رێكخراوێكی تایبەت بە چارەسەركردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەكانی جیهان، لە دوایین راپۆرتیدا سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرەو پەكەكە لە توركیادا، داوای دووبارە گرێدانەوەی كۆبوونەوەكان و درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی دەكات.
رێكخراوی “گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی”، كە بنكەی سەرەكی لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە، دوێنێ پێنجشەممە 17 ی كانونی یەكەم، راپۆرتێكی تەواوی لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەو ئەنقەرە بڵاوكردەوە، كە وێنەیەكی راپۆرتەكە دەست خەندان كەوتووەو تیایدا رێكخراوەكە جەختێكی زۆری لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا كردووەتەوەو هەوڵ دەدەین ناوەڕۆكی راپۆرتەكە بە خوێنەرانمان ئاشنابكەین.
لە سەرەتای راپۆرتەكەدا، باس لە مێژووی سەرهەڵدانی ناكۆكییەكانی نێوان توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان كراوە، گەڕانەوەی رۆڵی سوپا دوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامبوونی وتووێژەكان بۆ ماوەی نزیكەی 2 ساڵ و نیو لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، بە هەنگاوێكی هەڵەو زیانبەخش بۆ دۆسیەكە وەسفكراوە.
باجی شكستی لایەنەكان لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتیدا، گیانلەدەستدانی زیاد لە 550 مرۆڤ بووە، كە 150 یان هاوڵاتیی مەدەنی بوون، دیارترینیان تیرۆركردنی تاهیر ئەڵچی، سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد بوو، لە 28 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا.
ئێستا توركیا لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی زۆر هەستیاردایە، كە یەكەمیان بەردەوامبوونە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان و چوونە ناو شەڕێكەوە كە ئەنجامەكەی روون نییە، دووەمیان درێژەدانە بە پرۆسەی ئاشتی و راگەیاندنی ئاگربەست.
لە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی توركیا و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، لە 1ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ئێستا كاتی ئەوەیە، كە تەواوی بێ متمانەییەكانی نێوان هەردوو لایەنەكە كۆتایبێت، ئەنقەرە لەلایەك و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە و پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە لە لایەكی دیكەوە.
لەدرێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە، كە بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەكان لەنێوان توركیاو پەكەكەدا، سودێكی زۆری بۆ رێكخراوی تیرۆرستیی داعش دەبێت، بە تایبەت لە ئێستادا كە ئەنقەرە پارتی یەكێتی دیپوكرات، پەیەدە، لە سوریادا بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی لێكدەداتەوە.
حكومەتی نوێی توركیا، وتووێژی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان رەتدەكاتەوە و ئاماژەیكردووە بەوەی كە ستراتیجیەتی داهاتووی جەختكردنەوە دەبێت لەسەر رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە.
دوای زیاد لە سی ساڵ ناكۆكی، هەردوولا لەوە تێگەشتوون، كە پێكدادانە سەربازییەكان، سەركەوتن بۆ هیچكامیان دەستەبەرناكات، بەڵام متمانەیان بەوە هەیە كە بەهێزتركردنی پێگەیان، دەبێتە هۆی زیادبوونی دەستكەوتەكان.
تەركیزێكی زۆریان لەسەر لاوازكردنی یەكترەو بۆ درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی و راگەیاندنی ئاگربەست چاودێریی و چاوەڕوانی بارودۆخی سوریا دەكەن.
لە ژێر پەستانی، ئاڵۆزییە درێژخایەنەكەی سوریاو مەترسییەكانی رێكخراوی تیرۆرستیی داعشدا، دەبێت بە زووترین كات توندوتیژییەكانی نێوانیان، لە شارەكاندا رابگرن و ئاگربەست رابگەیەنن.
پێویستە ئەنقەرە سەبارەت بە مافەكانی گەلی كورد لە توركیادا، ئەجێندایەكی تەواوی هەبێت و لە رووی سیاسی و یاساییەوە بەرەوپێشببرێت، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، دەبێت گەرەنتیی لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێستا و رابردوودا بكرێت و ئەو رووداوانە دووبارە نەكرێنەوە.
رێكخراوەكە، راگرتنی لێدوانەكانی بەرپرسانی پەكەكەو هەدەپە، سەبارەت بە مافی خۆبەڕێوەبرد (ئۆتۆنۆمی) لە توركیادا بە گرنگ وەسفدەكات و تیایدا ئاماژەكراوە بەوەی، كە ئەم داواكارییە، زەنگێكە بۆ رای گشتیی كۆمەڵگای ئەو وڵاتە و حكومەت توندتر دەكات.
هاوپەیمانانی توركیا، تەركیزێكی زۆریان لەسەر قەیرانەكانی سوریا، ئاسایشی ناوچەكە و پەنابەرانە، ناكرێت قەیرانەكانی ناوخۆی ئەم وڵاتە بە هەند وەرنەگرن و دەبێت لەسەر ویستی خۆیان، لە چارەسەری پرسی كورددا پشتیوانیی ئەنقەرە بكەن.
رێكخراوی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی (ICG)، بنكەی سەرەكیی لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە و لە ساڵی 1995دا دامەزراوە، لێكۆڵینەوە لە بارگرژی و ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان دەكات، دواتر هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا دەكات بۆ رێگریكردن و چارەسەركردنی قەیرانەكان.