بەهار مونزیر چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان دەڵێت: لە ڕابردوودا لە تاریکیدا ژنەکان دەکوژران، بەڵام ئێستا لە شەقامەکان بە ئاشکرا دەکوژرێن.
ژن کوشتن بە بیانووی پاراستن و پاککردنەوەی “شەرەف” یەکێک لەو دیاردانەی بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگەکاندا بوونی هەبووە، بکوژان پیاوانی نزیک خێزان و بنەماڵەن، هەر کۆمەڵگەیەک ئەقڵیەتی پیاوسالاریی زاڵ بێت بەسەریدا، دیاردەی ژن کوشتنی بەپاساوی “شەرەف”ـی تێدا دەردەکەوێت، چونکە ژنان بە شەرەف دادەنرێت و بەشێکن لە موڵکی هۆز و بنەماڵە و پارێزگاری کردن لێیان دەبێتە ئەرکی پیاوان و هەر نەنگییەک دەبێتە هۆی کوشتنیان.
بەهار مونزیر ،چالاکوان، لە شاری سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، لەبارەی کوشتنی ژنان لەژێر پاساوی شەرەف دەدوێت.
“لە کۆمەڵگەی کوردییدا کەشێکی دژە ژن هەیە”
بەهار مونزیر چالاکاوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، هۆکارێکی زیادبوونی حاڵەتەکانی ژن کوشتن ئەوەیە، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەشێکی دژە ژن درووست کراوە و وتی: کاتێک ژنێک دەکوژرێت بینیوومانە چۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ڕەوایەتى بە کوشتنەکەى دەدرێت.
هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە، بۆ ئەوەى ژن وەک کەسایەتییەکى سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت و دەکرێت بە شەرەفی خانەوادە و کۆمەڵگە، کاتێکیش ئەوە لە ئارادا بێت، هەمووان بە ڕق و دژایەتی کردنەوە تەماشای ژن دەکەن و ڕەوایەتی دەدەن بە هەر توندوتیژیی و کوشتن و پێشێلکارییەک بەرامبەری.
باسی لەوەشکرد، دەسەڵاتیش هۆکارێکی سەرەکیە لە زیادبوونی دیاردەکە و زەقبوونەوەی، چونکە تا ئێستا کارێکی نەکردووە بۆ ڕێگریی کردن لەو دیاردەیە، لە کاتێکدا دەبێت دەسەڵات ئەجندایەکى ڕوون و پلانێکى تایبەتى هەبێت بۆ وەستاندنى کوشتنى ژنان.
“حزبەکان دەستوەردان لە کەیسەکانی کوشتنی ژناندا دەکەن”
دەربارەی شێوازی مامەڵەکردن و بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەرانی توندوتیژیی و ژنکوژان، بەهار مونزیر نەیشاردەوە، کە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی زاڵبوونی پیاوسالاریی و دەسەڵاتخوازیی لەلایەن باڵا دەستەکان و حزبەکانەوە دەستوەردانێکی زۆر لە کەیسەکانی توندوتیژیی و کوشتنی ژنان هەیە.
باسی لەوەکرد، لە کەیسێکی ژنکوشتندا حزبێک داڵدەی تاوانبارەکە دەدات و بەئاسانی ناتوانرێ بەسزا بگەیەندرێت، بەو هۆکارە وتی: جاران لە تاریکدا ژنەکان دەکوژران، بەڵام ئێستا بە ڕووناکی لەبەرچاوی بەرپرس و حزب و ڕێکخراوەکان، بە بەرچاوی هەمووان لە شەقامە گشتییەکاندا ژن دەکوژرێت.
“کەشێکی مەترسیدار بۆ ژنان درووستکراوە”
ئەوەشی خستەڕوو، لەم ساڵانەی کۆتایدا ڕەوتی کۆنەخوازیی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە گرنگی پێ دەدرێت، کە بەشێکی سەرەکی لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەرەی پێ دەدرێت، دەرگا واڵا کراوە و لێ پرسینەوە نییە، ئەوەش کەشێکی مەترسیداری بۆ دۆخی ژنان درووست کردووە.
دووپاتی کردەوە، میدیا بەشێکە لەو تەوژمە کۆنەخوازیەی برەوی پێدەدرێت لە کۆمەڵگەدا، کە توندڕەو و دژە ژنن، زۆر بە ئاسانیی و سادەیی دەتوانن دژایەتی خەبات و تێکۆشانەکانی ژنان لەپێناو دادپەروەریی و ئازادییدا بکەن و بوون بە بەشێک لەو تەوژمە دژە ژنە.
“بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان هەوڵی سڕینەوەی کەسایەتی ژن دەدەن”
بەهار مونزیر دەربارەی شێوازی مامەڵەکردنی ڕاگەیاندنەکان لەگەڵ پرسەکانی تایبەت بە ژنان وتی: لە هەرێمی کوردستان میدیا سەربەخۆ و تۆکمەنیە لەسەر بنەمای یەکسانی ژن و پیاو بتوانێت ڕوماڵی کارەکانی خۆی بکات، میدیا کەسانێک گرنگ دەکات و دەنگیان بەرز دەکاتەوە، کە فکری کۆنەخوازیی بە ئاراستەیەکی دیاریکراو و سڕینەوەی کەسایەتی ژن برەوپێ دەدەن.
“لە هەرێمی کوردستان یاساکان لەسەر بنەمای هاوڵاتیی بوون دانەنراون”
لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم گرت و وتی: لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی نایەکسان هەیە، یاسایەک نییە لەسەر بنەمای یەکسانیی ژن و پیاو کاربکات، یەکسانیی لەنێوان مرۆڤەکاندا لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون بێت نەک لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزیی و نەتەوەیی و ئاینی بێت.
جەختی کردەوە، دەبێت یاسایەک هەبێت بە یەکسانی و بە بنەمای مرۆڤبوون مامەڵە بکات.
لەبارەی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانەوە بەهار مونزیر وتی: ئێمە وەک ڕێکخراوەکان و داکۆکیکارانی ژنان، ژیانی خۆمان خستووەتە مەترسییەوە، ساڵانێکی زۆرە بە ژیان و ئارامی خۆمان دژی توندوتیژیی و کوشتن و شاردنەوەی کەیسەکان تێکۆشانمان کردووە.
لە کۆتایی قسەکانیشدا وتی: ئێستا لە باشووری کوردستان ژنان باسی ئازادیی و یەکسانیی و مافی خۆیان دەکەن، پێشەنگایەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەکەیان دەکەن وەک ئەوەی لە خۆپیشاندانی مامۆستایاندا بینرا، لە زۆربەی شوێنە هەستیارەکانی کۆمەڵگەدا کاردەکەن، وڵات بەڕێوەدەبەن لە ژیانی تایبەتیەوە هاتۆتە دەرەوە بۆ ژیانی گشتیی و بەڕێوەبردن، کە هەموو ئەوانە لێهاتوویی و ئازایەتی ژنی کوردە و بەرهەمی تێکۆشانی بەردەوامە.
سەرچاوە:رۆژ نیوز