63
بەرەبەری ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری کوردستان، ئەو کاتەی کە هەوەسی کوردایەتی و دەماری ناسیۆنالیزم لە خرۆشانێکی گەورەدا بوو، بە جۆرێک کە ئەگەر بتگوتبایە “پشتی چاوی نەتەوەپەرستی برۆیە”، کەس نەیدەزانی خودی هەمان ئەو خەڵکە چیت بەسەر دێنن؛ کەسان و جوڵانەوە و دەنگێکی سیاسیی جیاواز، گەنج و سەربە هێزێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتیی جیاواز پەیدا بوون، کە قودسییەتی ڕاپەڕینی میللی و خەڵکییان خستە ژێر پرسیار؛ ئەو ڕاپەڕینەی کە ئەمریکا، ناتۆ، بازاڕ و ناسیۆنالیزمی کردبووە قیبلەی خۆی.
قودسییەتی ڕاپەڕینیان بە بیانووی “زۆرینەی بەشدار” خستە ژێر پرسیار. قودسییەتی ئەو جۆرە ڕاپەڕینەیان بەو بیانووەی کە گوایە ئەوانەی تیایدا بەشدارن کرێکار و زەحمەتکێشن و بە هەر حاڵ ئازادییان دەوێت، لە زوڵمی نەتەوەیی بێزارن و دەیانەوێت لە دیکتاتۆرییەت ڕزگاریان بێت، خستە ژێر پرسیار. مەشروعییەتی ئەو ڕاپەڕینە میللی و ناسیونالیستییەیان لە گۆشەی جۆرێکی جیاوازی ئازادیخوازی و عەدالەتخوازییەوە، واتە لە گۆشەی عەدالەتخوازی و ئازادیخوازیی کرێکاری و سۆسیالیستییەوە ڕەتکردەوە.
نەک هەر زۆرینەی بەشدار و ئارەزووی زۆرینە، بەڵکو ئەوە “ئاسۆی چینایەتیی زاڵ”ی نێو ئەو بزووتنەوەیەیە کە ناوەڕۆک و سەرەنجامی ئەو ڕووداوانە دیاری دەکات. ڕاپەڕین و خرۆشانێکی میللی و ناسیونالیستی، ئەگەر تەنانەت هەموو کرێکار و زەحمەتکێشی دنیاش تیایدا بەشدار بن، ناتوانێت بەپێی لۆژیک ئازادیخواز بێت و ئازادی و خۆشبەختی و ئەو هێزانە بهێنێتە سەر دەسەڵات کە بەرژەوەندییان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەختەوەردایە.
ناکرێت جوڵانەوەی میللی و ناسیونالیستی ئازادی و خۆشبەختی بهێنێت؛ ناکرێت چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێت کە ئیرادەی هاووڵاتیان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بە ڕەسمی بناسێت؛ ناکرێت چاوەڕوانی دروستکردنی نیزامێکی ئازادی سیاسی-کۆمەڵایەتی لێ بکرێت. ناسیۆنالیزم بزووتنەوەی سیاسیی بۆرژوازییە کە بناغەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتەکەی لەسەر چەوسانەوە و کۆیلایەتیی کاری بەکرێ، و لەسەر بنەمای زەوتکردنی ئیرادەی هاووڵاتیان لە بڕیاردان لە چارەنووسی ئابووری و سیاسیی خۆیان دامەزراوە؛ بۆیە ناتوانێت ئازادیخواز بێت و ناتوانێت سەرکوتگەر و کۆنەپەرست و دژی ئازادی نەبێت.
چەند دەهە حاکمییەتی چینایەتیی بۆرژوازیی کوردایەتی و تەواوی ئەو بێمافییە سیاسی و ئابوورییە گەورەیە، و ئەو شێوە ژیانەی ئەمڕۆ، ئەگەر گەواهی شتێک بن، گەواهی ئەوەن کە تەنها جوڵانەوەی چینێک کە بەرژەوەندی لە ئازادیدایە و خۆشبەختیی هەموان بە قازانجیەتی، دەتوانێت ئازادی بهێنێت، دەتوانێت خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی بهێنێت و سەرەنجام چارەنووسی مرۆڤ و کۆمەڵگەکەی بخاتەوە دەستی مرۆڤ خۆی. جوڵانەوەی شورایی کوردستانی ئەو سەردەم، کە دواتر لە “یەکێتیی بێکاران” و ڕێکخراوەکانی ژنان و منداڵان و “حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری”دا درێژەی بە خۆی دا، یەکەم دەرکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و سۆسیالیزمی ئەو چینە بوو.
نەک هەر کۆمەڵگەی ئازاد و خۆشبەخت، بەڵکو تەنانەت سەپاندنی ژیانێکی قابیلی تەحەممولتر، لە گرەوی بوون و ئامادەیی جوڵانەوەی سۆسیالیستیی کرێکاری و ڕابەرانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستیی کرێکاری و جوڵانەوەیەکی شورایی کرێکاریدایە کە ئامادە بێت کۆمەڵگە بە دەستەوە بگرێت. بە مانایەکی تر، لە گرەوی بوونی ڕیزێکی سیاسیی سۆسیالیستیی کرێکاری و حیزبێکی سیاسی و جەمسەرێکی سیاسیی چەپ و کرێکاریدایە، کە لە جەنگی نان و ئازادی و سەرەنجام لە شەڕی دەسەڵاتی سیاسیدا، لە هەموو سەنگەرەکاندا تەواوی عەدالەتخوازیی کۆمەڵگە نوێنەرایەتی بکات.
دەرسی پڕ بایەخی ئەم سی ساڵە ئەوەیە: کە تەنها ئەم ڕیزە چینایەتییە سەربەخۆیە دەتوانێت جوڵانەوەی عەدالەتخوازیی ئێستا و جوڵانەوەی داواکردنی ئازادی و ژیانێکی باشتر، لە “جوڵانەوەی فشار” و لە زنجیری جوڵانەوە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی چینی دارا و حاکمی ئەمڕۆ ڕزگار بکات، و بیگۆڕێت بۆ جوڵانەوەیەکی گەورەی جێگەی باوەڕ لە پێناو گرتنەدەستی کۆمەڵگە و چارەنووسی خۆی.
ئیبراهیم حسێن