ئەمڕۆ ١ی ئایاری ٢٠٢٤ لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، بە دروشمی( بژی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكاران و تەوژم پێدانەوەی تێكۆشان) بە ڕێکخستنی مەراسیمێک لە هۆڵی شەهیدانی بارەگای کلد و ئاشووری حزبی شیوعی کوردستان لە شارۆچکەی عەنکاوە ئەم ڕۆژە نێونەتەوەییەی بەرزڕاگرت.
مەراسیمی یەکی ئایار بە بەشداری هاوڕێیان، دکتۆر کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، بەڵێن عەبدوڵڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، مام خدر رووسی سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، هاوڕێ رەزا کەعبی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هاوڕێ هێور دلێر نوێنەری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، نوێنەرانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عێراق و کوردستان، سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەران و ڕۆشنبیران، بەڕێوەچوو.
مەراسیم بە مارشی نێونەتەوەیی ئینتەرناسیۆنال، دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ ڕابەرانی گیان بەختکردووی بزووتنەوەی کرێکاران لە جیهان و عێراق و کوردستان و شەهیدانی گەل و ئەو کرێکارانەی بە هۆی هەلومەرجی خراپی کار گیانیان لە دەستداوە دەستێپێکرد.
پاشان لەگەڵ وتەی بەخێرهاتن ئاماژە بەوەکرا ئێمە واتە لیژنەی هاوبەشی کاری چەپی کوردستان، بەرنامەمان وا بوو وەکوو ساڵانی ڕابردوو، بە ڕێپێوان و گردبوونەوەی بەرفراوان ڕۆژی یەکی ئایار بەرز ڕابگرین، بەڵام بە هۆی هۆشدارییەکانی کەشناسی و پێشبینی کردنیان بۆ با و باران، ئەمساڵ مەراسیمی یەکی ئایار لەم هۆڵەدا بەڕێوەدەبەین.
دواتر وتاری لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی لەلایەن دکتۆر کاوە مەحموود خوێنرایەوە و وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو کرێکارانی جیهان لە وتارەکەدا جەختیکردەوە: لەكاتێكدا، هەموومان بەیەكەوە، ساڵڕۆژی یەكی ئایار بەرز رادەگرین، بەدەنگی بەرز ئەو نادادییە شەرمەزار دەكەین كە جەماوەری گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیان دووچاری هاتوون، لەئەنجامی شكستی سیاسەتی ئابوری و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، هاوكات سەركۆنەی سیاسەتەكانی حكومەتی ئیتحادی و نوخبەی سیاسی دەكەین كە لەڕێگای (دەوڵەتی قووڵەوە)، دەیانەوێ گەلی كوردستان تەپەسەر بكەن و لە ئایندەی خۆیان بێ ئومێدیان بكەن.
لەمەشدا ئەوەی زۆرترین زیانی بەردەكەوێ چەوساوەکانی كوردستانە كەلە رابردوو بەخوێن و گیانی خۆیان رەوایەتی تێكۆشانیان لەسەر شانبووەو لەئێستاشدا، ژیان وگوزەرانیان كەوتۆتە بەر هەڕەشە و رۆژ بەرۆژ ژیانیان بارگرانتر و ناخۆشتر دەبێت.
بۆیە، جێگای خۆیەتی ، لەیەكی ئایاردا، پەیمان لەگەڵ ئەو جەماوەر نوێ بكەینەوە كە لە تێكوشاندا بەردەوام دەبین و هەموو توانایەكمان لەپێناو دابینکردنی ژیانێكی باشتر بؤ كرێكاران و ڕەنجدەرانی بير و بازوو بە كاربخەین.
لە بەشی هونەریدا، هونەرمەندی چەوساوەکان نەجم محەمەد بە چەند سروودێکی کرێکاریی و هونەرمەند رەیان شۆڕش و هونەرمەندی ئۆرگژەن بەختیار سەلیم بە چەند گۆرانییەک مەراسیمەکەیان بە جۆش و ڕازاوەتر کرد. کارێکی بەڵگەنامەیی بەناوونیشانی(یەکەمین ئایاری مێژوو) لە سەر سکرینی هۆڵەکەدا نمایشکرا.
ئاهەنگی یەکی ئایار زیاتر لە سەعاتێکی خایاند و لەلایەن کاروان سابیر و زینە رشید بەڕێوەدەبرا و لەگەڵ چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان کۆتایی پێهات.