بڕیار بەختیار، ئەو گەنجەی نەبوونی کار و سیستمێکی باشی تەندروستی بوو بە هۆکاری ئەوەی زێدی خۆی چۆڵبکات و ڕوو لە ئەوروپا بکات، ئەمڕۆ و دوای زیاتر لە پێنج مانگ گیانلەدەستدانی، تەرمەکەی گەیەندرایەوە باشووری کوردستان و بەخاکسپێردرا.
‘بڕیار بەختیار’ی تەمەن ٣٤ ساڵ، لە مانگی ٩ی ساڵی ڕابردوو لە ئیتاڵیا گیانی لەدەستدا، بەڵام ئەمڕۆ تەرمەکەی گەیشتەوە شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە زێدی خۆی بەخاکسپێردرا.
کەسوکاریی ئەم قوربانییە هۆکاری کۆچکردنی بڕیار بۆ چەند شتێک دەگێڕنەوە، گرنگترینیان نەبوونی کار، نەخۆشیی و کەم دەرامەتیی، کە وای کردووە بڕیار بە تەنها سەفەری کردووە و هاوسەرەکەی جێهێشتووە.
عوسمان قادر مامی بڕیار دەڵێت: بڕیاری برازام نەخۆشیی جگەر تەواو ناڕەحەتی كردبوو، چارەسەریی نەخۆشییەكەشی لە كوردستاندا نەبوو، بە ناچاری چووە وڵاتی توركیا، لەوێش بەهۆی زۆری تێچوونی چارەسەرییەوە نەیتوانی چارەسەر وەربگرێت، بە ناچاری ڕێگەی هاتونەهاتی ئەوروپای گرتەبەر و ڕۆیشتە یۆنان.
ئەوانەی لە ڕێگەی کۆچی دەرەوەدا دەبنە قوربانیی هەموویان خاوەن چیرۆکێکی پڕ تراژیدیین، بڕیاریش بەهەمان شێوە مردنەکەی تراژیدییە، وەک مامی بۆ ڕۆژنیوزی گێڕایەوە، “بڕیار لە ئیتاڵیا لەسەر ئەكسلی ئۆتۆمبێل بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەسەر ئەكسلەکە نەیتوانیوە خۆی ڕابگرێت كەوتووەتە خوارەوە”.
بڕیار پێش سەفەرەکەی، کاری فرۆشتنی سەوزە و میوەی کردووە و وەک پێویست نەیتوانییەوە ژیانی خێزانەکەی دابینبکات و لە خانووی کرێدا بووە.
٢٤ی مانگی ٩ی ساڵی ڕابردوو بڕیار گیانی لەدەستداوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە نەناسراوەتەوە، هەربۆیە خانەوادەکەشی هیچ سۆراخێکیان نەزانیوە، تا دواتر و لە ڕێگای دەزگای لوتکەوە زانیاریان دەستدەکەوێت، هەر لەڕێگەی ئەوانەوە بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە فڕۆکەخانەی سلێمانیی.
سەفەرە تەواونەکراوەکەی بڕیار لە کاتێکدایە، دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەرکاتێک نەخۆشییەک تووشی خۆیان و هەر تاکێکی خێزانەکانیان بێت بە پاسپۆرتی تایبەت و فڕۆکەی تایبەت خۆیان دەگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، هاوڵاتیانیش دەیان ڕێگەی مەترسیی دەگرنەبەر و کەم ڕۆژ چیرۆکی هاوشێوەی مەرگی بڕیار نابیسترێت.
سەرچاوە:رۆژنیوز