لاجان محهمهد عوسمان:
بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین ڕەهەندی جیاواز لەخۆ دەگرێت بەجۆرێک هەندێکجار دەتوانرێت کاریگەری باش لەسەر بۆچوونی گشتی درووست بکات و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی درووست بکات، ڕۆشنگەری لە کۆمەڵگەدا بڵاوبکاتەوە. بەڵام هەندێکجار کاریگەری پێچەوانەوەی هەیە و دەکرێت ببێتەهۆی تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەروونی تاکەکان. لە هەندێک لە وڵاتاندا یاسا و ڕێنمایی سەبارەت بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، هەروەکو لە وڵاتی مالیزیا و سەنگاپورە بەجۆرێک ئەگەر کەسێک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش بکاتە سەر هەر ئاینێک یاخود نەتەوەیەک، دەکرێت سزای قورس بدرێت.
لە وڵاتانی تریش بە جۆری جیاواز هەوڵدراوە ڕێگری لێبکرێت، بۆ نمونە تورکیا بۆ مەبەستی سیاسی زۆرجار سانسۆری خستووەتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەرێمی کوردستانیش یاسایەک هەیە تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان، بەڵام بەگشتی کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاخود تەکنەلۆژیا بە گشتی کارێکی ئاسان نییە. بۆیە گرنگترین شت بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکان لە شێوازی بەکارهێنانیان. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم بریتییە لە گرفتێکی قوڵ کە زۆرجار تاکەکانی نێو کۆمەڵگە بێتاقەت و بێ ئومێد دەکات ئەوەش بریتییە لە بابەتی کۆمێنتی نەشیاو.
بەداخەوە بە تێڕوانین لەو کۆمێنتانەی کە بۆ پۆستەکان دەکرێت جا لە بابەت و بواری جیاوازدا بە چاک و خراپیانەوە، دەبینرێت کۆمەڵگەی کوردستان بە ئاڕاستەیەکی زۆر خراپدا دەڕوات. تەنانەت ئەگەر ئەو سەرنجانەی کەوا لەسەر پۆستەکان دەنوسرێت وەکو پیوەر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان هەژمار بکرێت، بەڕاستی لە کێشەیەکی پەروەردەیی زۆر قوڵداین. بە داخەوە کاتێک کەسێک بابەتێک یان هەر چاڵاکیەک دادەنێت، دەیان جوێن و هێرش دەبینرێت. واتە زۆر بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەر یەکتری و هەندێکجار دەگاتە ئەو ئاستەی کەوا بابەتی کەسی تێکەڵ دەکرێت. بەداخەوە ئەمەش بۆ ناوەڕۆکە خراپەکان نییە، بەڵکو دەیان زانیاری بەسود بڵاو دەکرێتەوە بەمەبەستی ڕۆشنبیرکردنی تاک و سود گەیاندن بە کۆمەڵگە بەڵام دیسانەوە لەڕێگەی سەرنجەکانەوە دەکەوێتە ژێر شاڵاوی جوێندان و ناوزراندن و هێرشی کەسی زۆر فراوان. زۆر دەگمەن دەبینرێت پۆستێک بڵاو بکرێتەوە بە تایبەت لە پەیجەکان قسەی نەشیا و ناشرینیان بەرامبەر بەکار نەیەت و هێرشی کەسی نەکرێتەسەر نوسەری پۆستەکان. بۆ نمونە ئەگەر کەسێک بابەتێکی ژینگەیی بڵاو بکاتەوە کە پەیوەندی بە سەرجەم تاکەکانەوە هەیە، دەبینرێت دیسانەوە بابەتی تری تێکەڵدەکرێت و چەندین وشەی نەشیاو لە کۆمێنتەکان دەکرێت.
بڕوا ناکەم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئازادی بۆ مرۆڤەکان درووستکرابێت، بەڵام بەداخەوە ئەو ئازادییە زۆر بە خراپی بەکاردێت بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. یەکێک لەو دیاردانەی کەوا هەیە کاتێک کەسێک پۆستێک بڵاودەکاتەوە و زانیاری تێدایە یاخود بۆچوونێکی تایبەتی کەسەکەیە، چەندین کەس ئامۆژگاری پێشکەش دەکەن بەبێ ئەوەی داوای بۆچوونی کەسانی تر کرابێت. واتە مافی هیچ بەکارهێنەرێک نییە ئامۆژگاری کەسێکی تر بکات ئەگەر داوای لێنەکرابێت یان ڕەخنەی بکات. خوێنەر تەنها مافی ئەوەی هەیە کە لەڕێگەی ئیمۆجیەوە هەستی خۆی بەرامبەر بۆ نوسینەکە یاخود ناوەڕۆکەکە دەرببڕێت. بە پێچەوانەوە هیچ کەسێک ئەو مافەی پێنادرێت کە هێڕش بکات و ناوزڕاندن بکات و هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتی و توانای نوسەر بکرێت. تەنها شتێک کە مافی بەکاربەرە ئەوەیە فۆڵۆی پۆستەکە یاخود پەیجەکە لا ببات، نەیخوێنێتەوە، گوێی بۆ نەگرێت، سەرنجی لەسەر نەدات ئەگەر لەگەڵ بۆچوون و ویستی ئەودا نەگونجا.
دیاردەی کۆمێنتی نەشیاو یەکێکە لە قێزەونترین ئەو دیاردانەی کەوا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە و پێویستە تاکی ئێمە وشیاربن. هەر کۆمێنتێک کە دەنوسرێت دەکرێت ببێتەهۆی بێهیواکردنی کەسەکان تێکوچوونی دەروونی دەیان کەسی تر. تاکی ئێمە پێویستی بە هاندانە نەوەکو بە شکاندن، بەڵام بەداخەوە نوسینی کۆمێنتی نەشیاو بووە بە دیاردە و کاتێک کەسێک دەیەوێت بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێت، سەدان کەس دژی دەوەستن و هێرشی دەکەنە سەر. لێرەدا دەمەوێ بڵێم ئەرکی هەموومانە کاربکەین بۆ هۆشیارکردنی کۆمەڵگە تاوەکو تاکەکان زمانی زبر، کۆمێنتی نەشیاو، هێرشکردن، یاخود هەر ڕەفتارێکی نامۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام نەدەن، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئێستا هەیە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەدات و ڕق و کینە لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگە درووست دەکات و وادەکات کە تاکەکان هەوڵ و کۆشش و داهێنان نەکەن نەوەکو بکەونە ژێر هێڕشی بێبەزەییانەی جوێنفرۆشەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
تاکی ئێمە پێویستیان بە پاڵپشتییە و هەر کەس دەتوانێت لەو بوارەی کە دەخوازێت کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە بچێت هاوکار بێت و ئازادی خۆی بەرجەستە بکات، بەبێ بەزاندنی سنوری کەسانی تر، هەژماری هەر کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو ماڵی کەسەکەیە، بۆیە ناکرێت هیچ کەسێکمان ڕێگە بەخۆمان بدەین سنوری ماڵی هیچ کەسێکی تر ببەزێنین.