چیڕۆك
زۆربەی عەسران لە دوای تەواوبوونی کار ڕووم دەکردە کافیتریایەك کە تۆزێك لە نێو شاری دوور بوو، من حەزم لەوێ بوو چونکە جگەرەکێشان لە ژوورەوە قەدەغە بوو، زۆربەی جارەکان پیاوێك لە هەمان کاتی من دەهاتە ئەوێ، من و ئەو نازانم بە ڕێککەوت بوو یان بە هۆی حەز بوو زۆربەی جارەکان لە هەمان گۆشە دادەنیشتین، ئەوەندە ئەم یەکتربینینانە دووبارە بوو، وای لێهات دەستمان کرد بە سڵاو کردن لە یەکترو ناوی یەکترمان زانی، ئەو ناوی ئاراس بوو.
ئاراس هەموو جارێك دەیبینی من خەریکی نووسینم ڕۆژێك پرسی؛ مامۆستا دەبینم بە خۆتو عەینەکەکەت بە بەردەوامی دەستت لەسەر کیبۆردەو لە شاشەی لاپتۆپەکەت ووردەبیەوە، دونیا ئەوەندەی دەینی؟
منیش پێکەنیم و گووتم چیبکەم حەزم لە نووسینە!
ئاراس گووتی؛ بەس ئەوڕۆ سەرت هەر بڵند نەکرد، منیش لەوەڵاما گوتم ؛ ئاخر دەبێ نووسینێکی گرنگ ئامادەبکەم لەسەر ڕاپەڕینی شار.
ئاراس ڕەنگی گۆڕا، من لەوەتی لێرە ناسیبووم هەر بە خامۆشی بینیبوم ، بەڵام ئێستا دوای وەڵامەکەی من ڕەنگی هەر نەما، بۆ چەند چرکەیەك لە شوێنی خۆی مات بوو، منیش بۆ شکاندنی ئەم دۆخە لێم پرسیەوە کاك ئاراس بەشداریت کرد لە ڕاپەڕین؟
بە دەنگێکی زۆر کز گووتی ئەی چۆن، ئێمە براکەمان، چرای ماڵەکەمان، لە گەڵ گرتنەوەی شار لە ناوچوو. هەستم کرد گەمژانە برینی کەسێکم کولاندەوە، گوتم زۆر بە داخەوەم، ئاراس قوڕگی نووسا، گوتم تکایە ئەوڕۆ لای من دانیشە مەچووە سەر مێزەکەی خۆت.
ئاراس لای خۆم دانیشت، داوای قاوەم بۆ کرد، کە قومی لە قاوەکەی دەدا، دەتگووت قاوەکە دەڕوا بۆ ناو سەری نەك بۆ ناو سکی، چونکە چاوەکانی لە گەڵ نۆشینی دائەخست. بێ دەنگیەکی تاڵ دانیشتنەکەمانی داگرتبوو، تاکە جوڵە قاوە خواردنەکەی ئاراس بوو.
ئاراس خۆی بێدەنگیەکەی شکاند، گووتی زۆر داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر ئەو بیرەوەرەیەم تۆی ناڕەحەت کردبێ، بەڵام نەك هەرمن، بەڵکو هەموو ئەندامانی خێزانەکەمان سی و چوار ساڵە برینێکی تەڕ لە نێو دڵماندایە، باوکم و دایکیشم ئەم برینەیان لە گەڵ خۆیان بردە گۆڕەوە!
دووبارە هاوخەمی خۆم دەربڕی، بەڕاستیش لە ناخمەوە حەزم دەکرد لە باوەشی بکەم و دڵنەوایی بکەم، من لەو بیرکردنەوە بووم کە ئاراس دەستی بە قسە کردەوەو گووتی:-
ئەمن ئێستاش نازانم ئەتوو ڕۆژنامە نوسی یان شاعیری، بەڵام هەست بە برایەتیت دەکەم، دەزانم خەڵکی شار هەمووی بە تۆشەوە برینتان لە دڵە بەڵام ئەگەر بۆتی باس بکەم تێدەگەی کە برینی ئێمە چەند جیاوازە لە خەڵکیتر!
دەزانی من خۆم زۆر قەڕەباڵغ کردووە، بە مناڵ و خێزان، بە کەسابەت، هەموو ڕۆژێك دەمبینی لێرە تا ئێوارەیەکی درەنگ پەنجەکانم لەسەر جامی مۆبایلەکەمە، تەنیا بۆ ئەوەمە ئەو برینە تۆزێك ووشك بێ، بەڵام حەیف و جەخار هەر تەڕە!
ئەگەرچی دەنگی خەماویتر بوو کە ئەم قسانەی دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ڕوخساری تۆزێك باشتر بوو، بە ئاماژە دەستی بۆ خزمەتگوزارەکە بەرزکردەوەو داوای دوو قاوەیتری کرد، پەرداخێك ئاوی خواردەوەو ئەمجارە ئارامتر دەستی بە قسە کردەوە؛
نزیکەی بیست و پێنچ ڕۆژێك بوو شار ئازاد ببوو، باوکمان وەك بڵێی لە نێو گەورەترین هەڵەدا ژیان بکات زۆر نیگەران بوو، ئەو هەمیشە دەیگووت ئاقیبەتی ئەم شتە باش نابێت!
دەم نادەم دیعایە وەکو هەوا بە نێو شاردا بڵاودەکرایەوە، ئەوانەی لایەنگری ڕژێم بوون، زوو دیعایەی لەو بابەتەیان بڵاودەکردەوە.
خەڵك دەترسان و بۆ ڕەواندنەوەی ئەم ترسە زۆر جار تەقەیان بۆ ئاسمان دەکرد، بە تایبەت شەوانە هەر بەڕاستی هەستت دەکرد کە تەواو شار گیراوەتەوە.
بە پێچەوانەی ئێمە کە هەندێك بەو تەقە کردنە خۆبەخۆیانە تەنگاو دەبووین، باوکم دەیگووت؛-هیچ ڕاست نیە ئەگەر حکومەت هێرش بکاتەوە یەکەمجار گوێتان لە تۆپباران دەبێت. بەڵام؛ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باوکم دڵتەنگتر دەبوو، هەستمان دەکرد نائارامی و بێ ئۆقرەیی و دڵتەنگیەکی گەورە لە دڵیدایە، دەتگووت دەزانێ کە کارەساتێک بەڕێوەیە، بۆیە هەر کاتێك ئێوارە دادەهات نەیدەهێشت کەسمان لە ماڵ بچینە دەر، ئەو تەنانەت ئەگەر تەقەش نەبوایە نەیدەهێشت بچینە دەرەوە، ئەو هاواری دەکرد نەخەستەخانە ماوە نەدکتۆر نەدەرمان شتێکتان لێبێت تیا دەچن، بۆ هەموومان وابوو، بەڵام ئازدای برامان کە برا بچووکمان بوو لە هەموومان زیاتر لە ژێر چاودێری باوکم بوو، ئەو تەنانەت نەیدەهێشت ئازاد لە پەنجەرەش نزیک ببێتەوە!
لە مناڵیەوە ئازاد لە لای باوکم زۆر تایبەت بوو، باوکم ئەوی بەڕادەیەك خۆشدەویست کە هەموو جاران سووکە گلەیی تێکەڵ بە سوعبەتمان دەکرد، دەمانگووت “بەس ئازاد کوڕی باوکمە”!
دایکم لە وەڵامدا دەیگووت، نا فەرقتان ناکات بەڵام لەلای من باس دەکات دەڵی ئازاد زۆر لە خۆم دەچێت، دەشڵی لە هەموویان زیاتر بە گوێم دەکات و تەبیعەتیشی وەکو خۆم وایە.
ئێمەش ئەگەرچی لەمناڵیەوە هەستمان بە هیچ جیاوازیەك نەدەکرد لە نێوان یەکتر، هەموو خوشك و براکان لە یاری و لە شەڕی ڕۆژانەی ناو ماڵ هەر یەك بابەت بووین بەڵام کە گەیشتینە تەمەنی هەرزەکاری هەستمان بە جیاوازیەکان دەکرد.
لە کوڕەکان ئازاد یەکەم مناڵی ئێمە بوو کە دەستی بە نوێژ کردن کرد، یەکەم کەسیش بوو کە لەگەڵ باوکم چوو بۆ مزگەوت، ئەو ڕۆژانی هەینی لە گەڵ باوکم دەچوو بۆ خوتبە، ئەگەر نەشچوبا ئەوە بمردبا لە برسانیش دەستی بە نان خورادن نەدەکرد تا باوکم لە خوتبە دەهاتەوە!
ئێمە بە ڕاستی لەو تێنەدەگەیشتین کە باوکم پەروەردەیەکی جیاوازی ئازادی دابوو، یان ئەو برایەمان خۆی لە ئێمە جیاواز بوو، هەندێ جار خۆمان بۆ نەدەگیرا تەعلیقمان لێدەدا دەمانگوت ” ئازاد ئەتو بەس مایە بمری” وەکی باپیرمان هەڵس و کەوتان دەکەیت، ئەو زۆرجار بزەیەکی دەکردو هەندێ جاریش ئەویش تەعلیقی لێدەداین وەك بڵێ ی لاسایی باوکم بکاتەوە دەیگوت” خۆ ڕۆژەك ئەمن نامینێم ئەوجا کێ دەستان دەگری!”
ئێستاش دوای سی و چوارساڵ کە ئەو بیرەوەریانەی ئازادم بیر دێتەوە بە دەست خۆم نیە لە گەڵ خوشک وبراکانم دەست دەکەینە گریان، چونکە “ئازاد” ی برام بە مردنێك ئێمەی جێهێشت هەموومانی پیرکرد، بەڵام باوکم دوای ئازاد هەموو ڕۆژێك سەرلەنوێ دەمردەوە.
دایکم کە ئێمە زۆرمان لێدەکرد کە باسی کۆنی خۆی و باوکمان بکات، ئەودەمی هەموو جاران باسی گەنجێتی و شووکردنی خۆی بە باوکم دەکرد. ئێمە بە ئەنقەست بیرەوەری کۆنمان بە دایکم دەگێڕاوە ، چونکە سوکنایی زۆرمان دەهات بەم بیرەوەریانە، بە تایبەتی دوای کۆچی دوایی باوکم، تا چەند ساڵێکیش بەر لە کۆچی دایکیشم هەر پێمان دەگێڕاوە.
دایکم دەیگوت؛ بابتان تەنانەت لە زەماوەندەکەی خۆشی زۆر حەزی لێنەبوو زەماوەند بکەین، کەس و کاری ئێمە بەزۆر پێیان کرد!
دایکم پێدەکەنی و دەیگوت ” باوك و برایەکانم ڕوویان لێکردبوو پێیان گوتبوو خۆ ژنت ڕەدوو نەکەتیە، خۆ خوشکەکەمانت هەرنەگرتیە”!
بە هەر جۆرێك بوو دوایی باوکتان ڕازی بوو، لە بیرتانە کە بە هەمووتانم دەگووت “ئەنگۆ ئەوەندە دەم دەمی لە گەڵ مەکەن، ئەو دڵێکی باشی هەیە، بەس حەزی لێیە مناڵەکانی باوەڕدارو سەنگین بن، ئەنگۆش وەکی ئازادی بن، بزانە قەت باوکتان لێ ی تووڕە دەبی”
لە گەڵ باوکتان ژیانێکی زۆر زەحمەتمان هەبوو، باوکتان هەموو جاران لەماڵەوە بەو عارەبانەی حەوشە لێرەوە دەچووە عەلوە لە وێوە گەڕەك بە گەڕەك دەگەڕا.
ئەو ڕۆژهەڵات دەردەچوو ڕۆژئاوا دەهاتەوە، ئەو دەمی کە دەهاتەوە “جوانە مەرگ” لەبەر مەمکان بوو، لێرە دایکم هەرجارێك ناوی جوانەمەرگی دەهێنا دەستی دەکردە گریان، دایکم دەیگووت هەمووتان بۆ لای باوکتان ڕاتان دەکرد، بەڵام جوانە مەرگ ساوا بوو، لە باوەشم بوو، ئەویش لە دوورەوە باوکتی دەدەیت دەستی دەکردە پێکەنین لە شوێنی خۆی هەڵیدەدا.
باوکت کە عارەبانەکەی لە حەوشە ڕادەگرت، دوو سێ عەلاگە کەرستەی چێشت لێنانی بۆ بەیانی لە گەڵ خۆی دەهێناوە، هەموو جاران بە دزی ئێوە یەك دانە مۆزی لە نێو زەرفێکا دەشاردەوە، چونکە پارەی مۆزکڕینمان نەبوو، تەنیا یەك دانە مۆزی دەهێناو دەیدایە من، دەیگووت ئەوە لۆکەس نیە، ئەوە لە گەڵ شیری تێکەڵی بکە، بیدە بەبەی.
باوکتان دوای نوێژی مەغریب کە هەمووتانی ڕەوانەی سەرەوە دەکرد بۆ ئەوەی بخوێنن تەنیا لە بەر خوێندن نەبوو، ئاخر ئەو نەیدەویست لە بەرچاوی ئێوە هێندە ئازاد لە باوەش بکە!
باوکتان ئەنگۆی هەموو خۆشدەویست بەس بەبەی زۆر خۆشدەویست، هەموو ئێوارەیەك کە لە باوەشی دەکرد دڵی نەدەهات ماچی بکات، دەیگووت ئەو ڕوومەتە پەنیرەو سمێڵی منیان نەگۆتیە، باوکت وا بۆنی جوانە مەرگی دەکرد دەتگووت بۆنی خۆشترین گوڵ دەکا، هەموو جاران منجە منجی دەکرد بە منی دەگووت ئەوەندە بۆدرەی لێمەدا، خۆی بۆنی زۆر خۆشترە لە بۆدرەو داو دەرمان.
ئێوە لەسەرەوە دەنگە دەنگتان بوو، ئەو لە خوارەوە لەسەر پشت ڕادەکشا بەبەی لەسەر سینگی خۆی دادەنا یاری لە گەڵ دەکرد، کە دەیزانی ئێوە دەنگی پێتان دێت و دێنە خوارەوە بە ئەسپایی دەیدایەوە باوەشی من، دەترسا نەوەك ئێوە ئیرەیی پێ ببەن، چاوم کۆرە بی، ئەو حەزی دەکرد خۆشتان بوێ!
بەدەر لە دایکم و باوکم؛ لە دوای جوانە مەرگ بوونی ئازاد؛ ڕەنگ و ڕوخساری هەموومان گۆڕابوو، نەدەوێریان هیچ ئەلبومیك دەربهێنین، باوکم زوو زوو بە دزی هەموومان پیشی دەخواردو دەگریا.
ئێمە هەموو وێنەکانی جوانە مەرگمان شاردەوە، نەوەك باوکم و دایکم بیبینن، بەڵام تاکە وێنەی ئازاد کە لە دیوەخانەکە بوو، کە ویستمان لێیبکەنەوە، باوکم گووتی “کەس ناتوانی لێ ی بکاتەوە، ئەو وێنەیە هی منە من”
ماڵی ئێمە کوڕەکان هەر یەکەمان سەر بە بیروباوەڕێکی جودا بووین، هەر یەکە چەکی خۆمان هەبوو، بەڵام باوکم نەیهێشت لەو بیستو پێنچ ڕۆژەی شار ئازاد بوو بە چەکەوە بچینە دەرەوە، چەندە دەمانگوت بابە ئێستا ئێمە گەنجین و گەورەین هیچ سوودی نەبوو، تەنانەت ئازادیش لەسەر هەمان ڕای ئێمە بوو، بەس ئەو هەرگیز لە بەرامبەر باوکما ناڕەزایەتی دەرنەبڕی بەڵام دەمانزانی وەکو ئێمە شەیدای چەک و خۆنیشاندانە بە چەکەکەی.
وەکو ئەوەی باوکم پێشبینی دەکرد، ئەو ڕۆژەی سوپا هێرشی کردەوە سەرشار، دوو کاتژمێر بەر لە نوێژی بەیانی تۆپباران دەستی پێکرد، تۆپبارانێکی خەست کە خەڵک لەبەرەبەیانەوە دەرچوون لە ماڵەکانیان و شاریان جێهێشت، هەر جادەیەك پڕبوو لە هەزاران خێزان کە ڕوویان لە باکوری شار بوو، بەرەو دەرەوەی شارو ناوچە شاخاویەکان ڕایاندەکرد.
باوکم هەموومانی کۆکردەوە، یەکەم شت نەڕاندی بەسەرمانا گوتی ئەو چەکانە لە شانتان بکەنەوە، خۆ بەتەما نین بچنە ناو ئەو شەڕە خۆتڕێنە؟ ئێستا هەموومان بە پێ دەڕۆین بۆ لای ماڵی خاڵتان، لەوێ لە گەڵ ئەوان و بە لۆریەکەیان ئێمەش دەڕۆین!
یەکەمجار بوو هەر سێ کوڕەکە بە یەك دەنگ گوتمان ” ئێمە لە گەڵ پیاو و گەنجانی گەڕەك دەمێنینەوە، بەرگری دەکەین! باوکم دوای یەك چرکە لە ئەبڵەق بوونی بێ وەڵام ویستی بنەڕێنێ بەسەرمانا، بەڵام دەنگی تۆپێك کە لە کۆڵانەکەی ئەودیومان کەوتەوە، گفتوگۆکەی یەکلاکردەوە، باوکم و دایکم هەردووکیان بە یەکەوە و بە گریان پاڕانەوە ویستیان بێ ئێمە نەڕۆن، بەڵام ئێمە گەنج بووین، سەرکێش و لە خۆڕازی بووین، باوکم کە زانی سوودی نیە، بە حەسرەتێکەوە کە هەر ئەوەتە گوێمان لێبوو، ڕووی لەمن و برایەکەیترم کرد گوتی”خۆتان مەکەنە قوربانی، ئەگەر هاتن زوو وەرن، توخوا ئازاد گچکۆکەیە بە جێ ی مەهێڵن” ئەو دەمی ئازاد تەمەنی بیست و دوو ساڵ بوو شەش ساڵ لەمن بچووکتر بوو کەچی بابم هەر بانگی دەکرد بەبە! تۆپباران و تەقە خەستر بوو؛ باوکم و دایکم لە گەڵ دوو خوشکە بچوکەکەم هەتا لە کۆڵان وونبوون دەیانکێشا بەسەری خۆیاندا دەگریان، لە کۆتایی کۆڵانەکە باوکم دوا ئاوڕی لە ئێمە دایەوە لە تاریکی و دەنگی تۆپباران و بۆنی باروود ڕۆیشتن و ونبوون.
ئێمە بە خۆمان و چەکەکانی شانمانەوە بەشانازیەوە هەرسێکمان چووینە نێو گەنج و پیاوانی گەڕەك کە لەسەری کۆڵانەوە کۆببوونەوە بۆ بەشداری لە بەرگری شار، لە کاتێکدا کە تۆپباران و دەنگی تەقە نزیکتر دەبوو، خەڵکەکە بڕیاریان دا کە دابەش بن بە سەر دەستەی چەند کەسی، هەر دەستەیەك بەرگری لە شوێنیك بکات.
ئێمە هەر سێ براکە بڕیارمان دا لە گەڵ ئەو دەستەیە بین کە سەری شەقامە گشتیەکەی گەڕەکەکەی خۆمان بپارێزین، بەڵام هەر لەو کاتەدا پێکابێك کە هەندێ لە خەڵکی چەکداری تیابوو هاتە نێو قەڕەباڵغیەکەو شۆفێرەکە هاواری کرد “شەڕێکی خەست لەولایە پیویستمان بە چەکدارە، من ڕووم لە هەردوو براکەم کردوو گوتم ئێمە ناچین بە یەکەوە دەبین، بەلام ئازاد گووتی “شەڕ هەر شەڕە، من دەچم”
ئازاد چاوەڕێ ی وەڵامی منی نەکرد، خۆی هەڵدایە نێو پیکابەکە، کە بە هەموو خێرایی خۆی ڕۆیی، هاوار هاواری من لە ئازاد، هیچ سوودی نەبوو، بە حەسرەت و تێکشکانەوە گەڕامەوە لای براکەیترم، ئەو دەمی ساڵی ١٩٩١ بوو، نەك مۆبایل نەبوو بە ڵکو کارەباش نەبوو، بۆیە لە گەڵ ونبوونی پیکابەکە لە بەرچاوان هیچ پەیوەندیەکمان لە گەڵ ئازاد نەما.
کە دەستەکەی ئێمە گەیشتە سەر جادەی گشتی؛ سەدان تانک و زریپۆشمان بینی کە لەسەر جادەی گشتیەوە بەرەو ناو شار دەهاتن، ئەوان بەهەموو جۆرێك ئاگربارانی ئەو سوچەیان کرد کە ئێمە بەنیازبووین بەرگری لێبکەین، ئێمە بە ناچار تێکشکاین و ڕامانکردەوە ژوورەوەی شار.
لەم گەڕەك بۆ ئەو گەڕەك ڕاکردنێکی بەردەوام، دەمانویست بگەینە سەرجادەی گشتی باکوری شار، لە ڕێگە لە چەندین شوێن تێکەڵ بە بەرگری دەبووین، لە هەموو ئەم وێستگانەدا بەرگریکەمان زۆر کەمی دەخایاند چونکە سوپا تۆپ و چەکی قورسی بەکاردەهێنا، کۆڵانەکانمان جێدەهێشت و لە تەنیشتمان یان لە پێشمان خەڵک بە زامداری یان کوژراویی کەوتبوون.
لە بەری بەیان تا شەوی هەمان ڕۆژ، توشی دەیان دۆخی ترسناکی کوشتن بووین لە تەقە کردن لێمان، لە تۆپبارانی شوێنەکانمان، بەڵام لە تاریکی شەودا دەرفەتێک دروست بوو کە هەرچی چەکداری شارە کە هێشتا دەربازیان نەبوو بە تەقەکردن لە یەك ئاراستە توانیان گەمارۆکە بشکێنن، هەندێك لە ڕێگا دەیانگووت سوپا دەیتوانی لە ناومان ببەن بەڵام ویستیان ئەو کۆمەڵە چەکدارەی لە شار ماون دەربچن، چونکە سوپا دەتوانێ بۆ بەیانیەکەی بە فڕۆکە لە ڕێگای ڕاکردنیان بیانکاتە ئامانجی ئاسان، هەر بەڕاستیش وا دەرچوو، بەری بەیان کە ئێمە لەسەر جادە بەرەو شاخەکان دەڕۆیشتن فڕۆکەکان هاتن و سەدان کەسیان کوشت.
ئێمە دەرباز بووین لە شارو بە بێ وەستان ڕۆیشتین بۆ لای سنور، پێنچ ڕۆژی پێچوو تا لە نێو باوباران و ڕێگای شاخاویدا، لە سەر سنوور لە نێوان هەزارهەزار ئاوارەدا دایك و باوکم و خوشکەکانم دۆزیەوە. کە من و براکەیترم بە بەبێ ئازاد، بەرەو خێزانەکەی خۆمان دەڕۆیشتین هەموویان بە ڕاکردن بەرەو پیرمان هاتن، باوکم لە دوورەوە هاواری کرد کوا ئازاد، کوا بەبە؟ دایکیشم یەکسەر هاواری کرد کوا براکەتان؟ بۆ لەگەڵتان نیە؟ ئێمە نوتقمان گیرابوو، لە ماندووبوون لە برسێتی، بەڵام نەماندەزانی چۆن پێیان بڵێین ئازاد ئێمەی جێهێشت، باوکم لە چۆکی خۆی دەداو دەیگووت “مارم کاول بوو توخوا بەبە لە کێندەرە؟”
ئێمە ئەوەی ڕوویدابوو هەموومان وەکو خۆی گیڕایەوە؛ باوکم و دایکم هەر دەیانگوت ئاخر چۆن هێشتان جیابێتەوە لێتان؟ هەموو بەیانیەك باوکم و دایکم بەر لە ئێمە دەچوونە سەر دەروازەی جادەکە کە خەڵکی تازە دەگەیشتین، چاوەڕێی گەیشتنی ئازاد بوون، کەس و کاری خەڵکی هەموو گەیشتین، تەنیا ئازادی مە نەگەیشت! باوکم لە نوێژەکانیدا لەسەر بەرماڵەکە ڕۆژێ پێنج جار دوعای دەکرد بە گریانەوە دەیگووت؛ خودایە بەبە ئەمانەتی تۆیە، خودایە ڕوحم بەو ڕیشە سپیەم بکە!
دوای تێپەڕبوونی دە ڕۆژ هەواڵ هات کە سوپا بەخشینی دەرکردوە خێزانەکان دەتوانن بگەڕێنەوە شار، باوکم گووتی زوو خۆتان کۆ بکەنەوە، ماڵی خاڵمان دۆزیەوە، هەمومان چەکەکانمان بە نرخی فەردە ئاردێك لەسەر سنور فرۆشت و گەڕاینەوە بەرەو شار.
بە درێژایی ئەم ڕێگایە دایکم دوعای دەکرد؛ خوایە ئێستا بچینە ماڵەوە ببە لە ماڵ بێ، باوکیشم هەر بە خاڵمی دەگووت زۆر خاو لێدەخوڕی! سەرنجام گەیشتینەوە ناو شارو باوکم بە ڕاکردن چوو دەرگای دەرەوەی ماڵەکەمانی کردەوە، ڕایکرد بۆ دەرگای سەرەکی چوونە ژوورەوەو هەر هاواری دەکرد؛ ئازاد، بەبە، ماڵێکی ساردو سڕ، هیچ وەڵامێ نەبوو! سەرەڕای بڕینی ئەو ڕێگا دوورە، گووتی با لە دوی بگەڕێین.
دووەم ڕۆژی گەڕانەوەمان سوپا خاڵم و لۆریەکان برد، بۆ ئەوەی وەکو گواستنەوە سوپا بەکاری بهێنێت بۆ هێرش بۆ سەر ئەودیوی شاخەکان، باوکم زۆر ناڕەحەت چونکە بە دەر لەوەی کە ئەمە مەترسیەکی زۆر بوو بۆ خاڵم، هەروەها ئیتر نەیدەتوانی چیتر بە ئاسانی بەردەوام بێ لە گەڕان، بە تایبەتی لە دەروازەکانی شار کە بە لێشاو خەڵك دەگەڕانەوە بۆ شار،چونکەهەموو رۆژێك لە گەڵ بەری بەیان من و باوکم و دایکم وبراکەیترم بە لۆریەکەی خالم دەڕۆیشتین بۆ دەروازەی سەرەکی گەڕانەوەی خەڵك، ئێستا خاڵم لۆریەکە نەما ئاستەنگمان بۆ دروست بوو.
ڕۆژێ دوای ئەوەی خاڵم گیرا، نزیك کاتژمێری پێنجی بەیانی بوو، کە باوکم دایکم و هەموومانی بە ئاگاهێناو بە گریانەوە گوتی ” بەبە هاتە خەونم، بەبە کوژراوە، بەبە پێیگۆتم بابە وەرە تەرمەکەم ببەوە، جێگاکەی پێنیشاندام با بڕۆین، بەبە بهێنینەوە”
ئێمە لە نێوان گریان و پێداگری باوکم، لە نێوان ئەوەی کە بەم بارانە و بە بێ ئوتۆمبێڵ چۆن بگەینە ئەو شوێنە دوورەی باوکم وەکو لاڵمان لێهاتبوو، باوکم گوتی: ئەمن دەڕۆم و بە عارەبانەی سەوزە فرۆشتنەکە دەچم بەبە دەهینمەوە، دایکم بە گریانەوە دەستی بابمی گرت گوتی ناوی خوای لێبینیە، کو درت دێ بڵێ ی بەبە مردووە، ئەتو درت لە هەموومان دڵتەنگترە بۆیە ئەم خەونەت بینووە، باوكم گوتی ئەمن دەڕۆم!
دایکم گووتی ڕاوەستە، هەندەك بە تانی و نایلۆنی دەینم، با بەبە سەرمای نەبی بە قوربانی بەژنی بم. کە هاتینە دەرەوە هێشتا دونیا تاریك، باران کزی کردبوو، گەڕەك وەکو گەڕەکەکانیتری شار تەنیا چەند ماڵێک چرایان داگیرسابوو چونکە هێشتا خەڵکێکی زۆر لە ڕێگای گەڕانەوە بوون بۆ شار.
بەم بەیانیە ساردە، بەرێکەوتین بۆ ئەو شوێنەی کە باوکم لە خەونەکەی بینیبووی، ئەو شوێنە نزیکی دەرەوەی شار لە تەنیشت بازگەی هاتنە ژورەوەی شاربوو لە ڕۆژهەڵاتی شار، ئێمە پێنجی بەیان بەڕێکەوتین، لەگەڵ براکەم بە نۆبەت عارەبانەکەمان لێدەخوڕی، کە گەیشتینە سەر جادەی سەرەکی شار کە بۆ ئەم بازگەیە دەچوو، سەدان خێزانی ماندوو، برسی بەرەو شار دەهاتنەوە، بێ دەنگیەکی سامناک، تەنیا دەنگی نوزەو گریانی مناڵان نەبێ کە دەم نادەم ئەم بێ دەنگیەی سامناکەی دەشکاند.
کە گەیشتینە بازگەکە سەربازەکان زۆر گرنگیان پێمان نەدا، لە بازگە تێپەڕین نزیکەی دووسەد مەترێك لەولاتر، باوکم ئاماژەی بۆ تەپۆلکەیەکی زۆر بچووك کرد کە بە قەدەر دەمە شۆڤڵێك خاکی لەسەر کۆکرابوو، بە گریانێکی زۆر قوڵەوە گووتی؛ ئەوەتە بەبە لێرەیە!
هەموومان بە ڕاکردن چووین، لە یەك کاتدا بە دەستمان ئەو خاكە تەڕو ساردەمان هەڵدەدایەوە، من و براکەم چەند ویستمان دایك و باوکمان دووربکەونەوە نەبادا ئەم خەونە ڕاست بێ خۆیان تەرمی جەرگی خۆیان ببینن، بەڵام هیچ گوێیان بە ئێمە نەدەدا، لە ناکاو باوکم بە گریانەوە هاواری لێ هەڵسا:
” ئەی بە قوربانت بم ببەی خۆم، هەستە با بتبەمەوە مارێ” چووین بەلای باوکمانا بینیمان تەرمی ئازادی لە باوەش گرتووە، هەموو بە یەك دەنگ دەگریاین، لەسەر جادەکەوە خەڵکەکە ئێمەیان بینی کۆمەڵێ پیاو و گەنج سەرەڕای شەکەتی و هیلاکی بە هەر جۆرێك باوک و دایکمیان لە تەرمەکە دوور خستەوە.
تەرمەکەی ئازاد هیچ تێکنەچوبوو، بە تایبەتی دەم و چاوی، بە پێ ی ئەو گولانەی بەریکەوتبوو لەوەدەچوو کۆمەڵێك بە دیلی گیرابن و هەر لەوێش گولە باران کرابن، چونکە دواتر دوای ئەوەی دەنگۆی دۆزینەوەی تەرمی ئازاد دەنگی دایەوە، خەڵکێکی زۆر کە براو کوڕو مێردیان سۆراغیان نەبوو لە ڕۆژی گرتنەوەی شاردا هەر لەم دەوروبەرە تەرمەکانیان دۆزیەوە.
ئەو حەشامەتەی لێمان کۆبوونەوە، چیتر نەیانهێشت ئێمە لە دەوری تەرمەکە بین، لە بەتانی ئاڵاندیان ویستیان دەم و چاویشی داپۆشن، بەڵام باوك و دایکم نەیانهێشت، خستیانە سەر عارەبانەکە، باوکم گووتی ڕووی لە خۆم بێ، چەندە تکایان لێکرد خەڵکە کە ئەو با عارەبانەکە پاڵ نەنێ، کەچی سوێندی خوارد و گوتی توخوا ئەم دوا دیدارەم لێ مەگرن.
لە بازگەی ڕۆژهەڵاتی شارەوە تا ماڵی خۆمان باوکم هەر قسەی لە گەڵ تەرمەکە دەکرد، بە گلەییەکی زۆر نەرم و گریاناوی، باوکم عارەبانەکەی پاڵ پێوەدەنا ڕووی لە تەرمەکەی ئازاد دەکرد دەیگوت: ئاخر کوڕم نەمگۆت وەرە لە گەڵمان؟ ئاخر بەبە بۆ پشتت شکاندم؟ ڕەبی خوایە کۆرە بی ساحێبی ئەو دەستەی تەقەی لێکردی، بەبە لۆ وات لەمن کرد بابی بابم؟
کە باوکم دەم نادەم هێزی نەدەما دایکم لایەی لایەی بۆ تەرمی براکەم دەکرد وەکو ئەو سەردەمەی بە ڕاستی بەبە بوو! خەڵکێکی زۆر کە سەرەتا دەیان کەس دەبوون، دواتر بوونە سەدان، دواتر بوونە هەزاران خەڵك بە تایبەتی پیاوان و گەنجان هەمووی بە دوای ئێمەوە دەڕۆیشتن بەرەو شار، من وام زانی کە دەگەینە ناو شار ئەو خەڵکە ئیتر پەرت دەبن، بەڵام کە ئێمە بامان داوە بۆ گەڕەكی خۆمان ئەو خەڵکە هەر لە گەڵمان بوون، کە بردمانەوە ماڵ، باوکم و دایکم بە نۆبەت سەری ئازدایان لە باوەش دەگرت، تا مەلای گەڕەك هات و قەناعەتی بە هەردووکیان هێنا کە مادام هەموو کەس و کار بینیان با بیبەینە مزگەوت نوێژی ماڵئاوایی لێبکەین، باوکم و دایکم تا مردن ڕۆژ نا ڕۆژێك دەچوونە سەر گۆڕەکەی، خوشکەکانم لەسەر گۆڕەکە رێحانیان چاندبوو، چەندین جار کە من لە گەڵ دایکم و باوکم دەچوومە گۆڕستان گوێم لێدەبوو لە گەڵ گۆڕەکە قسەیان دەکردو ئەوەیان زۆر دووبارە دەکردەوە ” ببە بۆنی خۆشی تۆ لە کوێ بۆنی ڕێحان لە کوێ”، ئەم دیمەنانە هەموو ڕۆژێك لە مێشکم دووبارە دەبێتەوە، ماندوم زۆر ماندوم.
کە ئاراس دوا ڕستەی گووت، دەستی بردە گیرفانی و جگەرەی دەرهێنا بۆ ئەوەی جگەرەیەك بکێشێ، هەر خۆی گووتی لە ژورەوە جگەرە کێشان قەدەغەیە، گووتی بچینە دەرەوە جگەرەیەك بەبا بکەین؟ گوتم با بڕۆین، لە دەرەوە ئازادی زۆر بە هێواشی جگەرە دەکێشا، لێم پرسی: گۆڕەکەی ئازاد لەکام گۆڕستانە؟ گوتی؛ شێخ ئەحمەد، گوتم بەیانی بچین؟ گوتی دەچین.
123