لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن مافی مرۆڤ: هێزە ئەمنییەکانی هەرێم خۆپیشاندانەکانیان سەرکوت کرد

مافی مرۆڤ: هێزە ئەمنییەکانی هەرێم خۆپیشاندانەکانیان سەرکوت کرد

0 تێبینییەکان 11 بینینەکان

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردوویان سەرکوت کردووە و لە خۆپیشاندانەکانیشدا زیاتر لە ٨٨ کەس دەستگیر کراون.

هیومەن ڕایتس وۆچ لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە، “لە خۆپیشاندانەکانی مانگی ئازاری ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لانیکەم ٨٤ خۆپیشاندەر و ٤ رۆژنامەنووسیان دەستگیر کردووە”.

ئاماژەی بەوەش کردووە زۆربەی دەستگیرکراوەکان بە بڕیارێکی تاکلایەنە و بەهۆی بەشداریکردنیان لە گردبوونەوەیەکی ئاشتیانە و لەسەر داواکردنی مافی ڕەوای خۆیان دەستبەسەر کراون.

هیومەن ڕایتس وۆچ لە زاری ١٢ شایەتحاڵەوە بڵاویکردەووەتەوە, لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و ئاکرێ، زۆربەی ئەوە کەسانەی دەستگیر کراون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیانکراوەتەسەر و لێیاندراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو لە چەندین شاری دیکەوە وەک شیلادزێ و زاخۆ و سۆران ڕاپۆرتیان بەدەستگەیشتووە سەبارەت بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران.

جێی ئاماژەیە ٢٥ی مانگی ڕابردوو و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە سیستمی پاشەکەوتی موچە ، مامۆستایان و تەندروستکاران و فەرمانبەران  لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا کە لە هەندێک شوێن بەهۆی ڕێگری هێزە ئەمنییەکان گرژی دروستبوو و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی لە خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووس بریندار بوون.

لە هەولێر و چەند شوێنێکی دیکەش ژمارەیەک کەس بە جلی مەدەنییەوە کە بە وتەی هاوڵاتیان و شایەتحاڵان سەر بە لایەنێکی دیاریکراو بوون، هێرشیانکردە سەر مامۆستایان و خۆپیشاندەران و سوکایەتییان پێکردن و تا ئێستاش هێرشبەران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە و سزا نەدراون.

0 FacebookTwitterPinterestEmail