لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١دا، پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) دەرفەتی ئەوەی بۆ دروست بوو کە کاریگەری خۆی لە ڕۆژئاواى کوردستان دابنێت. لەم پەیوەندەدا چەندین کادرى گەورەى ناو پارتەکەى کە گۆشکرابوون بە ئایدۆلۆژیاى پەکەکە، ناردە ناو ڕۆژئاوا؛ بۆ ئەوەی شۆڕشێکی هاوشێوەی خۆی لەو ناوچەیەدا دەستپێبکات. لەم ڕێگایەوە، پەکەکە توانی دوو پارتى هاوشێوەی خۆی دروست بکات بە ناوەکانی “یەکینەکانى پاراستنی گەل” (YPG) و “یەکینەکانى پاراستنی ژنان” (YPJ)، ئەمە گەورەترین پڕۆژەى پەکەکە بوو، کە لە ڕێگەیەوە هەوڵیدا ڕۆژئاوای کوردستان (ڕۆژاڤا) و باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) لەگەڵ خۆیدا ببەستێتەوە و هەموو هێزە کوردییەکان لەژێر چەتری یەک ئایدۆلۆژیادا ڕێک بخات. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تورکیا ئەم پڕۆژەیە وەک هەڕەشەیەکی گەورە ببینێت، چونکە سەربەخۆیی ڕۆژئاوا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەلامەتیی وڵاتەکەی لە باشوور دەبینێت.
کوردستانی ڕۆژئاوا، کە دەکەوێتە باکوور و ڕۆژئاوای سوریاوە، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئەم وڵاتە لە ڕووی سامانی سروشتییەوە. ئەم ناوچەیە سنووری ٤٠٠ کیلۆمەتری لەگەڵ تورکیادا هەیە و نزیکەی ٨٠٪ی سامانی سروشتی سوریا لەخۆ دەگرێت. ئەم سامانە بریتین لە: نەوت، غاز و بەرھەمە کشتوکاڵییەکان. شایانی باسە گەورەترین کێڵگە نەوتی و غازییەکانی سوریا لەم ناوچەیەدان، وەک: کێڵگە نەوتییەکانی ئەلعومەر و کۆنۆ. ئەم دوو کێڵگەیە نزیکەی ٩٢٪ی نەوت و ٥٠٪ی غازی سوریایان تێدایە؛ هەروەها حەسەکە، کە گەورەترین ناوچەی کشتوکاڵی سوریایە دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە. ئەم ناوچەیە بە نزیکەی ٤٠٪ی بەرھەمی کشتوکاڵی سوریا خزمەت دەکات و بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی خواردنی وڵات دادەنرێت. بەهۆی ئەم سامانە سروشتییەوە، کوردستانی ڕۆژئاوا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئابووری سوریادا، ئەمەش وای کردووە ئەم ناوچەیە ببێتە ئامانجی ڕکابەرییە سیاسییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریادا.
(١)
کەواتە سوریا ناتوانێت ببێت بە دەوڵەت بەبێ پەیوەندیکردن بە ڕۆژئاوا-وە، چونکە هەموو سامانە نەتەوایەتییەکان و دەستکەوتە مادییەکانی سوریا لەناو کوردستانی ڕۆژئاوا کۆبۆتەوە.
لەگەڵ قوڵبوونەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا، ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر پەرەیانسەند و شەپۆلی ناسیۆنالیزمی کوردی زیاتر خەڵکەکەی هوشیار کردەوە، کە مەزەندە دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە نێوان ٢ بۆ ٣ ملیۆن کەس بێت. شایانی باسە، ڕۆژئاوای کوردستان توانی پشتیوانی وڵاتانی وەک: سوید، فەڕەنسا و ئەمریکا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەم وڵاتانە پشتیوانییان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد بەهۆی بەرخۆدانە بەهێزەکەی لە دژی چەتەکانی داعش و هەروەها بەهۆی مۆدێلی دیموکراسی و یەکسانییەکەی، کە لەم ناوچەیەدا جێگیر کرابوو.
لە کاتی سەرهەڵدانی چەتەکانی داعشدا، ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە پێنج مانگ بەرگرییەکی بەهێزی لە دژی داعشدا کرد. ئەم بەرخۆدانە تایبەتمەندییەکی نایابی هەبوو، کە تیایدا یەکەمین سوپایە لە جیهاندا کە ‘ژن’ ڕۆڵی سەرەکیى تێدا بگێڕێت. ئەم هەڵوێستەی بەرگرییانە وای کرد ئەمریکا لەبەرانبەردا هێزی ئاسمانی، خواردن، چەک و تەقەمەنی بۆ دابین بکات. ئەوان لەو کاتەوە بوونە نموونەیەکی بەرخۆدان بۆ هەموو چوار پارچەی کوردستان. ڕۆژئاوای کوردستان ساڵی ٢٠١٤ لە بەرزترین ئاستدا بوو لەسەر گۆڕەپانی جیهاندا، چونکە هەموو سۆزی جیهانی بۆ خۆی بردەوە. شاری کۆبانێش وەک ‘ستالینگراد’ی سوریا ناسرا، کە ئاماژەیە بۆ بەرخۆدانێکی مەزن و نایاب. ئەم شەڕە نەک تەنها بەرخۆدانێکی سەربازی بوو، بەڵکو نموونەیەکی ڕۆڵی ژنان بوو لە شەڕ و سیاسەتدا، کە بووە هۆی ڕێزلێنان لە لایەن جیهانەوە.
هەتا ئێستا، تورکیا سێ هێرشی بە پلان-ی کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. یەکەم هێرش، “پارێزەرانی منورات” بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٦ دەستیپێکرد و تا ٢٠١٧ بەردەوام بوو؛ ئەم هێرشە بەهۆی کودەتاکەی تەممووزی ٢٠١٦ەوە ڕوویدا و ئامانجی سەرەکی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی سنووریی لە نزیک جەرابڵوس بوو. هێرشی دووەم، بە ناوی “چڵە زەیتوون” لە سێ مانگی ساڵی ٢٠١٨دا بوو، کە ئامانجی سەرەکی داگیرکردنی شاری عەفرین و دەورووبەری بوو. لەم هێرشەدا ڕووسیا گڵۆپی سەوزی داگیرساند، کە مانای ڕێککەوتن بوو لەسەر هێرشەکە. سێیەم هێرش، “بەهاری ئاشتی” بوو، کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا ڕوویدا و ئامانجی سەرەکی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی سنووریی لە نزیک تەلئەبیاد بوو.
شایانی باسە، زیاتر لە ١٨ هەزار سەربازی تورکی لەو سێ هێرشەدا بەشدارییان کردبوو، کە ئەم هێرشانە بۆ لەناوبردنی ڕۆژئاوا و سوپاکەی بووە، هەروەها بۆ لە کارخستنی هێزەکانی کوردیش بووە، تاوەکو کاریگەرییان لە ناوچەکەدا کەمبێتەوە. ئەوە ڕوونە کە ئامانجی تورکیا لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە بوو دەسەڵاتی خۆسەری ئەم ناوچەیە لەناوببات و کاریگەریی هێزەکانی کورد کەم بکاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئەمریکا تەنها چەند سنوورێکی بۆ دانا، کە بووە هۆی ئەوەی تورکیا نەتوانێت ئەو ئامانجە بە تەواوی بەدیبهێنێت. تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی دەیگوت، کە ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە کە بتوانێت پەناهەندە سورییەکانی تێدا دابنێت؛ بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم هێرشانە زیاتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە و لە کارخستنی هێزەکانی کورد بوون. تورکیا تەنها توانی نزیکەی ٣٢ کیلۆمەتر لە قووڵایی ڕۆژئاوا داگیر بکات، کە بووە هۆی ئەوەی نەتوانێت بگاتە ناوچەکانی، لە کۆبانێوە بۆ قامشلۆ.
سوریا لە ڕووی دیمۆگرافی و جیۆپۆلەتیکەوە وڵاتێکی ئاسان نییە بۆ تورکیا. لەو ٣٢ کیلۆمەترەدا کە تورکیا داگیری کردووە، نزیکەی ٨٥٠ هەزار کەس دەژین. ئەم ژمارەیە پێکھاتووە لە: ٦٥٠ هەزار کورد کە نزیکەی ٧٠٪ی پێک دەهێنن، ١٨٠ هەزار عەرەبى سونە کە نزیکەی ٢١٪ە، ١٠ هەزار تورکمان و ١٠ هەزار مەسیحی کە ئەمانیش نزیکەی ٢٪ى پێک دەهێنن.(٢) ئەم دیمۆگرافیایە نیشانە کە تورکیا نەیتوانیوە بە تەواوی ناوچەکە بەدەستبهێنێت، چونکە زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە کوردن و پاڵنەری بەرخۆدانن. هەروەها ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سنوورەکانیان بۆ تورکیا دیاریکرد، کە نەتوانێت ئامانجەکانی بە تەواوی جێبەجێ بکات.
شایانی باسە، تورکیا دەیوت، کە تەنها وڵاتێکە گەورەترین ئازار و ئەشکەنجەی چەشتووە بەدەست سوریاوە. بۆ نموونە، تورکیا نزیکەی ٣.٥ ملیۆن ئاوارەی سوریی گرتووەتە خۆی و نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلاری بۆ سەرف کردووە. بەهۆی ئەم هۆکارانەوە، تورکیا خۆی بە خاوەنی مەسەلەی سوریا دەزانێت و هەوڵدەدات ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا بگێڕێت.(٣)
ئامانجی سەرەکی تورکیا هەر لەناوبردنی ڕۆژئاڤا بووە، ئەمەشی بە ڕوونی نیشانداوەتەوە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکادا، بۆیە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا (سەرۆکى ئەمریکا)، تورکیا نامەیەکى نهێنى بۆ نارد و پێى گوت:
“بەڕێز سەرۆک، با پێکەوە ئیشێکی چاک بکەین و بەدەستی بهێنین. ناتەوێت لە مێژوودا بەرپرسیار بیت بەرانبەر کوشتنی هەزارەها خەڵک، منیش نامەوێت بەرپرسیار بم لە تێکشکاندنی ئابووری تورکیادا.” ئەم نامەیە نیشانەیەکە بۆ ئەوەى کە تورکیا هەوڵیداوە پشتگیری ئەمریکا بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی ئامانجەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا ویستویەتى لە بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتی ڕزگاری ببێت.(٤)
جێگای ئاماژەدانە، چاوبرسیەتى و ڕەفتاری داگیرکەرانەی تورکیا لە لایەن چاودێرە جیهانییەکانەوە شتێکی شاراوە نەبووە. لەم پەیوەندەدا “ئامۆس هارێل” گەورە نووسەرى ئیسرائیلی لە ڕۆژنامەی (Haaretz)دا هەموو جارێک ئەوەى دووپات کردووەتەوە، کە باکووری سوریا بۆ تورکیا ڤێتنام-ییەکی ترە کە بۆ خۆیانی دروست دەکەن. هارێل دەڵێت: تورکیا وەکو ئەمریکا لە جەنگی ڤێتنامدا هێزی ئاسمانیی هەیە، بەڵام جەنگاوەرە کوردەکان وەکو ڤێتنامییەکان شەڕی پارتیزانی بەرپا دەکەن و کات بەلایانەوە گرنگ نییە.
سەرکەوتنی پڕۆژەی کوردەکانی سوریا وای لە تورکیا کردووە کە چیتر نەتوانێت کوردەکانی باشووری وڵاتەکەی بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە، بۆ ئەوەی گڕی گەشاوەی نەتەوایەتییان لێ بستێنێت و کپی بکاتەوە. سەرکردەکانی ئەنقەرە ئەوە دەزانن، کە هەرچەند هەوڵی زیاتر بدەن بۆ زیندانی کردنی سیاسەتمەدارە کوردەکان لە باکووری کوردستان، بەڵام هێشتا هیچ سوودێک لەوە نابینن، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە هەتا ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بێت و سەربەخۆیی خۆی هەبێت، کوردەکانی باکووری کوردستانیش وا بیردەکەنەوە کە ناوچەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دروست بکەن.(٥)
شکستى گفتوگۆى ساڵى ٢٠١٣ لە نێوان ئۆجەلان و ئەردۆغان لەتورکیادا، هەر لەسەر کێشەى ڕۆژئاوا بوو. شایەنى باسە، “سیرى سوریا ئۆندەر” ئەندامپەرلەمانى پارتى (حزبى دیموکراتى گەلان BDP) لە تورکیادا، کە لەنێوان ئۆردوغان و ئۆجەلاندا نامەى ئاڵوگۆڕکردووە، دەڵێت: لە یەکێک لە نامەکاندا ئەردۆغان بە ئۆجەلانی وتبوو: “ئەگەر ئۆجەلان لێم دەپرسێت چى دەکەم سەبارەت بە کوردى سوریا، ئەوا منیش دەڵێم هەموو شتێک دەکەم لەکاتى خۆیدا لەسەر ئەم مەسەلەیە و لەگەڵ ئۆجەلان ڕێککەوتووم و تەنها یەک خەتى سوور هەیە ئەویش سوریایە، لەوێ نایەڵم شتێک دروستببێت وەک ئەو بناغەیەیی کە لەسەرووى عێراقدا دروستبووە”؛ ئۆجەلانیش وەڵامى خۆى دەنێرێتەوەو دەڵێت: “پێى بڵێن، هەرگیز نایەڵین کورد لەناو دەسەڵاتى ناوەندا بتوێتەوە، ئەمەش خەتى سوورى ئێمەیە.”(٦)
هەروەها کۆنگرەی نیشتمانی سوریا (SNC)، کە بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی تورکیا دادەنرێت، بنکەی سەرەکییەکەی لە ئەستەمبۆڵە و لە ساڵی ٢٠١٢دا بە پشتیوانی تورکیا دامەزراوە. سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی سوریا (SNC) دان بە ڕاستییەک دادەنێت و دەڵێت: “ئەگەر هاتنە ناوەوەی تورکیا نەبوایە بۆ سوریا، ئەوا ڕووسەکان و ئەمریکییەکانیش ئەمەیان بەسەر سوریادا نەدەهێنا.” کە مەبەستى ئەو نەهامەتی و شێواوییەیە کە سوریا ڕووبەڕووى بوەتەوە.
لەسەر ئەو ڕاستییانەى سەرەوە، دەسەڵاتى AKP بەسەرکردایەتى ئەردۆغان، هەموو هەوڵى لەکاردایە بۆ تێکشکاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵام زۆر بەداخەوە کە دەسەڵاتدارانى هەرێم زۆر بێدەسەڵات و بەزیوو و بێوزەن لەبەرانبەر تورکیادا.
سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویداوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی تەواو جیاوازە، کە تەنها شۆڕشێکى سەربازی نییە، بەڵکو شۆڕشێکى ڕوحی و فکرییە دژی تاریکی و تاریکپەرستان و دواکەوتوییە. ئەم شۆڕشە جەنگێکە دژی هەموو ئەو ماکانەی کە کوردانیان لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ڕاکێشاوەتە خوارەوە و هەوڵیانداوە ناسنامەى کورد ون بکەن. شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکە بۆ ئاشتی، یەکسانی و دادپەروەری، شۆڕشێکە بۆ ئەوەی هەر تاکێکی کورد بتوانێت بە ئازادی و بەشەرەفەوە بژی.
ئەم شۆڕشە جەنگێکى ڕەوایە لە دژی ئەوانەی کە دەیانەوێت ناسنامەی ‘کورد و کوردستان’ بسڕنەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا، شەڕێکی ڕاستەوخۆیە دژی داعش و هەموو ئەو گرووپانەی کە ستەم و نادادى بەشێکە لە ژیانیان، ئەمە لە کاتێکدا کە ژنانی کوردیش شانبەشانی پیاوەکان لە هەموو بوارەکاندا بەشدارن و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لەم شۆڕشەدا. واتە ئەمە تەنها شۆڕشێکى سەربازیی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی فکری و کولتوورییە و مرۆییە، کە ناسنامەی کورد و نەتەوەى کوردیی بە هەموو جیهان ناساندوو و بەرەو جیهانێکی باشتر دەڕۆن. هەرچەندە شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەندێک لە ڕووەکاندا ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە، بەڵام ئەم شۆڕشە لە شکست گەورەترە، کە تیایدا نەتەوەیەک هەوڵدەدات خۆی لەناو تاریکی و دواکەوتنیدا ڕزگار بکات و دەوڵەتێک بۆ خۆى پێک بهێنێت، کە مافى کوردان خۆیانە و مێژوو شایەتى ئەو ڕاستییەیە. شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک نموونەیەکی ڕاستەقینەی شۆڕشی مرۆیی و ئازادیخوازی، بۆ هەمیشە وەک شانازییەک دەمێنێتەوە و هەرگیز لەیاد ناچێت.
سەرچاوەکان:
The Economist, “American Damaging Flip-Flop in Syria: The New Geopolitics in the Middle East,” January 7, 2019.
Michael Eisenstadt and Soner Cagaptay, “A Turkish Safe Zone in Syria: Prospects and Policy Implications,” Policy Watch 3088, The Washington Institute, March 1, 2019.
Cengiz Çandar, “Turkey’s Mission Impossible: War and Peace with the Kurds,” 2014.
Remarks by President Trump Upon Arrival on Air Force One, October 16, 2019.
Güney Yıldız, “Anatomy of a Kurdish Incursion,” The Cairo Review of Global Affairs, Fall 2019, November 11, 2019.
Brett McGurk, “Trump Said He’d Beat ISIS. Instead, He’s Giving It New Life,” The Washington Post, January 18, 2019.