواناکانی مۆنیکای هەست پێکرد، بۆیە بە وردی ڕاهێنانی پێدەکرد. کارە سەرەتاییەکانی مۆنیکا لە فیلمدا ڕەنگدانەوەی چاوی تیژ و لێهاتوویی داهێنەرانە بوو، ئەمەش وایکرد مۆنیکا داهێنان بکات لەم بوارە، بەڵام دواتر دەبینین ئەو شتێکی گەورەتر لە مێژووی جیهان تۆماردەکات!
لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٦٧ هەواڵی تیرۆرکردنی گیڤارا لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر مۆنیکا هەبوو. چونکە گیڤارا هێمای خەبات و شۆڕش بوو، بۆ مۆنیکا گیڤارا تەنیا سیمبولێك نەبوو؛ بەڵکو هێمای باڵا و خۆشەویستی هەمیشەیی ئەو بوو. تیرۆرکردنی گیڤارا خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە ژیانی مۆنیکا، کە لە ئەنجامی کۆتاییدا لە سینەماکارێکی بە پرەنسیبەوە گۆڕی بۆ شۆڕشگێڕێکی لێواو لێو لەئیرادە.
گۆڕانی مۆنیکا لە سینەماوە بۆ چالاکیی سیاسیو شۆرشگێڕانە هەم خێرا و هەم یەکلاکەرەوە بوو. مۆنیکا گەشتێکی کرد بۆ پۆلیڤیا، لەوێ خۆی نوقم کرد لە چالاکیە مرۆییەکان، وەک دۆزینەوەی ماڵ بۆ منداڵانی هەتیو و یارمەتیدانی پەنابەران لە کەمپەکاندا.
خۆبەخشییەکەی بۆ ئەم هۆکارانە بووە هۆی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ. سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان، مۆنیکا بە خۆڕاگری مایەوە، ساڵانە نامەیەکی بۆ باوکی دەنارد و دڵنیای دەکردەوەو بۆی دەنووسی “خەمی منت نەبێ، من باشم”!
مۆنیکا بەهۆی هەستی قووڵی لەدەستدانی شتێکی گەورە لە ژیانی و گڕی بەتینی باوەڕی بۆ دادپەروەری، بڕیاریدا تۆڵەی تیرۆر کردنی گیڤارا بکاتەوە!
بۆ ئەم ئامانجە بەرزە بە وردی کەوتە سۆراغ و تاقیبی ” ڕۆبێرتۆ کوینتانیلا پێرێزی” ، ئەو پیاوەی کە بەرپرسیار بوو لە بڕینی دەستەکانی گیڤارا و دواتر وەک پاداشتێك بۆ ئەم کارەو ڕۆڵێ راستەوخۆی لە تیرۆرکردنی گیڤارا وەکو کونسوڵی پۆلیڤیا لە ئەڵمانیا دەستنیشانکرابوو.
مۆنیکا لە هەنگاوێکی بوێرانە و نەخشەکیشراوی وورد دەچێ خۆی دەکات بە ڕۆژنامەنووسێکی ئوسترالی بۆ ئەوەی دەستی بگاتە ئامانجەکەی. مۆنیکا بە ڕەفتارە پڕ لە سۆز و ئارامەکەی هەموو گومانێکی لەسەر خۆی دوورخست، ئەمانە هەمووی ڕێگە خۆشکەربوون پلانەکەی جێبەجێ بکات.

سەرەڕای ئەوەی مۆنیکا بووە ئامانجی ڕاوکردنی نێودەوڵەتی دەزگا سیخوڕیەکان، بەڵام ساڵانێک خۆی لە گیران ڕزگار کرد. دۆسیەی ئەو لە ساڵی ١٩٧٣ کۆتایی هات کاتێک سوپای بۆلیڤیا بە زمانلێدان و خیانەت و چاوساغی مامی مۆنیکا ” کلاوس باربی ” مۆنیکا دەدۆزنەوەو تیرۆری دەکەن. بەپێی لێدوانەکانی دواتری باوکی، مۆنیکا پێش ئەوەی بکوژرێت ئەشکەنجە دراوە و لە گۆڕێکی بێ ناونیشان نێژراوەو، هەرگیز نە تەرمەکەی نە گۆڕەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ڕزگار عومەر