حكومه‌تی به‌غدا به‌نیازه بڕێك پاره له یه‌ده‌كی دراوی عێراق له بانكی ناوه‌ندی رابكێشێت، به‌وته‌ی چاودێرانی ئابوریش، راكێشانی پاره‌ی یه‌ده‌ك، به‌های دیناری عێراق نزم ده‌كاته‌وه و كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئابوریی وڵات ده‌بێت.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌نیازه به‌شێك له پاره‌ی یه‌ده‌كی بانكی ناوه‌ندی ڕابكێشێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردوه.
به‌وته‌ی به‌رپرسانی عێراق به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و خه‌رجییه‌كانی جه‌نگ، حكومه‌ت كێشه‌ی دارایی و ئابوریی بۆ دروست بوه و هه‌وڵ ده‌دات له كۆمه‌ڵێك رێگه‌وه چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه بكات.
له‌وباره‌یه‌وه، لیژنه‌ی كاروباری دارایی له په‌رله‌مانی عێراق رونیكردوەته‌وه: حكومه‌ت ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی راكێشانی به‌شێك له یه‌ده‌كی دراو له بانكی ناوه‌ندی، كورتهێنانی بودجه پڕ بكاته‌وه و پاره‌كه بۆ موچه و هه‌ندێك كاروباری ده‌وڵه‌ت دابین بكات.
به‌گوێره‌ی یاسا كارپێكراوه‌كان عێراقیش، حكومه‌ت له‌كاتی كێشه‌ی داراییدا، ده‌توانێت له رێگه‌ی وه‌رگرتنی قه‌رزی ده‌ره‌كی و راكێشانی به‌شێك له پاره‌ی یه‌ده‌ك، كورتهێنانی بودجه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش كه‌مبكاته‌وه.
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د سالح، راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری رایگه‌یاند: به‌پێی ده‌ستور و یاسا، حكومه‌ت ده‌توانێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی و پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان، به‌شێك له پاره‌ی یه‌ده‌ك له بانكی ناوه‌ندی رابكێشێت.
رونیشیكرده‌وه، دراوی یه‌ده‌كه بۆ ئه‌وه‌یه، هه‌ر كاتێك ده‌وڵه‌ت توشی قه‌یرانێكی دارایی یاخود ئابوری بو، سود له‌و پاره‌یه وه‌ربگرێت و بۆشاییه‌كانی پێ پڕبكاته‌وه.
راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران راشیگەیاند: راكێشانی پاره له بانكی ناوه‌ندی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ده‌بێت و هه‌ر كاتێك قه‌یرانی دارایی و ئابوری به‌ره‌و كۆتایی چو، حكومه‌ت پاره‌كه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
به‌وته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، بانكی ناوه‌ندی خاوه‌نی زیاتر له (60) ملیار دۆلار پاره‌ی یه‌ده‌كه، جگه له‌وه‌ش عێراق خاوه‌نی بڕێكی زۆر له زێڕی یه‌ده‌كه له بانكی نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه حكومه‌ت ده‌یه‌وێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كورتهێنان و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه دارایی و ئابورییه‌كات، بڕێك پاره له بانكی ناوه‌ندی رابكێشێت.
به بڕوای چاودێرانی ئابوری، هه‌رچه‌نده حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه پاره‌ی یه‌ده‌ك رابكێشێت و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه داراییه‌كان به‌كاری بهێنێت، به‌ڵام راكێشانی هه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك له یه‌ده‌كی دراو، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌های دیناری عێراقی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی جیهان و له به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی دیكه به‌هاكه‌ی دێته خواره‌وه.
ئاشكراشیان كردوه، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بڕه پاره‌یه‌كی زۆر له بانكی ناوه‌ندی رابكێشێت، ئه‌وا له داهاتودا كێشه‌ی دیكه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه و ده‌رئه‌نجامی خراپ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.