بەشێک لە حزبە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم، ڕایانگهیاند، نوێکردنەوە و پێدانی مافی مانەوەی سیاسیی بەو کەسانە ڕاگیراوە، کە بەهۆی کێشەی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.
سەرچاوەیەک لەناو حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، “ماوەی نزیکەی سێ مانگە مافی مانەوەی سیاسیی بە پەنابەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر ڕاگیراوە، ئەوانەی مۆڵەتی مانەوەی سیاسی یەک ساڵیان هەیە و بەسەرچوبێت کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نیشنگەی هەولێر دەکەن بۆیان نوێ ناکرێتەوە.
بە وتەی بەشێک لە پەنابەرانی سیاسیی، کە داوای نوێکردنەوەی ئیقامەیان کردووە، پێیان وتراوە سەردانی بەشی پەیوەندییەکانی پەدەکە بکەن، سەردانی ئەوێیان کردووە، کەچی پێیان وتراوە سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن و لەوێش دەوترێت کێشەکە تەکنیکییە و بەمزوانە چارەسەر دەبێت”.
ئاماژەیان بەوەشدا، “ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ درووستکردووین، دەشڵێن: هەنگاوەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق و کوردستانە و مەبەستەکەش تەنها لە قاڵبدانی پارت و حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتە”.
هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە، فشارەکانی ئێرانە بۆ سەر عێراق وای کردووە ئهو بڕیاره بدرێت، ئەو سەرچاوەیە وتیشی، “ئێمە زۆر لەوە دڵنیاین فشارەکانی ئێرانە بۆ سەر عێراق وای کردووە ئەو مافی مانەوەیە بەو کەسانەی کە مافی مانەوەی سیاسیان هەیە بۆیان نوێ نەکرێتەوە.
تا ئێستا هیچكام له بهڕێوهبهرایهتی نیشنگەی هەولێر و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕوونكردنهوهیەکیان لهوبارهیهوه نهداوه.