ڕۆژنامەنووس نەسیم محێدین دەڵێت: سەپاندانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ئێرانەوە چەکێکە بۆ ترساندن و تۆقاندنی ژنان، دەشڵێت: نابێت لە بەرامبەر ئەو بڕیارە نادادپەروەرانە کە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێن بیدەنگ بین، پێویستە هەموومان بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی بێینە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەرببڕین لە دژی بڕیارە نادادپەروەرییەکان.
سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هەردوو ژنە کوردی زیندانیکراوی دەستی ئێران “وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی” کاردانەوەی لەناوخۆی ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیشدا دروست کرد و لە هەموو ئاستەکاندا جەخت کرایەوە کە ئێران بە سەپاندنی ئەو سزایانە دەیەوێت درێژە بە دەسەڵاتی عەقڵییەتی پیاوسالاریی خۆی بدات و دەنگ و هەبوونی ژنان ببڕێت، لەو بارەیەشەوە نەسیم محێدین، ڕۆژنامەنوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
نەسیم محێدین لە سەرەتای قسەکانیدا تیشک دەخاتەسەر کار و چالاکییەکانی پەخشان عەزیزی و وتی: پەخشان عەزیزی یەکێکە لە ژنە بوێرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ رێگریەک نەیتوانیووە لە کار و چالاکییەکانی بیوەستێنێت، سەرەتای کار و چالاکییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی خوێندکارانی زانکۆی تاران لە ساڵی ٢٠٠٤.
وتیشی: کار و چالاکییەکانی زیاتر لە بواری دادپەروەری و مافەکانی ژناندا بوو بە مەبەستی بە ئاگا هێنانەوە و هۆشیارکردنەوەی ژنان لە مافەکانیان و لەوانە یاسای باڵاپۆسی زۆرەملێ کە لە سەرەتای دامەزراندنی ئێرانەوە یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ بەسەر ژناندا سەپێندراوە و بەتایبەتی بەسەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بۆیە پەخشان عەزیزی لەو بابەتەدا هەوڵی هۆشیار کردنەوەی ژنانی دەدا.
سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی وریشە مورادی نەسیم محێدین وتی: وریشە مورادی مامۆستای وەرزشی منداڵان بوو و دژی کار کردن بە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بووە و لە بەرامبەریدا وەستاوەتەوە و ناڕەزایەتی دەربڕییووە.
جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی هەر دوو ژنە شۆڕشگێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشیار کردنەوەی سەرجەم ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت بوو، کە ژنان بە هۆی عەقڵییەتی پیاوسالاریی و دەسەڵات دەچەوسێنرێنەوە و بەسەریاندا زاڵن، هەروەها لە خوێندن و ئازادییەکاندا بێبەش کراون و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.
نەسیم محێدین ڕۆژنامەنووسی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەبارەی هۆکاری زیندانییکردن و پەسەند کردنی جیبەجێکردنی سزای لەسیدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕوونیکردەوە، لە زانکۆیەک لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندکاراندا لە لایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی گەڕانەوەی بۆ چالاکی چەکداری بۆ پژاک دەستگیر کرا لە کاتێکدا ئەو تۆمەتە دوورە لە ڕاستییەوە.
وتیشی: پەخشان عەزیزی لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی شەڕی داعش وەک ئەندامێکی مانگی سووری بۆ یارمەتیدان ڕووی لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان کرد، پاش گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ بە تۆمەتی ڕۆیشتن بۆ چالاکی چەکداریی دەستگیر کرا و لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا دانپێدانانی زۆرەملێی پێکراوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی لەوەشکرد، سەپاندانی سزای لەسێدارەدان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە چەکێکە بۆ ترساندن و تۆقاندنی ژنان تا وەکو ڕێگریی لە کار و چالاکیی و تێکۆشان و خەباتەکانیان بکات.
دووپاتیشی کردەوە، پەخشان و وریشە نموونەیەکی باڵای ئەو ژنانن کە دینە سەر شەقامەکان و دژی زوڵم و ستەم دەوەستنەوە و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن کە لە لایەن دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە کۆتوبەند دەکرێن کە لە بوارە جیاوازەکاندا ئازادیی ڕادەربڕینیان نییە.
نەسیم محیەدین لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: پەخشان و وریشە یەکەم ژن نین و کۆتا ژنیش نابن، هەر بۆیە نابێت لە بەرامبەر ئەو بڕیارە نادادپەروەرانە کە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێن بیدەنگ بین، پێویستە هەموومان بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی بێینە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەرببڕین لە دژی بڕیارە نادادپەروەرییەکان.