ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
كه‌سانێك هه‌ن له‌ژیاندا پاره‌یان كردۆته ئامانج، بیروباوه‌ڕ، خۆشه‌ویست. ئه‌م كه‌سانه به‌ڕاستی عه‌شق ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و كاغه‌زه بێگیانه‌ی ناوی پاره‌یه. ئه‌م كه‌سانه ده‌كرێت ڕیز به‌ند بكرێن له‌چه‌ندین پۆلێندا، كه‌خراپترین ئاست ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه ده‌بنه كۆیله‌ی پاره و پاره له‌سه‌روو هه‌موو شته‌كانی دیكه‌وه ده‌بینن. ئه‌م كۆیلانه وه‌ك گه‌شتیارێكی ڕووت و ڕه‌جاڵ دێنه ژیانه‌وه و ده‌ژین و به‌جێی ده‌هێڵن بێئه‌وه‌ی له‌ماناكانی ژیان تێبگه‌ن، به‌درێژایی ژیان پاره كۆده‌كه‌نه‌وه و ڕه‌نج ده‌ده‌ن و ده‌ست ده‌بڕن و درۆ ده‌كه‌ن و دڵی خه‌ڵكی له‌به‌ر خاتری پاره له‌خۆیان زویر ده‌كه‌ن، دواجاریش پاره‌كان به‌جێ ده‌هێڵن، پاره هه‌ڵچنراوه سهفتهكراوهكانیش ده‌كه‌ونه گیرفان و ده‌ستی خه‌ڵكی تره‌وه. ئه‌م جۆره كه‌سانه خاوه‌ن سایكۆلۆژییه‌تێكی تایبه‌تن، به‌جۆرێك به‌درێژایی ژیانیان له‌دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین، هه‌رگیز هه‌ست به‌به‌خته‌وه‌ری ناكه‌ن، ترسێكی زۆر له‌پشت بیركردنه‌وه و ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیانه‌وه هەیه، به‌د گومان و ساردن له‌هه‌موو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیاندا، باوه‌ڕیان به کاری خۆبەخشتی و خێرخوازی و كارێك نییه له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بكرێت، به‌ڵكو له‌پێناو هه‌موو شتێك‌دا چاوه‌ڕێی به‌رامبه‌ر (پاره) ده‌كه‌ن. هه‌موو شتێك ده‌گۆڕنه‌وه به‌پاره، برا..خزم..دراوسێ..هاوڕێ. ئەم کەسانە له‌ته‌مه‌نێكی زوودا تووشی نه‌خۆشییه سایكۆسۆماتییه‌كان ده‌بن وه‌ك (شه‌كره، فشاری خوێن، زامی گه‌ده، هه‌ندێ جۆری قه‌ڵه‌وی)، ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسی و ئابوورییانه‌ی له‌وڵاتدا ده‌گوزه‌رێت زیاتر ده‌یانخاته دڵه‌ڕاوكێ و ترسه‌وه. بێباكن لهتیروتوانجی خه‌ڵك، سه‌رزه‌نشت و لۆمه‌كردن كارییان تێناكات، ئیره‌یی ته‌نگ به‌باری ده‌روونییان هه‌ڵده‌چنێت، هه‌میشه چاو ده‌بڕنه سه‌ر داهات و سامان و سه‌روه‌تی كه‌سانی ده‌وروبه‌ریان، باش ناخۆن، تێكچوونی خه‌ویان زۆره، له‌ڕووی سۆزه‌وه ساردن. سۆزیان ته‌نها بۆ پاره هه‌یه، له‌ڕووی خه‌رجی ژیانی تایبه‌تی و خێزانییه‌وه زۆر ورده‌كاری ده‌كه‌ن، لێپرسینه‌وه له‌سه‌ر كه‌مترین خه‌رجی ده‌كه‌ن.
كه‌سانی پاره په‌رست خۆیان به‌دوور ده‌گرن له‌زۆربه‌ی هه‌ڵوێسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چونكه لایان وایه له‌ڕووی ئابوورییه‌وه تێچوونی ده‌وێت، حه‌ز به‌نزیكی و تێكه‌ڵی خه‌ڵكانی هه‌ژار ناكه‌ن هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌كه‌سانی پله یه‌كی خۆیشیان بن، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌ك داوای هاوكاریان لێبكرێت یان بكه‌ونه هه‌ڵوێستێكه‌وه ناچار بكرێن هاوكاری مادی پێشكه‌ش بكه‌ن.
هه‌ندێ جار پاڵنه‌ری ده‌روونی هه‌ستنه‌كردن به‌ئاساییش له‌پشت ئه‌م حاڵه‌ته‌وه‌یه، بۆیه ئه‌مجۆره كه‌سانه له‌ڕێی كۆكردنه‌وه‌ی زیاتر و زیاتری سه‌رمایه‌وه ده‌یانه‌وێت بهئاساییشی ده‌روونی بگه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن كه‌سانێك له‌ڕێی چوونه ناو گروپێكی چه‌كدار یان پارتێكی سیاسی ئه‌م پاڵنه‌ره‌یان تێر ده‌كه‌ن.
پاره هه‌میشه زاڵه له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و دانیشتن و ئاخاوتنه‌كانی ئه‌م جۆره كه‌سانه، لهئاخاوتنهكانیاندا هه‌موو شتێك ده‌به‌نه‌وه سه‌ر پاره، قازانج و دەستکەوت، پاره ته‌وه‌ری گفتوگۆ و دانیشتنهكانیانه.
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا كه ئایین ئاماده‌یی هه‌یه، زۆرێك له‌م پاره په‌رستانه زیاتر خۆیان په‌یوه‌ستی خواپه‌رستی ده‌كه‌ن به‌ڵام له‌پێناو پاره په‌رستیدا، به‌و پێودانگه‌ی خودا سه‌روه‌ته‌كانیان بپارێزێت و لێیان نه‌سێنێته‌وه، یاخود له‌و چهوتییانهیان خۆشبێت كه‌له‌ڕێی كۆكردنه‌وه‌ی سامانه‌كانیاندا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. نوێژ ده‌كه‌ن، هه‌میشه له‌ڕیزه‌كانی پێشه‌وه‌ی نوێژی به‌كۆمه‌ڵدا ڕاده‌وه‌ستن، زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن له‌به‌جێهێنانی ئه‌ركه ئایینیه‌كاندا، كه‌چی خۆیان ده‌دزنه‌وه لهدهستگیرۆیی كردنی نزیكترین كه‌سی خۆیان(خوشك یان دایك یان برا) له‌كاتێكدا له‌ڕه‌وشێكی خراپیشدا بن.
هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ڵكی لای كه‌سانی پاره په‌رست له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ندێتی سه‌رمایه‌یه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئاستی ڕۆشنبیری و تێگه‌یشتوویی و سوود و خزمه‌ته‌كانیان به ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه.
وشه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌و وشه‌یه‌یه كه‌ڕه‌نگه زۆرێك له‌خه‌ڵكی خوازیاری ئه‌وه‌بن ببێته سیفه‌تیان و پێی بگه‌ن، به‌ڵام وردبوونه‌وه له‌ڕه‌وشی زۆرێك له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ئه‌وان هه‌ڵگری ئه‌و باره سایكۆلۆژییه نائاساییهن كه‌ئاماژه‌مان پێدا. بۆیه كه‌سانی به‌خته‌وه‌ر له‌ناو ئه‌و توێژه‌دا به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینرێته‌وه. چونكه ئه‌م جۆره كه‌سانه به‌خته‌وه‌ری له شته مادییه‌كانی ده‌وروبه‌ریاندا ده‌بیننه‌وه, وه‌ك كڕینی كۆشكێكی زیاتر یان دروستكردنی ته‌لارێك یان كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌كی نوێ، كاتێك به‌مه‌ش ده‌گه‌ن كه‌چی ده‌بینن هه‌ر به‌خته‌وه‌ر نابن، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌خته‌وه‌ری له‌ناخیاندا بوونی نییه.
كه‌سانی پاره په‌رست هه‌رگیز هه‌ست به‌ئازادی ناكه‌ن چونكه له‌ناخیاندا دیلی پاره‌ن. سه‌یره هه‌ندێ كه‌س ئاوا له‌ژیان و له‌پاره و له‌ده‌وربه‌ر ده‌ڕوانن. هه‌تا له‌كۆكردنه‌وه سه‌روه‌ت و سامانی زیاتر نزیكببنه‌وه هێنده له‌خه‌سڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ها جوانه‌كانی كۆمه‌ڵگه دوور ده‌كه‌ونه‌وه، ئه‌و په‌نده کوردییه جوانی پێکاوه که ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی له پاره نزیک بێته‌وه … ڕه‌وشتی به‌رزی بیر ده‌چێته‌وه)
ئه‌م جۆره كه‌سانه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بێزراون، خۆشه‌ویست نین، چونكه نابنه هه‌ڵگری خه‌مه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، ته‌نها له‌خه‌می پاره و كه‌ڵه‌كه‌كردنی پاره‌دان.
حاڵه‌تی پاره په‌رستی جۆرێكه له‌حاڵه‌ته‌كانی ئالووده‌بوون، چۆن كه‌سانێك له‌سه‌ر مه‌ی یان جگه‌ره یان ماده هۆشبه‌ره‌كان ئالووده ده‌بن و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م مادانه زاڵ ده‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه و گوفتاریاندا، به‌مجۆره‌ش عاشقبوون بۆ پاره تائه‌ندازه‌ی په‌رستن تاك ئالووده ده‌كات.
كه‌سانی پاره په‌رست له‌هه‌ندێ باردا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر نواندن به‌جۆرێك بۆ ئه‌وه‌ی چاوپیسی یان ئیره‌یی خه‌ڵكی نه‌وروژێنن له‌خۆیاندا، خۆیان له‌پۆشینی به‌رگ و پۆشاك و ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی نه‌شیاودا نماییش ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت نا‌وێرن یان ناتوانن فۆرمه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆیشیان ده‌ربخه‌ن، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا تووشی بێزارییه‌كی زۆریان ده‌كات كه‌ناتوانن وه‌ك پێویست چێژ له‌سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان وه‌ربگرن.
ئه‌و که‌سانه‌ی له‌بارێکی هه‌ژارییه‌وه کت‌وپڕ یان به‌هۆی ڕهخساندنێکی هه‌لێکی زێڕینه‌وه یان به‌هۆی گۆڕانکارییه‌کی سیاسی و ئابوری گه‌وره‌وه، به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانێکی بێشوماردا ده‌که‌ون ، کاریگه‌ری ئه‌و هه‌ست به‌که‌می کردنه یان گرێی کهمسهرییهی له‌ڕابردوودا هه‌یانبووه هه‌روا به‌سانایی ئاوا نابێت، به‌ڵکو ده‌که‌ونه خۆهه‌ڵکێشانی زۆر و زێده‌ڕۆیی کردن له کڕین و ئاڵگۆڕکردنی که‌لوپه‌ل و مۆدێلی ئۆتۆمبێل و پۆشاک و گه‌شتوگوزار و خانوو و هه‌ندێجار په‌نا بۆ فره‌ژنی ده‌به‌ن و ….تد، بۆیه هه‌میشه ئه‌م که‌سانه زۆر په‌نا بۆ ئه‌مجۆره ڕه‌فتارانه ده‌به‌ن وه‌ک میکانیزمێکی بریخستن بۆ ئه‌و هه‌ست به‌که‌می کردنه‌ی له‌ڕابردوودا له‌ده‌ستی ناڵاندوویه‌تی.