هیومان ڕایتس ۆوچ بڵاوی کردەوە، ئێران سزای زیندانی درێژخایەن و لەسێدارەدان بۆ ژنانی کەمایەتییەکان بە تۆمەتی “ئاسایشی نەتەوەیی” دەردەکات، هەروەها هۆشداریی دەدەن لە سزادانی قورس بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایی و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان لەلایەن ئێرانەوە.
هیومان ڕایتس ۆوچ بە پشبەستن بە بەڵگە و ڕاپۆرتەکان، حاڵەتەکانی سەرکوتکردنی ژنان و کچان، زیادبوونی لەسێدارەدان، نەبوونی پرۆسەی یاسایی، هەراسانکردنی چالاکوانان، خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان و خێزانەکان کە داوای دادپەروەری دەکەن، هەروەها جیاکاری دژی کەمایەتییەكان لەلایەن ئێرانەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا تۆمار کردووە ڕاپۆ رتی ساڵانەی بڵاوكردەوە و بەمجۆرە زانیاری خستووەتەڕوو.
زیادبوونی لەسێدارەدان
بەپێی ڕاپۆرتەكە ئێران یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە ساڵی ٢٠٤دا تێیدا تۆمار کراوە بەجۆرێك لە نیوەی یەکەمی ئەو ساڵەدا ٤٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆماركراوە، کە بەرزترین ژمارەی لەسێدارەدان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ تۆمار کراوە.
دەشڵێن، ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ئاڵۆزی ئاسایشی نەتەوەیی و توندوتیژیی زیندانیی کراون دەسەپێنێت و هەروەها ئەو کەسانەشی کە لە تەمەنی منداڵیدا تاوانیان ئەنجامداوە سزاكە دەیانگرێتەوە.
باس لەوەشكراوە، ئێران سزای زیندانی درێژخایەن و لەسێدارەدان بۆ ژنانی کەمایەتییەکان بە تۆمەتی “ئاسایشی نەتەوەیی” دەردەکات.
پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئێران لە ساڵی ڕابردوودا بە دەیان پارێزەر، چالاکوان و خوێندکاری دەستگیر کردووە، بنەماڵەی قوربانیان و زیندانیانی هەراسانکردووە کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” کوژراون یان لە سێدارە دراون.
هاوکات، هەوڵیداوە بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران و دەرکردنی پرۆفیسۆرەکانی ناو زانکۆکان، کە زیاتر لە ٣٠ خوێندکار بە هۆی ئازادی ڕادەبڕینەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی بوونەتەوە.
سەرکوتکردنی سیستماتیکی کەمایەتییە نەژادی و ئایینییەکان
لە ساڵی ٢٠٢٤دا چەوساندنەوەی بەهاییەکان لە لایەن ئێرانەوە گەیشتووەتە ئاستی “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” و دوو لەسەر سێی ژنانی بەهایی زیندانی كراون.
باس لەوەشكراوە، حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ئەشکەنجەدان بۆ سەر دەیان پیاو و ژنی دەستگیرکراو لە کوردەکان، بەلوچ و ئازەربایجان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵات لە مانگی ئەیلول تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تۆمار کراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە زۆرترین توندوتیژیی بەرامبەر کۆڵبەرە کوردەکان دەکرێت و دەکوژرێن.
پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی ژنان و کچان
یاساکانی باڵاپۆشی زۆرەملێ و پەسەندکردنی پرۆژە یاسایەک توند کە جیاکاری دژی ژنان لە یاساکانی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری، تەڵاق، میرات و بڕیارەکانی پەیوەست بە منداڵانن یەکێکە لە پێشێلکارییەکانی ئێران لە بەرامبەر ژنان و کچانی وڵاتەکە، ئەوەش وایكردووە بارودۆخی ژنان و کچان لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە خراپتر ببێت.
هەروەها بە پێی کۆکردنەوەی داتاکان حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان زیادی کردووە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ٩٣ هەوڵی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا 55 حاڵەت تۆماركراوە بەوەش دەردەكەوێت ئەو حاڵەتە بە ڕێژەی لە ٦٠% زیادیكردووە.
سەرکوتکردنی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی
بە دەیان پارێزەری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران زیندانی کراون کە زۆربەیان ژنن، ١١ چالاکوانی مافەکانی ژنان و چالاکوانی سیاسیی لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ەوە لە گیلان دەستگیر کراون بە گشتیی ئەو چالاکوانانە سزای زیاتر لە ٦٠ ساڵیان بەسەردا سەپێندراوە. هەربۆیە هۆشداری دەدەین لە سزادانی قورس بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایی و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان لەلایەن ئێرانەوە.
هاوكات سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر نیلوفەر حامێدی و ئیلاهە محەمەدی سەپێندراوە، کە دوو ڕۆژنامەنووسن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناوئەخلاق زیندانیی کراون.
نەبوونی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بارودۆخی خراپی زیندان
هیومان ڕایتس ۆوچ هۆشداری داوە لە نەبوونی پرۆسەی یاسایی لە دادگاکان، بەتایبەتی دادگای شۆڕش و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو دانپێدانانانەی لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون زۆرجار وەک بەڵگە بەکاردەهێنرێن.
لە ناو زیندانەکانی ئێراندا مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوەکان دەکرێت وەک نموونەیەک لە “سەرکوتکردنی سیستماتیکی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکوومەت” لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە. لە کاتێکدا دادوەرانی دادگای شۆڕش بە بەردەوامی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن رەت دەکەنەوە.
جیاکاری و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران
لە ئێران جیاکاری و گوشار لە دژی هاوڵاتییانی ئەفغانستان زیادیکردووە و زۆربەیان شوێنی نیشتەجێبوونی یاساییان نییە و ڕووبەڕووی جیاکاری و دەستدرێژی و دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی ساڵانە ١٠٪ی هاوڵاتییانی بیانی لە وڵاتەکەدا و غەرامەکردنی دامەزراندنی بیانییەک بە بێ مۆڵەت.
هەروەها ڕۆژانە نزیکەی سێ هەزار ئەفغانی کە هەندێکیان لە ئێران لەدایکبوون بە زۆر دەنێردرێنەوە بۆ ئەفغانستان.