“ژیانی هاوسه‌ری نێوان خه‌ڵكانی سه‌ر به مه‌زهه‌بی جیاواز له (فقه)ی مه‌زهه‌بیدا پێشێلكردنی مافی ژن و منداڵی لێوه په‌یدا ده‌بێت”
به‌یاننامه‌ی لیژنه‌ی كاری هاوبه‌شی چه‌پی كوردستان هەوڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتیی لە پەرلەمانی عێراقەوە: هه‌وڵدانی تاقمی سیاسیی نوێی حوكمران له عێراقدا به ئاڕاسته‌ی نه‌هێشتنی ئه‌م یاسایه، هه‌ر دوابه‌دوای گۆڕانكارییه‌كانی 2003 ده‌ستیپێكرد و، بڕیاڕی مجلس الحكم ژماره 137 له سه‌رده‌می عبدالعزیز الحكیم سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌وڵانه‌بوو، له‌و كاته‌شدا هه‌رێمی كوردستان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕیاره پابه‌ندبوونی خۆی به یاسای باری كه‌سێتی دووپاتكردوه .
بوونی یاسایه‌كی باری كه‌سێتی یه‌كگرتوو له ده‌وڵه‌تی عێراقدا، یه‌كێكه له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌موزی ساڵی 1958و، دوا هه‌نگاوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م یاسایه‌ش له بڕیاری پێشووی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه سه‌باره‌ت به قایلنه‌بوون به بوونی 14ی ته‌موز وه‌ك ڕۆژی نیشتمانی عێڕاق، جیاناكرێته‌وه.
ئێمه له لێژنه‌ی كاری هاوبه‌شی چه‌پی كوردستان پشتگیری له مانه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی ژماره 188ی ساڵی 1959 ده‌كه‌ین و، به‌سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌موارانه‌ش كه په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامیداوه‌و، نه‌بوونی ئه‌م یاسایه بارگرژیه‌كی ڕوون بۆ بواری یاسادانان ده‌خولقیێنێت، چونكه بنه‌مای یاسا له ده‌وڵه‌تی یاسا و مافی مرۆڤ و دامه‌زراوه ده‌ستوریییه‌كاندا ده‌بێ مۆركی گشتی و موجه‌ردی هه‌بێت، به پێچه‌وانه‌ی بواری په‌یره‌وه‌ی (فقه) كه به شێوازی جۆراوجۆر لێكده‌درێته‌وه.
رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هاوسه‌ری ومیرات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌زهه‌بی مه‌ترسی دیكه‌ی لێ دێته كایه‌وه، له‌وانه: بنیاتنانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوسه‌ری له نێو كه‌سانی سه‌ر به هه‌ر مه‌زهه‌ب وتایفه‌یه‌ك به شێوه‌یه‌كی داخراو، و دواتریش درووست بوونی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌زهه‌بی دابڕاو له یه‌كتر.
دروستبوونی ژیانی هاوسه‌ری نێوان خه‌ڵكانی سه‌ر به مه‌زهه‌بی جیاواز له سایه‌ی (فقه)ی مه‌زهه‌بیدا له كاتی ناكۆكیبون نێوان ژن ومێردو له دابه‌شكردنی میراتیشدا، مه‌ترسی دروستبوونی كێشه و پێشێلكردنی مافی ژن و منداڵی لێوه په‌یدا ده‌بێت. جگه له‌مه‌ش هانی پیاو ده‌دا كه به شێوه‌یه‌كی ساخته گۆڕانكاری له مه‌زهه‌بی خۆی ئه‌نجام بدات به شێوه‌یه‌ك له كاتی بوونی كێشه‌ی نێوانیان و، له كاتی جیابونه‌وه‌دا، كه‌مترین مافی ژن دابین بكات.
هه‌ندێ كێشه‌ی دیكه له سیستمی دادگادا دروستده‌بێت، چونكه دادوه‌ر ناچار ده‌بێت به دوای حوكمی شه‌رعی له كتێبه‌كانی (فقه)دا له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو بگه‌رێت، له كاتێكدا هه‌ر مه‌زهه‌بێكی (فقه)ی ئیسلامی به ته‌نها نه‌یتوانیوه له رێره‌وه‌ی مێژووی خۆیدا وه‌ڵام و چاره‌سه‌ری ئاسانكارییانه بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان بدۆزێته‌وه.
له مێژووی قانوون له ده‌وڵه‌تی عێراقدا بوونی یه‌ك قانونی باری كه‌سێتی هه‌رده‌م به ده‌سكه‌وتێكی مێژووی گرنگ دانراوه‌و، هه‌وڵ و كۆششی لایه‌نی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌كانی مافی ژنان و سه‌رجه‌م كه‌سایه‌تی مه‌ده‌نی پاراستنی ئه‌م یاسایه و كاركردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌مواركردنی پێشكه‌وتنخوازانه كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئاراسته‌ی هاوسه‌نگی مافه‌كان و هزری یه‌كسانیخوازی بێت، بووه.