لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت کۆتایی نەتەوەیەکگرتوەکان

کۆتایی نەتەوەیەکگرتوەکان

0 تێبینییەکان 41 بینینەکان

 زۆرێک لەو هۆکارانەی وایانکرد “کۆمەڵەی گەلان” هەڵبوەشێتەوە ئێستا لەئارادان بۆئەوەی نەتەوەیەکگرتوەکانیش وەکو گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەرەو هەمان چارەنوس بچێت.

نەتەوەیەکگرتوەکان، لەساتی پێکهێنان و دروستبونییەوە لەدوای جەنگی جیهانی دوەم، بەم سترەکچەرەوە کە ئەنجومەنێکی ئاسایشی هەیە و پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەم ئەنجومەنەش (ئەمریکا، بریتانیا، فڕەنسا، روسیا و چین)، خاوەنی مافی ڤیتۆن لەبەرامبەر هەر بڕیارێکی رێکخراوەکەدا، کە بە پێچەوانەی بەرژەوەندی نیشتمانی خۆیانی بزانن، بوە بە هۆکارێک بۆئەوەی رێکخراوەکە نەتوانێت بەشێکی بەرچاو لەبڕیارەکانی خۆی جێبەجێبکات و بێتوانا دەربکەوێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ زۆرێک لە قەیرانەکان و دەستەوستان بێت لە بەرامبەر چەندین كێشەی گڵۆباڵیی، کە جێگای بایەخی رێکخراوەکە و جیهانبون. ئەمە بێجگە لەوەی پێدانی مافی ڤیتۆ بەم پێنج ئەندامە رێگەخۆشکەربوە بۆ ئەوەی رێکخراوەکە زۆرجار وەکو ئامراز و جێبەجێکەری سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە رەفتار بکات و پاڵنەری بڕیار و هەنگاوەکانیشی هەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەندامە زلهێزەکانی بێت، نەک لە پەرۆشی و پابەندبونی رێکخراوەکەوە بوبێت بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی لەجیهاندا.

قەیران و چاڵێنجە نەبڕاوە و لە بننەهاتوە سروشتی و مرۆیەکانی وەکو؛ هەژاری، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان، کۆچ،  شەڕ، دەرەنجامە چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراوەکانی گۆڕانی ژینگە، بە بیابانبون، پیسبونی ئاو، خاک و هەوای هەسارەکە لە ئاست و لێڤڵێکدان کە کردار و وەڵامی رێکخراوەکە و ئاژانسەکانی تەواو سنوردار کردوە و هەتاکودێش کەمکاریگەرتر دەردەکەون. ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئاریشە ئاڵۆز و هەتاڕادەیەک ناوازەکانی جیهانی ئێستا ناهاوتان لەگەڵ ڕێکخراوێکی پیر و کەنەفتی وەکو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانی سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دوەمن، بۆیە ڕەنگە لێرەوە چیتر ئەم ڕێکخراوە و ئاژانسەکانی نەتوانن وەڵامدەرەوەی قەیرانەکانی ئەم سەردەمەبن.

ئەنجومەنی ئاسایش کە لەڕوی تیۆرییەوە و لەبنەڕەتدا بۆ راگرتنی هاوسەنگی و ئاسایش و جێگیری سیاسی لەجیهاندا پێکهێنراوە، کەچی ئەندامە بڕیاربەدەستەکانی زۆرکات بەتەواوەتی لەبارەی تێزی ئاسایش و سەقامگیری جیهان ناکۆک و دابەشن. لە ریاڵێتیدا لە ئێستا و لەرابردوشدا هەر ئەم سوپەرپاوەرانە خۆیان بە دەستێوەردان و لەشکركێشی و داگیرکاری سیاسی و سەربازییەوە سەروەری وڵاتانی ئەندامی خودی رێکخراوەکەیان پێشێلکردوە و بونەتەمایەی ناجێگیری سیاسی و هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان. بۆ نمونەی ئەمەش پێویست ناکات زۆر دوربگەڕێینەوە چونکە هەر لەم ساتەدا روسیا لەشەڕدایە لەگەڵ ئۆکرانیا و دەیەوێت ئۆکرانیا یان بەشێک لەخاکەکەی داگیربکات و بۆ هەمیشە بیکات بە پارچەیەک لە خاکی روسیا، خۆ پێش ئەویش ئەمریکا لەرێگەی هێزی سەربازییەوە ئەفغانستان و عێراقی داگیرکرد. بێگومان دەستێوەردان و هەڵگیرساندنی شەڕ و داگیرکردنی هەمو ئەو وڵاتانە لەلایەن ئەم سوپەرپاوەرانەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، بەپاساوی ئاسایشی نیشتمانی خۆیان بوە کە لای ئەوان یەکسان بوە بە پاراستنی ئاسایشی جیهان. 

بە تێڕامان لەکێشە بەردەوام و درێژخایەنەکانی مرۆڤایەتی لەئەمڕۆدا هەر لە تێکچونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوای جیهانەوە بۆ کێشەکانی خۆراک و تەندروستی و وزە و بەریەککەوتنە مادییەکانی دەوڵەتان لە جەنگە هەرێمییەکاندا، ئەو راستییە زیاتر ڕون دەبێتەوە کە ئەم هەسارەیە کێشەی بەڕێوەبردنی هەیە و سیستەمە گەردونییەکەی پێویستی بە نوێکردنەوە و دیزاینکردنەوە و ئەپگڕەیتکردنەوە هەیە و ئەو دامەزراوانەش کە لەناو ئەو سیستەمەدا میکانیزمی هەڵسوڕانی جیهانە سیاسییەکەی و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بون، چیتر توانای کارکردنیان نەماوە لە زۆر بارودۆخدا و لە ئاستی زۆرێك لە کێشە هەستیار و گەورەکاندا بەتەواوی بێکاریگەر و پەککەوتە دێنە بەرچاو. 

بەکورتی، دنیای ئێستا دنیای دوای جیهانگیری و نیزام و نەزمی نوێی جیهانی دوای نەتەوەیەکگرتوەکانە و پێویستی بە ئەلتەرناتیڤە بەدەر لە خواست و بەرنامە و تێزی بەریەککەوتنی شارستانییەتەکان کە ئەمریکا لەدوای جەنگی دوەمی کەنداوەوە بۆ ئێستای سەردەمی سەرۆک تڕەمپ بە میکانیزمی ناڕاستەوخۆ و بەپلانی ئەمریکی تاکڕەهەند سەرگەرمی چەسپاندنی ئەو تێزە و دیفاکتۆکردن و بنیاتنانیەتی، بەڵام لەڕاستیدا بەربڵاوی چەکە ناوه‌کی و ئەتۆمییەکان زەمینەی تازەی بۆ جیهانی مەڵتی پۆلار و فرەزلهێزی و چەندجەمسەری جیهانی وەکو دیفاکتۆ لەناو دنیای ئەمڕۆدا هێناوەتە ئاراوە کە رەنگە ئەمەش پێناسەی زلهێزبون و دەرفەتی تاکجەمسەری ڕەهای بۆ ڕێبەرایەتی جیهان لە دۆخی ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەندبێتەوە، وەک ئەوەی بەسەر بریتانیای دوای جەنگی جیهانی دوەمدا هات، بەڵام بەڕێژەیەکی کەمتر و لە سەردەمێکی جیاوازتر.

سلێمان عەبدوڵا یونس
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە