پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ یه‌که‌مین جار له‌مێژوى حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان بایکۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانى کرد، تایبه‌ت به‌پرسی هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاسای سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، له‌ئێستاشدا پڕۆژه‌کان چاوه‌ڕوانى دواگفتوگۆى لایه‌نه‌کان ده‌که‌ن.
دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مان رۆژی سێشه‌ممه به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا رێژه‌ى یاسایى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ئاماده‌بون‌و خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م کرا بۆ چوار پڕۆژه‌یاساى تایبه‌ت به‌هه‌موارى یاساى سه‌رۆکایه‌تى که له‌لایه‌ن فراکسیۆنه‌کانى گۆڕان، یه‌کێتى‌و ئیسلامیه‌کانه‌وه پێشکه‌شکراون، جه‌خت له‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک ده‌که‌نه‌وه له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه.
ناکۆکى سەرەکی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه ئه‌وه‌یه، ده‌یه‌وێت سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ناو خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵبژێردرێت، بۆیه هیچ پڕۆژه‌یه‌کى نه‌بوو.
گۆران ئازاد، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کاروبارى یاسایی په‌رله‌مان، ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌فته‌ى ئاینده فراکسیۆنى پارتى پڕۆژه‌یاساى خۆى پێشکه‌ش نه‌کات‌و پڕۆژه‌کانى تریش ره‌تبکاته‌وه، ئه‌وکات ده‌بێت په‌رله‌مان یاساکه به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ هه‌مواربکاته‌وه دور له‌سه‌ر بنه‌ماى سازان، یان له‌به‌ر رێزگرتن له‌بنه‌ماى سازان پڕۆژه‌یان په‌سه‌ند نه‌کات.
هه‌روه‌ها به‌هاوڵاتی وت «بۆیه له‌و ئه‌گه‌ره‌دا هه‌رێمى کوردستان روبه‌ڕوى فه‌راغى قانونى ده‌بێته‌وه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌که‌ش ده‌که‌وێته ئه‌ستۆى پارتى، جگه له‌مه‌ش سه‌رۆکى هه‌رێم که سه‌رۆکى پارتیشه شه‌رعیه‌تى له‌ده‌ستده‌دات، ئه‌مه‌ش هه‌م بۆ پارتى‌و کوردستان باش نیه، بۆیه ئه‌و ئه‌گه‌ره به‌دور ده‌بینم».
ئه‌گه‌رچى چاوه‌ڕوان ده‌کرا کۆبونه‌وه‌که‌ى دوێنێى په‌رله‌مان پشێویی لێبکه‌وێته‌وه، به‌ڵام جگه له‌بایکۆتکردنى فراکسیۆنى پارتى‌و تورکمانه‌کان‌و به‌شێک له‌مه‌سیحیه‌کان‌و ئه‌رمه‌ن، روداوى تری به‌دوادانه‌هات، پارتیش ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به«تاکڕه‌وانه«و پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماکانى سازان ناوبرد.
محه‌مه‌د عه‌لى، وته‌بێژى فراکسیۆنى زه‌رد له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا وتى «ئه‌وه‌ی رویدا سه‌ره‌تایه‌که بۆ تێکچونی ئه‌و ته‌وافوقه سیاسیه‌ی حکومه‌ت‌و په‌رله‌مانی له‌سه‌ر پێکهاتوه‌و به‌سه‌ره‌تایه‌کی باشى نا‌زانین، به‌رپرسیاریە‌تیه‌که‌یشی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی هۆکاری ئه‌م دۆخه‌ن».
له‌کۆبونه‌وه‌که‌ى په‌رله‌ماندا نوێنه‌رانى هه‌ریه‌که له‌کونسڵخانه‌کانى ئه‌مەریکا، میسر، ئێران‌و ئه‌ڵمانیاو یۆنامى ئاماده‌بون.
یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌وته‌یه‌کدا له‌کاتى ده‌ستپێکردنى دانیشتنى په‌رله‌ماندا وتى «کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان وه‌ک هه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌کى دیکه‌یه، ئاسایی و یاسایی، پێویستى به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى راگه‌یاندن نه‌ده‌کرد که له‌دوشه‌ممه‌وه ده‌کرێته‌سه‌ر په‌رله‌مان».
وتیشی «بۆیه ئه‌وه ناهێنێ له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ پڕۆژه‌یاسایه‌ک ئه‌م هه‌موو فشاره بخرێته‌سه‌ر په‌رله‌مان، هیچ که‌س ناتوانێ له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان ئیراده‌ى په‌رله‌مان په‌کبخات».
سێشه‌ممه‌ى داهاتوو 1/7، خولى گرێدانى په‌رله‌مان ته‌واو ده‌بێت‌و په‌رله‌مان ده‌چێته پشوى هاوینه که تا 1/9/2015 به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و ماوه‌یه‌دا لیژنه‌کانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر کۆبونه‌وه‌کانیان به‌رده‌وامده‌بن به‌ڵام په‌رله‌مان ناتوانێ کۆببێته‌وه، گه‌ر بۆ کۆبونه‌وه‌ى نائاسایی که به‌گوێره‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ رێگه پێدراوه.
گۆران ئازاد رونیکرده‌وه که پێده‌چێت کۆبونه‌وه‌کانى په‌رله‌مان بکه‌ونه ماوه‌ى پشوى په‌رله‌مان، «به‌هۆى ئه‌وه‌ى کاتى که‌م ماوه«.
له‌ئێستادا پڕۆژه‌ى لایه‌نه‌کان بۆ یاساى سه‌رۆکایه‌تى لاى لیژنه‌ى یاساییه‌و دواى ئاماده‌کردنى راپۆرت له‌سه‌رى، ده‌هێنرێته‌وه په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆ‌و په‌سه‌ندکردنى.
فه‌خره‌دین قادر، سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان، بۆ هاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، پرسى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌په‌رله‌مان رێکاریى یاسایی خۆى بڕیوه، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه لایه‌نه سیاسیه‌کان ته‌وافوقى سیاسی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بکه‌ن، ده‌رئه‌نجامی کۆبونه‌وه‌ى ئه‌وان‌و رێککه‌وتنیان ده‌بێته راپۆرتى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مان.
وتیشی «ئه‌و کاته که‌مه‌ى له‌به‌رده‌ستدا ماوه خۆى بوه به‌فشار له‌سه‌ر لایه‌نه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ڕێککه‌وتن».
پارتى هه‌رچه‌نده هه‌موو هه‌وڵێکیدا بۆ رێگریکردن له‌ئه‌نجامدانى دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مان، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بون، له‌ئێستاشدا هه‌وڵى داهاتوى سازانه له‌سه‌ر هه‌موارى یاساکه تا به‌زۆرینه تێپه‌ڕنه‌بێت.
ئامینه زکری، جێگرى سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى، ئاماژه‌ى به‌هه‌ڵوێستى داهاتوى حزبه‌که‌ى کرد‌و به‌هاوڵاتی وت «پڕۆژه‌کانى تایبه‌ت به‌یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم پڕۆژه‌ى ئاسایی نین، ده‌رگای گفتوگۆش لاى پارتى کراوه‌یه بۆ سازان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ڕێککه‌وتن».
وتیشی «له‌به‌رئه‌وه‌ى یاساکه ره‌هه‌ندى نیشتمانى هه‌ڵده‌گرێ، ناکرێ به‌ده‌نگى زۆرینه‌و که‌مینه له‌په‌رله‌مان تێبپه‌ڕێندرێت، گه‌شبینم به‌وه‌ى لایه‌نه‌کانیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بگه‌نه سازان… دواتر له‌په‌رله‌مان به‌رگێکى قانونى به‌به‌ردا ده‌که‌ین».