حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!
پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان!
ئێمەی لایەنەکانی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لە ڕوانگەی بۆچونە نیشتمانی و چینایەتییەکانمان، و لە چوراچێوەی خۆێندنەوەمان بۆ پەرەسەندنەکانی ڕەوشی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەو خاڵانەی بەندن بە بوونی قەیرانی ئابوری و پەیوەندییەکانی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و مەترسییەکان لەسەر سەقامگیری سیاسی نێو هەرێم، بە پێویستمان زانی بۆچونەکانی خۆمان لەم یاداشتە کراوەیەدا ڕوون کەینەوە.
1ـ قەیرانی ئابوری لە هەرێمدا بابەتێکی نوێ نییە، و ڕاستە لە هەلومورجی ئەمڕۆدا قەیرانی ئابوری لە جیهان و دابەزینی نرخی نەوت، و پەتای کۆرۆنا کارتێکردن خۆی هەیە، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم قەیرانە بۆ سیاسەتی لە مێژینەی ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە کە پشتی بە ئابوری بازاڕی بەربەڕڵا و بەتایبەتیکردنی ڕەها، و مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەولەتی و ئابوری بەرخۆر و مانەوەی نەوت بە تەنها سەرچاوە، بەستوە. گۆڕینی سیاسەتی ئابوری رێگای دەربازبوونە لەم قەیرانە، و پێویستە چاوگێڕانەوە بە گرێبەستەکانی نەوت لە گەڵ کۆمپانیاکاندا بکرێت، و کۆمپانیای دەرهێنانی نەوت و گازی کوردستانی سەر بە کەرتی گشتی کە پشت بە پسپۆر و هێزی کاری کوردستان ببەستێت، درووست بکرێت، و یاسای وەبەرهێنان هەمواربکرێتەوە، و باج لە سەر کۆمپانیاکان دابنرێت و دامەزراندنی رێژەیەکی دیاریکراو لە هێزی کاری کوردستان لەو پرۆژانەدا دابین بکرێت، و لە چوارچێوەی نەخشەی گەشەپێدان کار بۆ هەمەجۆری سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و داهات بکرێت.
2ـ چارەسەرکردنی دیاردەکانی هەژاری و پەراوێزخستن و نەبوونی بیمەی کۆمەلایەتی و تەندروستی پێویستی بە بەشداریکردنی حکومەت لە چالاکی ئابوری و دابینکردنی ڕادەی گونجاوی ژیانی پڕ کەرامەت بۆ هەژاران و کەمدەرامەتەکان هەیە کە ناکرێ قورسایی ئم قەیرانە بەردەوامە لە سەر ئەستۆی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش بکەوێت. لەم هەلومەرجەدا پێویستە حکومەتی هەریم و لایەنە بەشداربووەکان تیایدا کە لە دوای ڕاپەرينەوە حوکمی هەرێمی کوردستان دەکەن و کۆمپانیای حزبییان درووست کردوە، و پێشتر بە سوود وەرگرتن لە بەرێوەبردنی حکومەت وەبەرهێنانیان ئەنجام داوە، ئەمڕۆ ئەرکی ئەوانە کە پشتگیری دارایی بودجەی حکومەت بکەن بۆ دابینکردنی موچە بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.
3ـ جەخت لە سەر پێداویستی سەربەخۆیی ئابوری کوردستان دەکەینەوە، و ئەنجامدانی ئەم بابەتە خەڵکی کوردستان لە فشاری بەردەوامی حکومەتە یەک لە دووا یەکەکانی عێراق دەپاریزیت، و ژیانیان دابین دەکات. ئێمە لە کاتێکدا کە داکۆکی لە سەربەخۆیی ئابوری کوردستان دەکەین، پێمان وایە بەم سیاسەتە ئابورییەی حکومەتی هەرێم ئەم سەربەخۆیە ئابورییە ئەنجام نادرێت، و بە پێچەوانە ئەم سیاسەتە قەیران درووست دەکات کە تا ئێستا قورساییەکەی کەوتۆتە سەر خەڵکی زەحمەتکێش.
4ـ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بابەتێكى سیاسی مێژووییە کە بۆ کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە، و بە نیسبەت گەلی کوردستانەوە دەچێتە خانەی مەسەلەی بوونەوە. ئەمڕۆش گەلەکۆمەکێ ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتى دژ بە بوونی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە، و حکومەتی عێراقی فیدراڵ نەک تەنھا ماددەکانی دەستور عێراق و ماددەی 140ی فەرامۆش کردوە، بەڵکو بە سوود وەرگرتن لە هەلومەرجی نوێی نێودوڵەتی و قەیرانی ئابوری و هەڵەکانی خودی حکومەتی هەرێم لە بەرێوەبردنى ململانێ لە گەڵ حکومەتى فيدڕاڵدا، کار بۆ نەهێشتنی قەوارە و پێکهاتەی حکومەتی هەریم دەکات، و فشار لە سەر قوتی خەڵکی کوردستان وەک رێگایەک بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیادە دەکات. ئێمە لە کاتێدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە شاندەکانی حکومەتی هەرێم لە دانوستان لەگەڵ عێراقدا پێداگری لە سەر مافی موچە و بودجە بکاتەوە، پیمان وایە مافەکانی گەلی کوردستان و نیشتمانەکەی بابەتێکی سیاسییە، و ناکرێ بە سیاسەتی تەعریب و گۆڕانکاری دیموگرافی و گەمارۆدان و تەسککردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی مافەکان قایل بین و بە لاوازی ئیدارەی ئەم دۆسێیە بکرێت، و بە پێچەوانەوە دەبێ لە دانوستانەکان جەخت لە سەر شەراکەت و توافق و هاوسەنگی بکرێتەوە. ئێمە پێمان وایە گەلی کوردستان لاواز نییە و توانای داکۆکیکردن لە مەسەلە نیشتمانییەکانی هەیە، و هاوکات لە گەل ئەمەشدا داکۆکیکردن لە مسەلە چینایەتییەکان پێویستی بە هەماھەنگى و کاری هاوبەشی سەرجەم هێزەکانی چەپی کوردستان هەیە.
5ـ هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە چاکسازی هەمە لایەنە کە بنەمایەکە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابوری و قەیرانی نەبوونی سەقامگیری سیاسی، و ململانێی بەرتەسکی حزبایەتی بەتایبەتی لە نێو ئیتلافی حوکمراندا. پێویستە پەلە لە هەنگاوەکانی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی و کاراکردنی دامەزراوەکان، و نەهێشتنی دەستێوەردانی حزبی لە کاری حکومی، و یەکبوونی دامەزراوەیی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، بکرێت، و کار بۆ بریاردانی دەستوری هەریمی کوردستان، و نەهێشتنی دیاردەکانی دوو ئیدارەیی، و پاراستنی یەکخاکی هەرێم و پێکهاتە و قەوارە دەستورییەکەی، و دوور کەوتنەوە لە جەمسەرگیری هەرێمایەتی، بكرێت و تواناكان ئاراستەى چاکسازی ئیداری و پیادەکردنی لامەرکزی ئیداری لە تێکرای پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارەکان بە گوێری قانونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بکرێت، و شەفافیەت لە گرێبەستەکان ئەنجام بدرێت و دەستێوەردانى ناقانونی و رۆتینی ئیداری نەمێنێت. ئەم هەلومەرجەی ئەمڕۆى کوردستان پێویستی بە کۆبونەوەی هاوبەشی سەرجەم هێز و لاینە سیاسییەکانی کوردستان هەیە کە لە چوارچێوەی ئاراستەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو کار بکەن، و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش مەرجعی چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکان بێت.
6ـ ئێمە بە گرنگی دەزانین کە هەڵمەتێک بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی کوردستانی بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتی جیهان و ڕای گشتی عێراق، بکرێت، و جەخت لە سەر سیاسەتی دژایەتیکردنی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش، بەرپاکردنی بەیەکەوژیان و شەراکەت و چارەسەرکردنی گرفتەکان لە ڕێگای ئاشتیەوە بکرێت.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
(حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان حزبى شيوعى كوردستان بزوتنەوەى ديموكراتى گەلى كوردستان)
سەرەتای ئایاری 2020