
جێگەی داخە توركیا توانیویەتی یەكڕێزی كورد تێكبدات وهیچ متمانەیەك لەنێوان هێزە كوردیەكان نەهێڵێت. بەگوێرەی ئەو دەستپێكە دەبێت چاوەڕوان بین لەچەند رۆژی ئایندە هێرشی زەمینی توركیا بەشێوەیەكی فراوان وبەرنامە بۆ داڕێژراو بۆسەر باشووری كوردستان دەست پێبكات، شایەنی ئاماژە بۆ كردنە توركیا بەیانووی شەڕی پەكەكە دەیەوێت ناوچە ستراتیژی وگرنگەكانی باشووری كوردستان لەرووی سەربازیەوە داگیر بكات، تا ئێستاش لەرێگەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە سەربازیانەی ساڵانە دەیكاتە سەرهەرێم، توانیویەتی چەندین ناوچەی ستراتیژی وگرنگ داگیر بكات، دوای هەر داگیركردنێكیش ئامێرەكانی سوپای توركیا دەكەونە كار بۆ راكێشانی جادەی سەربازی ودروستكردنی قەڵاو بنكەی سەربازی، توركیا لەو ناوچانەوە بەرەو دواخاڵی هەژموونی خۆی، كە دەكاتە زینی وەرتێ بەشێنەیی هەنگاو دەنێت، بۆئەوەی بە بیانووی دابڕینی هێزەكانی پەكەكە، ناوچەكانی خەتی برۆكسل، كە رێك دەكاتە سنوورەكانی نێوان توركیاو ئێراق، بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر داگیر بكات، وەك بەشێك لە دامەزراندنی پڕۆژەی ناوچەیەكی ئارام، كە لەعەفرین وچیایی كرمانجان نزیك دەریای سپی ناوەڕاست دەستیپێكردووە دەیەوێت بیگەیەنێتە دواخاڵی سنوورەكانی خۆی و كۆتا پێگەی هەژموونی خۆی لەباشووری كوردستان، جێگەی داخە لەو دۆخە هەستیارەدا خەڵكی كوردستان بەململانێیە ناوخۆییەكان خەریك كراوە، میدیاو راگەیاندنەكانی كوردی لەجیاتی ئەوەی خەڵك لەو مەترسیانەی داگیركاری توركیا ئاگادار بكەنەوە، كەوتوونەتە فریودان وبەڵارێدانی بردنی خەڵك خەریك كردنی بەشتی لاوەكی وبێبایەخەوە!.