یەکەم: بڕیاری دادگای ناوبژێوانی فەڕەنسی پێدەچێت ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا درابێت.هەربۆیە هەولێر و بەغدا، ئەنقەرە و هەولێر،ئەنقەرە و بەغدا پێشووتر هەموو لایەکیان ئامادەسازیان کردبوو.هەموو ئەو هاتن و چوونانەی نێوان ئەو لایەنانەکە لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان،بەشێک بوون لەو ئامادەسازییانە. ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ڕەشنووسی بوودجەی عێراق و یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و لەوانەشەیاسای نەوت و گازی عێرڵق بەشێکن لەو ئامادەسازییانە.تەنانەت ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرەش لەسەر ئاوو هێزەکانی تورکیا لەعێراق بەشێکن لەو ئامادەسازییانە.
دووەم: بەپێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوەڕاستە دەسەڵاتی فرۆشتن لە بەندەری جیهانەوە دەدات بەسۆمۆ،بەڵام سۆمۆ بۆ فرۆشتنی پێویستی بەڕێککەوتن هەیە لەگەڵ هەرێم بۆ ئیدارەدانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی بەندەکانی دەستووری عێراق.چونکە ئیدارەدانی نەوت،تەنها فرۆشتن نیە!
سێیەم: پارتی و یەکێتی و ئیئتلافی حوکمڕان لەهەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردووداسیاسەتی نەوتییان نەکرد بە سیاسەتێکی نیشتمانی و کەمترین ئاستی شەفافیەتیان تێدا پەیڕەونەکرد،هەر ئەوەش وایکردووە کە نەیارانی نەوتفرۆشتن لە ناوخۆی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاترببن،تا ئەو ئاستەی کە ڕەوتێکی فراوان بەئاشکرا داوابکەن نەوت بەغدا بیفرۆشێت!
چوارەم: سیاسەتی نەوتی لە عێراقدا،نە سیاسەتێکی نیشتمانیە و خرابێتە خزمەتی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوە،نەش ئەوەندە شەفافە کە خۆزگەی پێ بخوازرێت.هەر بۆیە هەموو ئەو داوایانەی کە دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا،جگە لە سیاسەتێکی ڕۆژانەی بێ بەرهەم هیچی لێ درووست نابێت.لە ئایندەشدا دەبینین،کە ئەو ڕەوت و حزبانەی کە ئەو داوایەیان کردووە،چۆن پەشیمان دەبنەوەو باجەکەشی خەڵکی کوردستان دەیدات.چونکە ئەوان بۆ تۆڵەکردنەوە لە پارتی و تا ئاستێکی کەمتر لەیەکێتی، بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی هەڵبژاردن ئەو داوایەیان کردووە،نەک پلان و ستراتیژێک کە خزمەتی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بکات.ئەوان بەو کارە زیان بە هەرێم و هاوڵاتیان دەگەیەنن،هیچ زیانێک بە پارتی و یەکێتی ناگات،تەنانەت ئەگەر نەوتەکەش بچێتەوە بەغدا،چونکە هێشتا هەر پارتی و یەکێتییە زۆرینەن لەبەغدا !
پێنجەم: نەبوونی یاسای نەوت و غاز لە بەغدا.نەبوونی نوێنەرایەتی کورد لە سۆمۆ ، نەبوونی یاسایەکی هاوچەرخ بۆ سۆمۆ و نەبوونی دەەوڵەتێکی دامەزراوەیی لەعێراق هەموویان ڕێگری گەورەن لەوەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق بتوانن ڕۆڵ گێڕن لەوەی نەوت بۆ هاوڵاتیان و پەرەپێدان بەکاربهێندرێت.تەماشاکە بەسرا ڕۆژانە شەش هەندەی هەرێمی کوردستان نەوت بەرهەم دەهێنێت،بەڵام تەماشای دانیشتووان و پارێزگاکە بکە چ وێرانەیەکە! هەر بۆیە پێویستە کورد ڕاشکاوانە لەبارەی یاسای نەوت وگاز و سۆمۆ کاربکات،ئەگەرنا دەرنەهێنانی نەوتی کوردستان باشترینە!
شەشەم: کێشەی گەورە لەبەردەم ئەو بڕیارە ئەوەیە، لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا دێت کە حکوومەتی بەغدا و هەندێک وڵاتی ناوچەکە پەیڕەویی دەکەن بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتەکانی هەرێم وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی،بەشێکیان لە چوارچێوەی دادگای فیدراڵی و ئەوی دیکە لەڕێگهی بڕیاری سیاسی و ئابوورییەوە پەیڕەوی دەکەن،کە مەترسی گەورەی لێ دەکرێت بۆ ئایندەی نزیک و دوور بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەرکەزی و دیکتاتۆری.
حەوتەم: بۆ هەر بڕیارێک لەبارەی نەوت و سیاسەتی ئابووری و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا،پێم وایە نەک هەر پێویستە دەستبەجێ گفتوگۆیەکی کوردستانی دەستپێبکرێت،بەڵکو پێویستە بۆ ڕای هاوڵاتیانیش بگەڕێنەوە.بۆ ئەوەی باشترین بژاردەکان گەڵاڵە بکرێت.
هەشتەم: هەر بڕیارێک بسەپێنرێ بەسەر کوردو هەر تێکدانێکی قەوارەی هەرێمی کوردستان نە لەقازانجی بەغدایە،نەش لە قازانجی دەروو دراوسێ و نەش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی،هەمووان زیانیان پێدەگات.مێژوو سەلماندوویەتی بەبێ چارەی دۆزی کورد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام نابێت!