دنیا گەورە و پڕکێشەیە و کۆمەڵگەی ئێمەش ناڕەحەتیی زۆرە، ئەمەش لە توانای حزبێک یان زیاتر و هەڵبژاردنێک یان زیاتردا نییە چاکی بکاتەوە. بەڵام هێشتا هەندێک کێشە هەن دەکرێت لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و دواتردا کاریان لەسەر بکرێت و شتێک بەرەو باشتر برۆن.
ئەچمەوە سەر ئەم قسەیە، بەڵام سەرەتا پێشنیارێکم پێیە و دەمەوێت بیخەمەڕوو. پشتبەست بەو گریمانەیەی هەڵبژاردن دەکرێت، لە بری ئەوەی سەرانی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن داوای دیبەیت لە سەرانی حزبەکانی دەسەڵات بکەن، با لەناو خۆیاندا ئەم کارە بکەن. بۆ نمونە، سەرۆکی بەرەی گەل، سەرۆکی نەوەی نوێ و سەرۆکی بەرەی هەڵوێست گفوگۆیەک لە ئێن ئاڕتی یان زوومەوە بکەن. سەرۆکی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکانیش گفتوگۆیەک بکەن. ئیدی هەرچۆن خۆیان رێکدەکەون.
بۆچی ئەم گفتوگۆیە گرنگە و تەوەرەکان چی بن؟ لەبەرئەوەی لە سی ساڵی رابردوودا شێوازی ململانێی یەکێتیی و پارتیی لەگەڵ یەکتر تا دوا ئەندازە خەڵکی بریندار کردووە. حزبە نوێیەکان (حزبە لەدایکبووەکانی دوای بزووتنەوەی گۆڕان) دەکرێت لە دیبەیتێکدا پیشانمان بدەن کە ئەمان بە شێوازێکی نوێ ململانێی سیاسیی دەکەن. شێوازی نوێی ململانێی سیاسیی دەبێت چەند خاڵیک لە خۆ بگرێت بەشێوەیەک ببێتە هۆی ساڕێژکردنی برینی خەڵک بەرامبەر هەڵبژاردن بەتایبەتیی و سیاسەت بەگشتیی، لەوانە:
یەکەم، گەشەدان بە کەلتوری سیاسیی: کەلتوری سیاسیی کۆن ئەوە بووە کە حزبێک رەزامەندیی دەوڵەتێکی ناوچەکەی وەرگرتووە ئینجا سەرکەوتوو بووە. ئەمە هۆکارێک بووە وایکردووە دەنگدەر هەست بکات دەنگەکەی هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەر ئەمە راستیش نەبووبێت، خەڵک ئەو هەستەی هەیە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا وەک ئەوەیە هەڵبژاردنێک بێت لە سنە لە ئێران و دیاربەکر لە تورکیا. کەلتوری سیاسیی نوێ دەبێت ئەمە لە خۆی حەرام بکات و بەرپرسیش بن لە پەیمانەکەیان (پەیمانەکە: بۆ بردنەوەی خۆم، پەنا بۆ دەوڵەتێکی تر نابەم، بەڵکو بەپشتی خۆمان، راهێنەرەکەمان و جەماوەرەکەمان هەوڵی بردنەوە دەدەین).
ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە دیبەیتەکەیاندا ئەوەش روون بکەنەوە کە کەلتوری سیاسیی نوێ پشتیوانیی ئەم ئەندام ناکات لەبەرئەوەی سەر بە حزبەکەی خۆیانە و ئەویتر نانبڕاو بکات یان بترسێنێت، بەڵکو هاوڵاتیی واتای هاوڵاتییە و هیچی تر. حزبێکی ئۆپۆزسیۆن حکومەتی گرتەدەست، دەبێت هەمان مامەڵەی ئەندامانی حزبەکانی تر بکات.
کەلتوری سیاسیی ئەوەش دەگرێتەوە کە ئۆپۆزسیۆن یەکتر ناسڕنەوە، بەڵکو لە کاتی سەرکەوتنی حزبێکیاندا ئەوانی دیکە پیرۆزبایی لێ دەکەن.
ئەم پیرۆزباییە لە یەکتر ناکرێت ئەگەر ئەوەش لە خۆیان حەرام نەکەن کە یارییەک دەکەن بێ فاوڵ و ئەگەر فاوڵ گیرا دەبێت ناوبژیوان دەستکراوە و سەربەخۆ بێت.
دووەم، گەشەدان بە بەڕێوەبردن: ئیدارەی حکومەتی هەرێم وێرانە. بەشێک لەم وێرانبوونە دەسیسەیە، بۆ ئەوەیە حکومەت ناشیرین بکەن و خەڵک لێی رابکات و هیچی لێ چاوەڕێ نەکات. لە حکومەتدا، تا ئەم ساتەوەختەش پۆستێکت دەست ناکەوێ ئەگەر حزبیی نەبیت. کاروباریش بە واستە و خزمخزمێنە و دۆستخوازیی دەڕوات و مافی ئەم دەدرێت و ئەو دەخورێت. دونیابینیی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەم باسە چییە؟ چۆن دەستوەردان لە خۆیان حەرام دەکەن و چۆن واز لەو عەقڵیەتە دەهێنن کە دەبێت تەنانەت سەرۆکی بەش و راگری کۆلێج و بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشێکییش حزبیی بن.
سێیەم، ئابووریی: ئەوە قسەیەکی دووبارەیە کە بڵێم لە دنیای ئێمەدا سامانی سروشتیی نەفرەتە بەو هۆیەوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ دەنگکڕین و دەوڵەمەندبوونی سیاسییەکان و سەرکوتکردنی خەڵک، نەوت کاڵای زاڵە بەسەر داهاتی نیشتمانییدا. جیهان نەوت کەمتر بکڕێت، ئێمە دەفەوتێین. داهاتی خەڵک ناسەقامگیرە و خێزانەکان ناتوانن پلانی کڕین دابنێن، دەوڵەمەند و وەبەرهێنەر و خاوەن بیرۆکەش سەرکەوتوو نابن دەست نەخەنە ناو دەستی حزب و نەبنە دۆستی ژێربەژێریان. بەمەش ئابووریی زووزوو توشی خاوبوونەوە دەبێت.
فەرموو ئۆپۆزسیۆن باسی جۆرە ئابوورییەکی تر بکەن، فەرموون خاوەن بیرۆکە و خاوەن سەرمایە دڵنیا بکەن کە لەسەر بنەمای پەیوەندییان بە سیاسییەکانەوە نابنە شت.
چوارەم، ئایین و کەلتوری داخراو: ڤێرژنێکی کەلتور و ئیسلام هەن زۆر دواکەوتوون و بە کەڵکی ئەم سەردەمە نایەن و قەیرانەکەیان قوڵتر کردوینەتەوە، جا قەیرانی سیاسیی بێت یان ئابووریی یان کۆمەڵایەتیی. لەناویاندا، ئازادی تاک زۆر بەرتەسک کراوەتەوە، لەوانە لە خۆشەویستیکردن، کاسبییکردن، یان لە هەراسانکردنی ژنان لەو رۆژەوە کە بە دوای کاردا دەگەڕێن یان دەیانەوێ بزنز دابنێن، تا کەلتوری تری بازاڕی کار (لەوانە شکاندنی شکۆی فەرمانبەر و کارمەند) و بێکارخستن، تا بەوەی شوێنکەتووانی ئەم بەرەیە دەنگیان دلێرە و بە کەیفی خۆیان قسە دەکەن و بەرە عەقڵ کراوەکەی ئیسلام و کۆمەڵگەی مەدەنیش دەنگکزە و ترسێنراوە. ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە دیبەیتەکەیاندا بەرگریی لە ئیسلامێکی کراوەی هاوچەرخ بکەن، لەگەڵ کەلتورێکی نوێی پەیوەندییکردن لە کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای ماف و فراوانکردنی سەربەخۆیی و ئازادیی.
ئێمە لە گفتوگۆیەکی لەم چەشنەدا هێڵی جیاکەرەوە ئۆپۆزسیۆن لەناو خۆیان و لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات تێبینیی دەکەین. ئێمە لێرەدایە تێدەگەین کە سەرکردەکانی ئەم حزبانە کەسانی خاکیی و بێفیزن، توانای مامەڵەی یەکتریان هەیە، جیاوازییەکانیان نایانگەیەنێت بە شەڕی ناوخۆ و میدیاکانیان وەک گورگ بەرنادەنە یەکتر. ئێمە لێرەدایە تێدەگەین سەرکردە ددان دەنێت بەوەی ئەوە خەڵک نیە کەمتەرخەمن و ناچن بۆ دەنگدان، بەڵکو بایکۆت بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسیی و ئەوانن کە نازانن چۆن رێژەی بایکۆت کەم بکەنەوە و قەناعەت بە خەڵک بکەن کە بەشداربن و دەنگ بەوان بدەن. ئەمە هەنگاوێکە کە دەکرێت بانگ لەسەر لاشەی بۆگەنکردووی مۆدێلە سیاسییە کۆنەکە بدرێت و مەترێکی تر گۆڕەکەی بۆ هەڵکەنرێت تا رۆژی ناشتنی یەکجارەکیی دێت.