وندوتیژیی دژی هەر مرۆڤێك لە هەر ئاست و پێگە و تەمەنێكدا بێت بە گەورەترین مەترسی دادەنرێت لە دژی مرۆڤایەتی، چ جای ئەو توندوتیژییە دژی ئەو مرۆڤانە بێت، كە پەروەردەی نەوەكانی لەبندەستە، واتە توندوتیژی دژ بە رەگەزی مێ، كە توندوتیژیی دژ بە ژنان و كچان بە گەورەترین و ترسناكترین پێشێلكردنی مافی مرۆڤە، نایەكسانی، یان جیاوازی رەگەزی لە هەموو جیهاندا تەنانەت لە وڵاتە هەرە دیموكراسی و پێشكەوتووەكانیشدا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانیت جۆرێك لە جۆرەكانی یەكسانی دروستبكەیت، ئەوە دەبێت ژنان و كچان زیاتر هەوڵبدەن و چالاكتربن، بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لە ٢٢/١١/٢٠١٧ بڵاوی كردووەتەوە لە هەر سێ ژن یەكێكیان توندوتیژییان بەرانبەر دەكرێت ، هەروەها ٧٥٠ ملیۆن ژن هاوسەرگیریان كردووە، پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە ١٨ ساڵ، زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن ژن خەتەنەكراون، هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە كە توندوتیژیی لە وڵاتانی دواكەوتوو یان پێشكەوتوو بەبێ جیاوازی هەیە، بەڵام رێژەكانیان جیاوازن .
هۆكاری توندوتیژی دژ بە ژنان:
هۆكارەكانی توندوتیژیی دژ بە ژنان خۆیان لەم چەند خاڵەی خوارەوە دەبیننەوە:
یەكەم: ئابووری بە سەرەكیترین هۆكار دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی توندوتیژیی دژ بە مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی.
دووەم: هۆشیاریی تاك، یەكی لە هۆكارەكانی دیكەی ئەنجامدانی توندوتیژی ناهۆشیاریی تاكە بەرانبەر بە رەگەزی بەرانبەر، بە تایبەتی ژنان، چونكە ئەگەر سەیرێكی سرووشتی مرۆڤ بكەین، ئەوە دەبینین دوو عاملی تێدایە (خێر، شەڕ) دواتر رۆشنبیریی و هۆشیاری تاك، ئەوە دەردەخات كە ئایە كام عاملیان زاڵ دەبێت بەسەر ئەویتریاندا ، لە زۆر كۆمەڵگەدا جیاوازی لە نێوان هۆشیاری هەردوو رەگەزدا هەیە .
سێیەم: ژینگە، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی توندوتیژی هۆكاری ژینگەییە، ئەگەر سەیر بكرێت ئەو ناوچانەی ژینگەیان پاكە، توندوتیژی كەمترە، وەك لەوانەی ژینگەیان ناتەندروستە (قەرەباڵغی، نەبوونی خزمەتگوزاری، بەرزبوونەوەی ریژەی بێكاری ).
چوارەم: ژنان خۆیان، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان، خودی ژنان خۆیانن كە لە سەرەتای پەروەردەكردنی منداڵەكانیاندا ئەو جیاوازییە دروستدەكەن لە نێوان هەردوو رەگەز، هەروەها ژنان توندوتیژی دژ بە خۆیان دەكەن، لە كاتێكدا بڕیار دەدەن هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێكدا بكەن كە هاوسەری هەیە، یان دروستكردنی بەربەست بەرانبەر كچەكانیان، لە ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە خۆیان حەزیان لێیەتی .
پێنجەم: دەسەڵات لە كاتی یاسادانان، ئەو یاسایانەی كە دادەنرێن زۆر توندنین بەرامبەر بەو كەسانەی كە توندوتیژی دژ بە ژنان دەكەن بەپاساوی پارێزگاری لە شەرەف، هەروەها ئەو یاسایەی كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقدا باسی لێوە دەكرێت، ئەویش هەمواركردنی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ كە تا ئێستا كاری پێدەكرێت و هاوسەرگیریی لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە رێگا پێدراوە، ئێستا ئەو یاسایە دەگۆڕن بۆ ئەوەی كچان لە ههرتهمهنیكدا بێت و لهسهروی ٩ ساڵیهوه دهتوانن هاوسەرگیری بكەن، جگه له كۆمهڵی مهرجی تر كه له یاسا نوێكهدا هاتووه ، ئەمە تەنها توندوتیژیی دژ بە ژنان نییە، بەڵكوو دژی مناڵانیشە.
چارەسەری توندوتیژی
بۆ چارەسەری توندوتیژی دژ بە ژنان پێویستە چەند كارێك بكرێت كە بریتین لە مانەی خوارەوە:
یەكەم: باشكردنی باری ئابووری خێزان و تاك، بە تایبەت ژنان بۆ ئەوەی پشت بە ئابووری خۆیان ببەستن.
دووەم: هۆشیاركردنی تاك لە هەردوو رەگەز بەبێ جیاوازی .
سێیەم: هۆشیاركردنی خێزان بۆ ئەوەی جیاوازیی لە نێوان مناڵەكانیاندا لە هەردوو رەگەز نەكەن، بەتایبەیت كچان .
چوارەم: دەركردنی یاسای توند لە لایەن دەوڵەتەوە بەرامبەر بەو كەسانەی كە توندوتیژی دەكەن، بەتایبەتی دژ بە ژنان .
پێنجەم: بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لە نێو ژنان دەربارەی مافەكانیان و ئەركەكانیان .
ئەمساڵ رێكخراوەكانی ژنان لە هەموو جیهان لەژێر دروشمی ( بەرەو جیهانێكی پرتەقاڵی، هیچ كەس لە پاش خۆمان بەجێناهێڵین، با توندوتیژی دژ بە ژنان و كچان نەهێڵین) چالاكییەكانیان راگەیاند، هەر وڵاتە و بەجۆرێ، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێ كە لە هەرێمی كوردستان زۆر بەسادەتر ئەم یادە كرایەوە وەك ئەوەی توندتیژی كەمكرابێتەوە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەمساڵ بە هۆی خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و شهڕو ئاواره بوون توندوتیژییەكان دژ بە ژنان زیاتر بوون .
شهیما جهمال كویخا:
سهرچاوه :
1-www.un.org/arabic
2-www.aliraqnet.net