شوان حەسەن:
بە هۆی ئەوەی بینەرێکی باشی بەرنامە دیکۆمێنتارییەکانم، بە حەسرتبووم ڕۆژێک بەرنامەیەکی باش لە ڕاگەیاندنەکانی سوید ببینم ، بەرانبەر بە دیوە نامرۆڤایەتیەکەی( وڵاتانی کەنداو) کەچی هەر وەک حەسرەتێک مایەوە، بەداخەوە بە هۆی ئەوەی لە بەرژەوەندی سیاسەتی دەرەوەیەندا نەبوو، ئیتر چاوپۆشیان لە هەموو بەڵگە و ڕاستییەکاندا دەکرد.
بە هۆی گەڕان و پێوەندییەکانم، زۆرم دەربارەی هەڵسوکەوتی کەنداووییەکان بیستووە…
چی وەک خاوەن ماڵ و خزمەتکارەکانیان…
چی وەک گەشتیار لە وڵاتە هەژارەکان…
خوێندەوەش لێرە و لەوێ، دەنگە خنکاوەکانی بە گوێچکەماندا دەچرپاند، ئاخر لە سیستەمی ستەمکاری، هەمیشە دەمی هاوڵاتیەکانیان دا دەخەن و پێیان دەڵێن ” وەرنە لای ژوورە تایبەتەکانمان، شوێنکمان هەیە بۆ قسەکردن” ناوە ناوە نووسینی سەر ئەو دیوارنەمان لە ڕێکەوتێک بەر گوێ دەکەوێت.
بەڵێ ئەو ڕاستیتە دەزانم، کە ناکرێت هەموو کەنداوییەکان بەیەک چاو سەیر بکەم،بەڵام کارە نامرۆییەکانیان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەکانیان، مایەی پرسیار و بە دواداچوونە، ئایە لە کوێوەوە ئەو ڕەوایەتیەیان وەرگرتووە؟
ئایە ئەو ئاینەی کە باسی پێکەوەژیان و لێبووردەیی دەکات، نە دەبوو تاکەکانی جوانتر و باشتر پەروەردە بکردبایە؟
باشە خۆ ئەوان کێشەی زمان و تێگەیشتنیشیان نییە، ئەی بۆ ئەوەندە دڕندەن بەرانبەر بە ئەوانیتر؟
مێژوو پێمان دەڵێت” لە کاتی هێرشکردنیان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی( نیمچە دوورگەی عەرەبی) کوژراوەکانی خۆیان وەک” ئەسحاب” ە ناساندووە، بۆ ئەوەبووە خوێنی خۆیان لە خەڵکیتر بە بەهادارتر نیشانبدەن.
بێ گومان بۆ تێگەیشتن لە پەیامی ئیسلام دەبێت بە وردی لە جوولەکە بگەیت، چونکە بەشێکی زۆر لە پەیامەکانی ئیسلام، کاردانەوەیەکە بەرانبەر بە جوولەکە، ببینە مادام جوولەکە خۆی بە” گەلێکی هەڵبژێردراو” دا دەنێت، ئەوە عەرەبیش دەبێت شتێک بدۆزنەوە لەوان زیاتر بێت، کەواتە تاکەکانی ئێمەش ئەسحابە و پیرۆزن، لە ڕووی دەرووناسیەوە کە باوەڕت بەو بۆچوونە کرد، ئەنجامەکەی ئەوەیە تاکێکی نەخۆشت لێ دەردەچێت.
باوەربوون بەوەی ئێمە باشتر، جوانتر، ئاقڵتر… هەموو ئەو “تر” انەی تر، لە جیهانە ڕاستیەکەت دا دەبڕێت و دەتبات بەرەو دنیایەکی خەیاڵی” وەهمی” .
دیارە هەندێک لە توێژەرەکان هاوکاری ئەو خێڵانەی نیمچە دوورگەی عەرەبی لەگەڵ ئینگلیزەکان، لە دژی عوسمانیەکان وەک خاڵێک گرنگ و ئەرێنی بۆیان دا دەنێن ، وەهەروەها دەوڵەمەندی خاکەکەشیان، لەگەڵ کۆمەڵێک خاڵیتر ئەگەر باسی بکەین، لە فیلمەکە زۆر دوور دەکەوینەوە…
ڕاستیەکەی ئەو کەمە کرانەوەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا هەیە، بۆ کەسایەتی ( محەمەد سەلمان) دەگەڕێتەوە، نەک بۆ ئازادیی ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوا( مەبەستم ئەوە نییە محمد سەلمان بکەم بە فریادەرس، بەڵکو بۆ من هەر ستەمکارێکە، بەڵام ستەمکارێکی خاوەن پڕۆژە)
لەگەڵ چەند داعشێک وتوێژم بووە( بۆ ئەوەی مرۆڤی ئیماندار و مرۆڤی توندڕەو لێک جیابکەمەوە بڕیارم دایە لە جیاتی ئیسلامی سیاسی وئیسلامی توندڕەوە و وشەی داعشیان بۆ بەکاربهێنم، وەک نازیەکان و فاشیەکان) جا ئەو داعشانە زۆر دژی محمد سەلمانن. ئەوڕۆژە داعشێک دەیگوت” ئەو خزمەتکارەی کە محمد سەلمانی پەروەردە کردووە، ئافرەتێکی ( فلاشا) ی حەبەشەیه، بۆیە وەک جوولەکەکان بیر دەکاتەوە، چونکە فلاشاکانیش هەر جوولەکەن” بێ گومان هاوڕانیم لەگەڵ ئەو داعشە، ئەگەر زانیارەکەشی ڕاست بێت. چونکە ئەوەی محمد سەلمان دەیکات هەوڵێکی گرنگە بۆ ڕزگارکردنی سعودیەیه لە قەیران، کۆمەڵگەیەک لەگەڵ گەنیووبوونی خۆی دەوروبەرەکەی خۆشی گەنی دەکرد.
خاڵێکی بەرچاوی چاکسازییەکەشی ئەوەیە کێماسییەکانی دۆزیوەتەوە و کاری جددییان لەسەر دەکات.
سەبارەت بە فیلمی”ژیانی بزن”
هەرچی لە پشت ئەو فیلمەوە بێت بۆ من گرنگ نییە، ئەوەی بۆ من گرنگە زیرەکی و لێهاتووی نووسەر و ڕۆشنبیرە لەو دەرفەتانە، درزێک هەیە سلێمانی گوتەنی” چۆن خۆتی پیا ئەکەی” .
خاڵێکی گرنگ و جوانی ئەو فیلمە بۆ من بوێرییە، لەو کاتەی کە غەدرت لێدەکرێت گرنگە قسان بکەیت و بەرگەی سەرئێشەکان بگریت.
لە مێژە ” کەنداوییەکان”ئەوها هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤەکان دەکەن بەناوی خزمەتکار و یارمەتیدەر دەیانهێنە وڵاتی خۆیان و پاشانیش دەیانکەن بە کۆیلە.
ئەو فیلمە باس لە سعودیە دەکات، ئەو سعودیەی کە خەڵکێکی زۆر پشت لە هەژار و نەدارەکانی وڵاتەکەی خۆیان دەکەن و بەناوی خاکی پیرۆز سەردانی دەکەن، با ئەو ڕاستیەش ببین کە بەشێک لە پارەکەیان بۆ کێ دەچێت؟ ئەوانەی کە دەڵێن ئاینی ئیسلام ” کۆیلایەتی” نەهێشتیە، با پێمان بڵێن ئەی بۆ هەتا ئێستاش لە سعودیە ماوە؟ ئایە سعودی و خەلیجیەکان بەگشتی لە پەیامی ئاینی ئیسلام نەگەیشتوون؟ یاخود ئاینەکە ڕەوایەتی پێداون
بە هەڵە تێمەگە ئەمن دژی ئاین نیم، تەنیا دژی داعشیەت و کارە نامرۆییەکانم. نامەوێت قسە لەسەر باش و خراپی فیلمەکە بکەم.
ئەمن دەزانم ئەو فیلم ، کتێب و کارانەی هەرا دەنێنەوە، زۆربەی کات لە هەندێک ڕووەوە باش نین. بەڵام وا ڕێکەوت چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، لەگەڵ هاوڕێیەک سەیری ئەو فیلمەم کرد، جوانی ئەو فیلمە لەوەدایە لە چیرۆکێکی واقیعی وەرگیرایە.