
بۆئەوەی بتوانین بە دروستی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، دەبێت مێژوو و پێکهاتە و پێگەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە لەنێو پرۆسەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیدا بە وردی بناسین. پێش هەر شتێک، ئەم باسە پەیوەستە بە باسوخواسی سیستمی نوێی پەروەردەوە. واتە، تاقیکردنەوە گشتییەکان بەشێکن لە سیستمی پەروەردەیی و ئامراز و پێکهاتەیەکن لە ئامراز و پێکهاتەکانی ئەم سیستمە. ئەم تاقیکردنەوانە کۆمەڵێک سوود و زیانیان هەیە.
هەڵبەت کە باسی سوودی تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییەکان دەکەم، مەبەستم ئەوەیە باسی ئامانج و خواستەکانی پشت دانان و پەیڕەوکردنی ئەم ئامرازە بکەم. تاقیکردنەوە گشتییەکان ئامرازێکی سیستمی نوێی پەروەردەن، کەوایە دەبێت ئەم ئامرازە مرازێک بداتە دەست. بۆیە بەشێکی مرازەکانی تاقیکردنەوەی گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان ئەمانەن:
دانانی پێوەر
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان دەبنە پێوەری گشتگر بۆ بەراوردکردنی ئاستی ئەو خوێندکارانەی لە دەڤەر و جڤاک و پاشخان و ئاستە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە دێن. ئەم بەراوردکردنەیش دەستنیشانکردنی کردارە پەروەردەیی و ستراتیجییە سەرکەوتووەکان ئاسان دەکات.
یەکخستنی پێوەرەکان (ستانداردکردن)
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییەکان دەبنە یەک پێوەر بۆ بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری خوێندکار، کە پاشخانی پەروەردەیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆریان هەیە. هەموو جۆرە خوێندکارێک بە هەمان پێوەر هەڵدەسەنگێندرێت.
هەڵسەنگاندنی گشتگر
تاقیکردنەوەی سەرتاسەری بەگشتی کۆمەڵێک بابەتی فراوانی خوێندن دەگرێتە خۆی، بەمەیش هەڵسەنگاندنێکی گشتگری ئاستی زانین و کارامەییەکانی خوێندکار دەکات.
لێپرسینەوە و بەدواداچوون
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان ئامرازێکن بۆ لێپرسینەوە لە خوێندنگە و مامۆستایان و بەدواداچوونی ئاستی چالاکی و کارەکانیان. بەرزی و نزمیی ئاستی خوێندکار لە تاقیکردنەوەکاندا نیشانی دەدات کە داخۆ خوێندنگە و مامۆستایان تا چەند توانیویانە پێوەر و ئامانج و نیشانە پەروەردەییەکان بپێکن.
تاقیکردنەوە گشتییەکان داتای وا پێشکێش دەکەن کە بە ئاسانی دەپێورێن. ئەمەیش ئاسانکاری بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوتەکانی خوێندکار دەکات، بۆشایی و کەموکورتییەکان دەردەخات، زانیاری بۆ دانانی رێسا و سیاسەتی پەروەردەیی بەردەست دەخات و، رێ بۆ تەرخانکردنی سەرچاوە دارایی و مرۆییەکان خۆش دەکات.
نیشاندەری ئامادەیی بۆ زانکۆ
تاقیکردنەوەی سەرتاسەری دڵنیایی ئەوە دەدات کە خوێندکار بۆ زانکۆ و ئاڵنگارییەکانی خوێندنی باڵا ئامادە کراوە. بۆیە زۆر جار چاوەڕوانییەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکان لەگەڵ داواکراوەکانی خوێندنی باڵادا تەریبن.
وەرگرتن لەسەر بنەمای شایستەیی
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان کاری سیستمێکی دادوەرانەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای شایستەیی بۆ وەرگیران لە زانکۆکاندا ئاسان دەکەن و دەستتێوەردان و لایەنگری و خزمخزمێنە کەم دەکەنەوە.
پێشبینیکردنی سەرکەوتن
تاقیکردنەوە سەرتاسەرییەکان یارمەتی ئەوە دەدەن پێشبینیی سەرکەوتن لە خوێندنی زانکۆ و کۆلێژەکاندا بکرێت، چونکە ئەم تاقیکردنەوانە ئاستی زانین و بیرکردنەوەی رەخنەیی و کارامەیی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا نیشان دەدەن.
لە باسی زیانەکانی تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکاندا سەرەتا دەبێت مراز و ئامانجەکانی ئەم سیستمی هەڵسەنگاندن و بڕیاردانە بخەینە بەر تیغی نەشتەرگەری. دەبێت زۆر بە گومانەوە، زۆر بە وردی بزانین تا چەند ئەم ئامانجانە لە خۆیاندا دروست و بێ کێشەن. دەبێت هاتنەپێشی ئەو مرازانە لەنێو مێژووی سەرهەڵدان و تۆکمەبوونی سیستمی مۆدێرنی بەڕێوەبردنی پەروەردەدا دابنێین و بخوێنینەوە. ناکرێت ئامانجە سیاسی و ئابووری و ئایدیۆلۆجییەکانی ئەم مرازانە بە سادەیی فەرامۆش بکەین یان وا دابنێین ئەمانە لە خۆیاندا ئامانجی ماقووڵن.
هەرچۆنێک بێت، لە باسی زیانەکانی تاقیکردنەوەی گشتی و سەرتاسەریدا ئەم خاڵانە جێی سەرنجن:
چوارچێوەدارکردنی پەروەردە
جەختکردنەوە لە ژمارەیەکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە زیان بەو خوێندکارانە دەگەیێنێت کە لە بواری دیکەدا کارامەن یان شێوازی فێربوون و خوێندن و تێگەیشتنیان جودایە. هەر شتێک لە تاقیکردنەوەکاندا نەیەتەوە، گرنگ نییە. هەر لایەنێکی مەعریفە و ئاکار و کارامەیی گەر لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا هاریت نەکات، بێنرخە.
تەسکبوونەوەی بەرنامەی خوێندن (مەنهەج)
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان وا دەکەن بەرنامەی خوێندن ببێتە ئامادەکردنی خوێندکار بۆ تاقیکردنەوە نەک پێشکێشکردنی ئەزموونێکی فراوان و دەوڵەمەندی مەعریفی و پەروەردەیی. کۆی پڕۆسەی پەروەردەکردنیش دەبێتە راهێنانی خوێندکار لەسەر چۆنێتیی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان.
پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان گرەوێکی زۆریان لەسەر دەکرێت و لە بڕیارە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا سەنگی مەحەکن، چونکە ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوانە بڕیار لە دەرفەتە پەروەردەیی و ئابوورییەکانی خوێندکار دەدەن. بۆیە پەستانێکی زۆر دەخەنە سەر دەروونی خانەوادە و خوێندکار و تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی یەکجار زۆر و بێسوودیان دەکەن. ئەمەیش زۆر جار بە نەرێنی کار دەکاتە سەر کارامەیی و تەندروستیی خوێندکار.
نادادپەروەری
تاقیکردنەوە سەرتاسەرییەکان تایبەتمەندی و فرەڕەنگیی پاشخانی خوێندکاران و جۆراوجۆریی شێوەکانی فێربوون و خوێندنیان بە هەند وەرناگرن. بەمەیش ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە زۆر جار زیان بەو خوێندکارانە دەگەیێنن کە لە جڤاکە چەپێندراو و کەمدەرامەتەکانەوە دێن.
زەقکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان
ئەو خوێندکارانەی لە خانەوادە دەوڵەمەند و ناسراوەکانەوە دێن دەستیان بە سەرچاوەی باشتر دەگات و دەرفەتی خۆئامادەکردنیان زیاترە، بەمەیش دەرفەتی پێشبڕکێ هەر لە سەرەتاوە نایەکسان دەبێت. ئەنجامی تاقیکردنەوەکان کارکردی زیاتری بەسەر داهاتووی خوێندکارانی کەمدەرامەتەوە هەیە بەراورد بە خوێندکارانی خانەوادە دەوڵەمەند و خاوەن پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
قسەکردن لەسەر تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان دەبێت پرسیار لە تۆکمەبوونی سیستمەکە و قووڵبوونی رەگەکانی بەنێو هزر و رێسا و گوتاری پەروەردەییدا بکات. دەبێت بە گومانەوە لەو هێزە سیاسییە مێژووییە بڕوانێت کە پێگەی تاقیکردنەوەکانی هێشتووەتەوە و وای کردووە لە باشترین حاڵەتدا جوانکاری بۆ پڕۆسەکە بکرێت و هیچ قسەیەکی جیددی لەبارەی هەڵوەشانەوەیەوە نەکرێت. تەنانەت قسە و کاری جیددی لەبارەی دانانی جیگرەوەوە تا ئێستا نەکراوە و ناکرێت. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا نیشانەی دەستەوسان و چۆکدادانە بەرانبەر واقیعی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستاندا.
د.عبدالرحمان ئەحمەد وەهاب- مامۆستای زانکۆ